دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا واژووی لەسەر فەرمانێكی جێبەجێكردن كرد بۆ سەپاندنی سزای نوێ بۆ سەر ئێران كە هەناردنی ئەو وڵاتە لە ئەلەمنیۆم و مس و پۆڵا دەگرێتەوە و ئەو كەسانە دەكاتە ئامانج كە پێوەندیدارن بە كەرتی پیشەسازی كانزاكانی ئێران.
ترەمپ لە بەیاننامەیەكدا روونی كردەوە كە ئامانجی واشنتن بێبەشكردنی حكوومەتی ئێرانە لە داهاتی كانزاكان كە دەكرێت بۆ پاڵپشتیكردنی بڵاوكردنەوەی چەكی كۆمەڵكوژ و تیرۆر و فرەوانخوازی سەربازی و دوژمنكارانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكار بهێنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم كۆشكی سپی رای گەیاند كە سەرۆك ترەمپ لە هەڵوێستەكانی لەبارەی ئێرانەوە جێگیرە، هاوكات سارە ساندرز گوتەبێژی كۆشكی سپی بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، واشنتن نیازی چوونە ناو جەنگی لەگەڵ ئێراندا نییە.
ئەمڕۆ ئێران رای گەیاند كە لە بەشێك لە پابەندییەكانی بە رێككەوتننی ئەتۆمی لە 2015 كشاوەتەوە و هەڕەشەی زیاتریشی كرد، ئەگەر هێزەكانی دنیا لە كاریگەری سزاكانی ئەمەریكا نەیپارێزن.
لای خۆیەوە گەورە بەرپرسێكی ئەمەریكا ئاماژەی كرد كە واشنتن بەنیازە سزای زیاتر بخاتە سەر ئێران لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا، تیم مۆریسۆن یاریدەری تایبەتی ترەمپ و گەورە بەرپرسی كاروباری چەكی كۆمەڵكوژ و بەرگری بایۆلۆجی گوتی، هێشتا لە سزاكانی سەر ئێران بەكۆتا نەهاتووین و لە ماوەیەكی زۆر نزیك پێشبینی سەپاندنی سزای زیاتر بكەن.