بڕی گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی هەرێم زیاد دەكرێت

:: AM:12:07:09/05/2019 ‌

بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت كە بڕیارێك هەیە بەوەی بڕی گەنمی وەرگیراو بۆ ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە زیاتر بكرێت و پشكی هەرێم لەوەی ئێستە كە دیاری كراوە زیاتر وەربگیرێت و هیوادارین بە فەرمی بڕیاری لەسەر بدرێت.

بەغداد بۆ ئەمساڵ بڕیاری داوە بڕی 340 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت و ئەوەش دابەش كراوە بەسەر هەر سێ پارێزگای هەرێم، ئەو بڕە گەنمەش بە بەراورد بە بەرهەمی گەنمی هەرێمی كوردستان زۆر كەمە.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارێك هەیە كە بەشە گەنمی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ، لەو بڕەی كە دیاری كراوە زیاد بكرێت و بەشێكی تر لە بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.

زیاتر گوتی، تا ئێستە بڕیارەكەمان بە دەست نەگەیشتووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان بڕی 140 هەزار تۆن گەنمی تر بۆ پشكی هەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت لە سەرووی ئەو 340 هەزارەی دیاری كرابوو و پارەكەشی تەرخان كراوە، بۆیە لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان، ئومێدەوارین بڕیارە بە فەرمی بە دەستمان بگات و بەشێكی تر لە گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.

زیاتر گوتی، ئەگەر ئەو بڕە زیاد كرا بۆ هەرێم، لەو بڕە 65 هەزار تۆن بۆ سلێمانی و 50 هەزار تۆن بۆ هەولێر و 30 هەزار تۆنیشی بۆ دهۆك دەبێت.

شایەنی باسە بەغدا بڕیاری داوە بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ كە لە هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت، بڕی 500 ملیار دینار تەرخان بكات و لە كاتی وەرگرتنی گەنمەكەدا تەواوی پارەكە ڕەوانەی هەرێم بكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل