سۆران.. نەخۆشانی تالاسیما بۆ چارەسەری زیاتر دەبێت روو لە هەولێر بكەن

:: PM:11:29:08/05/2019 ‌

لە سەنتەری سۆران و دەورووبەری دەیان منداڵی تووشبوو بە نەخۆشی تالاسیما هەن كە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، ئەوان بە ناچاری روو لە شاری هەولێر دەكەن, پزیشكێكیش ئاماژە دەكات كە لە سۆران تەنیا دەتوانن خوێنیان پێ بدرێت. 

ئەمڕۆ 8ی ئایار بە رۆژی جیهانی نەخۆشی تاڵاسیما دادەندرێت و لەو رۆژەدا, لە هەرێمی كوردستان  بە بەخشینی خوێن و چاڵاكی جۆراوجۆر رۆژەكە بەرز رادەگیرێت، عەكاش سدیق هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی "شیوان"ی سەر بە شارۆكەی سۆرانە و برای یەكێك لە تووشبووانی نەخۆشی تالاسیمایە بۆ "وشە" گوتی، براكەم لە منداڵییەوە تووشی نەخۆشیەكە هاتووە و ئێستەش تەمەنی 18 ساڵانە، بۆیە بە بەردەوام سەردانی نەخۆشخانە دەكەین بە مەبەستی وەرگرتنی خوێن و چارەسەرییەكانی تر. 

زیاتر گوتی، لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و مناڵانی سۆران تەنیا خوێنیان پێشكەش دەكرد، بەڵام ماوەی چەند مانگێكە خوێنیش كەم بووە، بۆیە ئێستە ناچارین بۆ وەرگرتنی خوێن و پشكنینەكانی تر بە دووری سەتان كیلۆمەتر روو لە هەولێر بكەین، كە ئەمەش بارگرانی زۆر بۆ ئێمە دروست كردووە، بۆیە بەداخەوە حكومەت و وەزارەتی تەندروستی نەیانتوانیوە بەشێكی تایبەت بە تەواوی پێداویستییەكانەوە لە سۆران بكەنەوە.

سدیق روونی كردەوە، پێویستە هەموو مانگێك براكەم ببەینە هەولێر بۆ وەرگرتنی چارەسەر و خوێنی پێویست، ئەگەر لەكاتی خۆشی نەگەینە ئەوێ، رەنگی سپی هەڵدەگەڕێت و توانای رۆیشتن و خواردنی نامێنێت.

د كاوە محەمەد پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، تالاسیما یەكێكە لەو نەخۆشییە درێژخایەنانە كە بەهۆی بۆماوەییەوە لە خوێنەوە مرۆڤ تووشی دەبێت، توشبووانی ئەم نەخۆشییە ژمارەی خڕۆكە سورەكانیان كەمدەكات لەگەڵ كەمی مادەی هیمۆگڵۆبین، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمخوێنی. روونی كردەوە، مادەی هیمۆگڵۆبین لەناو خڕۆكە سوورەكانی خوێندایە و بەرپرسە لە گواستنەوەی ئۆكسجین بەناو لەشدا و بەپێی توندیش نەخۆشییەكە دوو جۆرە.

ئەو پزیشكە روونی دەكاتەوە كە لەنێو نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران بەشێك هەیە بۆ پێدانی خوێن بەوانەی هەڵگر و تووشبووی تاڵاسیمان, بەڵام بۆ چارەسەری زیاتر و پشكنینەكان دەبێت روو لە نەخۆشخانەی تالاسیمای هەولێر بكەن.
 
دەبێت پشكنینی ئاسن و موخ و چەند پشكنینیكی تر بۆ نەخۆشانی تالاسیما لەماوەی دوو مانگ جارێك بكرێت و لێرە ئەو جۆرە پشكنینانە ناكرێت، هەرچەندە بارگرانی و گرفتە بۆ هاووڵاتییانیش، بەڵام لە سۆران هەموو پشكنینێك ناكرێت بۆ پێدانی دەرمان و دەرزیش نەخۆشانی تالاسیما دەبێ بچنە هەولێر، ئەو پسپۆڕەی نەخۆشانەی مناڵان وای گوت. 

ئەو پزیشكە نیشانەكانی نەخۆشی تالاسیما روون دەكاتەوە بەوەی كەسی تووشبوو زۆر هیلاك و بێهێز دەبێت، تێكچوونی ڕەنگ و زەرد هەڵگەڕانی پێست، گەشەی ئێسكەكانی دەموچاو بە شێوەیەكی ناسروشتی و لاوازیی گەشە و ئاوسانی سك و تیربوونی رەنگی میز.

زیاتر روونی كردەوە، نەخۆشی تالاسیما دوو جۆری هەیە, بچووك و گەورە, جۆری بچووكی تەنیا بە چاودێری و لە ریگەی حەب و دەرمان چارەسەر دەكرێت, بەڵام جۆرە گەورەكەی تەنیا لە رێگەی نەشتەرگەری گۆڕینی مۆخی ئێسك دەكرێت و ئەمەش لە دەرەوەی وڵات دەكرێت و لە ماوەی رابردوو حكوومەتی هەرێم ژمارەیەك تووشبووی تاڵاسیمای رەوانەی ئیتاڵیا كرد و بەسەركەوتووی نەشتەرگەریان بۆ كرا، هاوكات چۆنیەت چارەسەركردنی نەخۆشی تالاسیما بریتییە لە پێدانی خوێن و مۆخی ئێسك و چارەسەری دەرمانی و نەشتەرگەری لابردنی سپڵ و زراو.

بەپێی ئەو ئامارەی لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و مناڵانی سۆران دەست "وشە" كەوتووە، 39 مناڵ تووشبووی نەخۆشی تاڵاسیا لە سنووری هەر چوار شارۆكەی دەڤەری سۆران هەن و لە نەخۆشخانەی مناڵانی سۆران خوێنیان پێدەدرێت.

سۆران/ موڕشید برادۆستی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل