رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی وردەكاری دەستەوارەی سەتە ئاشكرا دەكات

:: PM:08:15:08/05/2019 ‌

گارید كۆشنەر گەورە راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و زاواكەی ئاماژە دەكات كە پلانەكەی بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە خاڵێكی دەستپێكی باش بۆ چارەسەركردنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و كێشە سیاسییەكانی تر لە ناوچەكەدا، ئاماژەی كرد كە پلانی "دەستەوارەی سەتە"، چوارچێوەیەكی كاری كردەنییە و مایەی جێبەجێكردنە و یارمەتی هەردوولا دەدات بۆ ژیانێكی باشتر، ئەوەش دوای ئەوەی بەمدواییە رای گەیاند كە دوای مانگی رەمەزان دەست بە جێبەجێكردنی ئەو پلانە دەكەن.

كۆشنەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نزیك گوتی، ئەو پلانەی ئاشتییە دەبێتە بەڵگەنامەیەكی قووڵ و كردەنی و دەستپێكێك بۆ چارەسەری سیاسیانە فەراهەم دەكات و دەبێتە بنەمایەك بۆ گەشەی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەو كاتەی كۆشنەر دوو ساڵە خەریكی ئامادەكردنی پلانەكەیە.

وەك رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی دەقی پلانەكە كە لە بەڵگەنامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلی وەرگیراوە لەبارەی دەستەوارەی سەتەی ئەمەریكا بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین ئاشكرا دەكات، كە تا ئێستە هیچ لایەنێكی فەرمی ئیسرائیلی یان ئەمەریكی یان فەڵەستینی پشتراستی ئەو بڕگە ئاشكراوانەی ناو بەڵگەنامەكەیان نەكردووەتەوە كە رۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی" نزیك لە بنیامین نەتنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە. 

پێشبینی دەكرێت لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەمەریكا بڕگە و ناوەڕۆكی پلانەكەی بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا بكات، رۆژنامە ئیسرائیلییەكە دەڵێت كە پلانەكە چەندان خاڵی سەرەكی وەك لە خوارەوە هاتووە لەخۆ دەگرێت.

یەكەم/ رێككەوتن، بەپێی دەستەوارەكە رێككەوتننێكی سێقۆڵی لە نێوان ئیسرائیل و رێكخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین و بزووتنەوەی حەماس واژوو دەكرێت و دەوڵەتێكی فەڵەستینی بەناوی "فەڵەستینی نوێ" لە ناوچەكانی یەهووزا و سامرە (بەری رۆژئاوا) و غەزە، چیا لە كۆمەڵگاكانی ئیسرائیل نشین لە بەرەی رۆژئاوا.

دووەم/ چۆڵكردنی خاك، ناوچەكانی كۆمەڵگانیشینەكان لە بەری رۆژئاوا وەك ئێستە بەدەستی ئیسرائیلەوە دەمێننەوە و كۆمەڵگاكانی جیاكراوەشیان دەخرێتە سەر، بۆیە ئەو ناوچانە فرەوان دەكرێت و یەك دەخرێتەوە.

سێیەم/ قودس، شارەكە دابەش ناكرێت، بەڵكو وەك پایەتەختی هەردوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەڵەستین نوێ دەمێنێتەوە و دانیشتوانی عەرەبی شارەكە دەبنە دانیشتوانی دەوڵەتی فەڵەستینی نوێ و شارەوانی قودس سەر بە ئیسرائیل بەرپرس دەبێت لە هەموو ناوچەكانی شارەكە جیا لە ناوچەی فێركردن نەبێت، كە دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی نوێی فەڵەستین، هەروەها باج و پارەی ئاو لەلایەن دەسەڵاتی نوێی فەڵەستینەوە دەدرێتە شارەوانی قودس. ئیسرائیلییەكان بۆیان نییە خانووی عەرەب بكڕن و عەرەبەكانیش بەهەمان شێوە، هەروەها ناوچەی تر ناخرێتە سەر قودس و ناوچە پیرۆزەكانیش وەك ئێستە دەمێننەوە. 

چوارەم/ كەرتی غەزە، میسر خاكی زیاتر بەكرێ دەداتە فەڵەستینی نوێ بەمەبەستی دروستكردنی فڕۆكەخانەیەك و دامەزراندنی كارگە و شوێنی بازرگانی و كشتوكاڵی، بێ رێگەدان بۆ كردنی بە شوێنی نیشتەجێبوون، بۆیە رووبەری ئەو ناوچانە و نرخی بەكرێچوونیان لە نێوان هەردوولا و بە میانگیری وڵاتانی پاڵپشت یەكلا دەكرێتەوە.

پێنجەم/ وڵاتانی پاڵپشت، ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی دارایی جێبەجێكردنی رێككەوتننەكە دەكەن بریتین لە ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی كەنداو لە بەرهەمهێنەرانی نەوت كە ئەوان بڕی 30 ملیار دۆلار لە ماوەی پێنج ساڵ بۆ پڕۆژەكانی نیشتیمانی لە فەڵەستینی نوێ دابین دەكەن، بەو شێوەیە، ئەمەریكا 20% و ئەوروپا 10% و وڵاتانی كەنداو 70%.

شەشەم/ سوپا، فەڵەستینی نوێ خاوەن سوپا نابێت و ئەو چەكەشی دەیبێت بریتییە لەو چەكە سووكەی بەدەست پۆلیسەوەیە، هەروەها رێككەوتنێكی بەرگری لە نێوان هەردوو دەوڵەت واژوو دەكرێت كە تیایدا ئیسرائیل مسۆگەری پاراستنی فەڵەستینی نوێ دەكات لە هەر دوژمنكارییەكی دەرەكی و ئەویش لەبری ئەوەوە پارەی پێ دەدات و پارەكەش بەگفتوگۆی هەردوولا دیاری دەكرێت.  

حەوتەم/ خشتەی كاتی و قۆناغەكانی جێبەجێكردن، لەكاتی واژووكردنی رێككەوتننەكە، حەماس هەموو چەكەكانی بە چەكی كەسییەوەش لای میسرییەكان دادەنێت، هەروەها ئەندامانی بزووتنەوەكە لەوانەش سەركردەكان تا كاتی دامەزراندنی حكوومەتی نوێ مووچە لە وڵاتانی پاڵپشت وەردەگرن.

سنوورەكانی دەوڵەتی نوێ كراوە دەبێت بۆ تێپەڕبوونی كاڵا و كرێكاری بەرەو ئیسرائیل و میسڕ وەك ئێستە و لە رێگەی دەریاییشەوە، لە ماوەی ساڵێكدا هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانە ئەنجام دەدرێت و حكوومەتی نوێی فەڵەستین دادەمەزرێت، ئەوكات هەموو هاووڵاتییەكی فەڵەستین مافی خۆكاندیدكردنی دەبێت.

دوای ساڵێك لە پێكهێنانی حكوومەتی فەڵەستینی، لە ماوەی سێ ساڵی دوای ئەوە گیراوانی فەڵەستینی بە هەنگاو ئازاد دەكرێن، لە ماوەی پێنج ساڵیش بەندەرێكی دەریایی و فڕۆكەخانەیەك لە فەڵەستین بنیات دەنرێن و تا ئەوساتە پشت بە فڕۆكەخانە و بەندەرەكانی ئیسرائیل دەبەسترێت، سنوورەكانی نێوان هەردوو دەوڵەت كراوە دەبێت لەبەردەم تێپەڕبوونی هاووڵاتی و كاڵاكان وەك دوو دەوڵەتی دراوسێ. هەروەها رێگەیەكی خێرا لە بەرزایی 30 مەتر لە نێوان كەرتی غەزە و بەری رۆژئاوا دروست دەكرێت.

هەشتەم/ ناوچەی بانی ئوردن بەدەستی ئیسرائیل دەمێنێتەوە وەك ئێستە و رێگەی 90 دەكرێتە رێگەیەكی چوار جادەیی و ئیسرائیل كەمكردنەوەی تێچووی فرەوانكردنی رێگەكە دەكات و دوو لەو رێگەیە دەدرێتە فەلەستین بەرەو ئوردن و دەكەونە ژێر دەسەڵاتی.

نۆیەم/ بەرپرسیارەتی، ئەگەر هەریەك لە حەماس و رێكخراوی رزگاریخوازی فەڵەستینی ناڕازی بن بەو رێككەوتننە، ئەوكات ئەمەریكا هەموو پاڵپشتییەكانی دارایی بۆ فەڵەستینییەكان دەوەستێنێت و رێگەش لە هەر دەوڵەتێك لە دنیا دەگرێت بۆ ئەوكارە، بەڵام ئەگەر رێكخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین رازی بێت و حەماس و جیهادی ئیسلامی رەتی بكەنەوە، بەرپرسیارەتییەكە دەخرێتە ئەستۆی سەرانیان لە هەڵگیرساندنی گەڕێكی تری توندوتیژی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئەمەریكاش پاڵپشتی ئیسرائیل دەكات لە زیانگەیاندن بە سەركردەكانی ئەو دوو رێكخراوە، ئەگەر ئیسرائیلیش رازی نەبوو بە رێككەوتننەكەوە، ئەوكات پاڵپشتی ئابووری بۆ ئیسرائیل دەوەستێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل