رۆژنامەیەك: بۆڵتن پاڵ بە ئێرانەوە دەنێت بۆ تەقاندنی یەكەم فیشەك

:: PM:06:16:08/05/2019 ‌

وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی بە عێراقمان راگەیاندووە بە گرنگی مسۆگەركردنی ئاسایشی هێز و بەرژەوەندی بنكە سەربازییەكانمان لەسەر خاكەكەی و دابینكردنی ئاسایشی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە لە بەغدا، بەڵام ئەو پارێزییە لە رێگەی رەوانەكردنی چەكی پێشكەوتوو بۆ ناوچەكە بەهێزتر دەكەین كە رەنگە پێویستمان پێیان بێت. ئەوە دوا لێدوای وەزارەتی بەرگری ئەمەریكایە.

ئەمڕۆ دوای چەند سەعاتێك لە رۆیشتنی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە عێراق دوای سەردانە كتوپڕەكەی، پنتاگۆن رەوانەكردنی چوار بۆمبهاوێژی ئەتۆمی راگەیاند كە توانای بۆردومانكاریان زۆرە بۆ هەر هەڕەشەیەك بۆ هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیا لە پێداچوونەوەی تەواو و ئەنجامدانی پرۆسەی رووپێوی بە مانگی دەستكرد بۆ دەوروبەری بنكە سەربازییەكانی.

هەموو ئەوانە دووپاتی دەكەنەوە كە بڕیاری ئاراستەكردنی گورزێك بۆ ناچاركردنی ئێران بە وەستاندنی هەناردنی نەوتەكەی بۆ مسۆگەری كاریگەری سزاكانی سەری، بەكردەنی وەرگیراوە، ئەوەش دەقی ئاماژەكەی شۆن رۆبەرتسن گوتەبێژ بەناوی پنتاگۆنە كە ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، ئەو ئامادەسازییە سەربازیانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیكەین، لەگەڵ قۆناغی ئێستە و داهاتوودا دەگونجێت.

رەوانەكردنی ئەو هێزە گورزوەشێنەی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەتەی رووخانی سەدام حوسێنەوە رووی نەداوە، ئەمەریكا سەرەتا بە رەوانەكردنی فڕۆكە هەڵگری "یو ئێس ئێس ئیبراهام لینكۆڵن"ی لەگەڵ كۆمەڵە كەشتییەكی پێشكەوتووی سەربازی جیاجیا بۆ كەنداو دەست پێ كرد، ئەمڕۆش ئەو بۆمبوەشێنانەی رەوانە كرد لە جۆری "بی 52" كە دەتوانن لە دوورترین خاڵ و بێ ئاشكرابوونیان لەلایەن رادارەكانەوە ئامانجەكانیان بپێكن، جیا لە دەستنیشانكردنی چەندان ئامانجی گریمانكراوی واشنتن لە ئێران و ئەو وڵاتانەشی دەسەڵاتی ئەو ئێرانیان تیادایە وەك عێراق و لبنان. 

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكایی لەو بارەوە دەڵێت، هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئامانجەكانی ئەمەریكا و هێزەكانی لە عێراق و سووریا و یەمەن لە رێگەی گرووپە چەكدارەكانی پاڵپشتیان لێ دەكات هەبووە، جیا لە هەوڵەكانی بۆ كردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە كەنداو بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان. هەروەها هەڕەشەكان ئەنجامدانی هێرشی رێكخراو لە گەڕووی بابولمەندەب لە باشووری رۆژئاوای یەمەن دەگرێتەوە. 

دوێنێ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەردانێكی كتوپڕی بۆ عێراق ئەنجام دا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا گوتی، پێویستە عێراق بەپەلە كار بۆ ئەوە بكات كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران بخاتە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ مسۆگەركردنی ئاسایشی ئەمەریكاییەكان لە عێراق، بۆیە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی ئاسایشی ئەمەریكاییەكانمان لە عێراق و مەترسییەكانی واشنتن لە زیادبوونی چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكە كردووە.

ئەو سەردانەی پۆمپیۆ دوای دوو رۆژ دێت لە قسەكانی جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لەبارەی بڵاوكردنەوەی گرووپی فڕۆكە هەڵگری "ئیبراهام لینكۆڵن" و چەندان بۆمهاوێژ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش بەهۆی بوونی مەترسی راستەقینەی ئێران.

پۆمپیۆ زیاتر گوتی، نامانەوێت هیچ لایەنێك دەست لە كاروباری عێراق وەربدات، بێگومان ئەوەش لە رێگەی هێرشكردن بۆ سەر دەوڵەتی تر لە رێگەی خاكی عێراقەوە، بەدووری زانی كە مەترسی ئێران بۆ سەر حكوومەتی بەغداوە هەبێت بەهۆی مەترسی ئەمەریكا لەسەر بەرژەوەندییەكانی یان لە سەروەری عێراق. دووپاتی كردەوە كە واشنتن دەیەوێت بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی بكات لە هەڕەشەكانی ئێران و ئەوە مسۆگەر بكات كە هێزی پێویستی لە ناوچەكە هەیە بۆ پێكانی ئەو ئامانجە، بۆیە هێز رەوانەی ناوچەكە دەكات.

پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە، ئەو پەیامەی بە ئێرانمان داوە مسۆگەری ئەوە دەكات كە دووجار بیر بكاتەوە بەر لەوەی هێرش بكاتە سەر ئامانجەكانی ئەمەریكا، بەتایبەتی كە زانیاری لای هەواڵگری ئەمەریكا هەیە بە نیازی ئەنجامدانی هێرش لەكاتێكی نزیكدا.

ماكس بۆت نووسەر و شرۆڤەكاری ئەمەریكایی لە وتارێكی لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكایی دەڵێت، بۆڵتن رەنگە پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بۆ تەقاندنی یەكەم فیشەكی دەست پێكردنی جەنگ، چونكە ئەو هەستێكی بەهێزی نەیاری بۆ ئێرانی لای ئیدارەی دەناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دروست كردووە، كاتێك رۆڵی گەورەی هەبوو لە پاڵنان بە واشنتن بۆ مامەڵەكردنی توند لەگەڵ ئێران، جیا لە بوونی تۆمارێكی دوورودرێژ لە بەرگریكردن لەهەر كارێكی سەربازیانە لەدژی ئێران و ساڵی رابردووش داوای بەكارهێنانی هێزی سەربازی لەدژی ئێران كرد. 

بۆڵتن لە ساڵوەگەڕی 40مینی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا سەرانی ئێرانی وریا كردەوە كە رەنگە ئەو بۆنانەتان ئەوەندە نەمابن كە ئاهەنگی تیادا بگێڕن، وەك نووسەر دەڵێت، سەرۆك ترەمپ بیرۆكەكانی بۆڵتن لەدژی ئێران زۆر قبووڵ دەكات هەر لە پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی ئەتۆمی و توندكردنی سزاكانی سەر ئێران و لابردنی بەخشینی ئەو وڵاتانەی مامەڵەی لەگەڵ نەوتی ئێران دەكەن، هەروەها پۆلێنكردنی سوپای پاسداران وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی.

وەك ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت، دوای بڕیارەكەی ترەمپ بە پاشەكشەكردن لە سووریا و دواتر پاشگەزبوونەوەی و هێشتنەوەی بەشێك لە هێزەكانی، بۆڵتن رای گەیان كە توانوویەتی سەرۆك ترەمپ پاشگەز بكاتەوە، بەڵام تا ئێستە ترەمپ نەیگەیاندووەتە ئامانجەكەی بۆڵتن و ئەوەی دەیەوێت، نووسەر دووپاتی دەكاتەوە كە راستییەكەی سەرۆك ترەمپ زۆر دوودڵە، زیاتر لە جۆرج بۆش، بۆ چوونە ناو جەنگێك لە كەنداودا، بۆیە رەنگە بۆڵتن ئێران دەمارگیر بكات بۆ تەقاندنی یەكەم فیشەك و ئەنجامدانی یەكەم لێدان، بەوەش رەنگە هەموومان بخاتە ناو جەنگێكی گەورەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل