فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای نەینەوا رای گەیاند كە سوپای عێراق دانیشتوانی 50 گەند لە ناوچە دوورەدەستەكانی سنووری پارێزگای نەینەوا چەكدار دەكات بۆ پاراستنی خۆیان لە گرووپ و باندە تیرۆریستییەكان.
لیوا نەجم جبووری ئەمڕۆ پێنجشەم لە نووسراوێكی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك گوتی، كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی سەرۆك هۆزەكانی گوندە دوورەدەستەكانی پارێزگای نەینەوا ساز كراوە و سوپا سالاری عێراق رێنوێنی داوە بە چەكداركردنی خەڵكی 50 گوندی دوورەدەست بۆ پارێزگاریكردن لەخۆیان لەدژی هێرشە تیرۆریستییەكان لەلایەن گرووپە بچووكەكانەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم قاسم ڕەحیم ئەندامی دەستەی ئەنجوومەنی گوندەكانی مووسڵ ڕای گەیاند كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندی غەوارە لە باكوری شاری مووسڵ و سەرجەم ئەندامانی خێزانێكیان سەربڕیوە كە شەش كەس بوونە و ئەوان بریتی بوون لە سەرۆكی ئەنجوومەنی گوندەكە و خێزانەكەی.
زیاتر گوتی، هێرشەكە سەعات دووی بەرەبەیان بووە و ژمارەی چەكدارانی داعش زیاتر لە 50 تیرۆریست بوون، دواتر تیرۆریستان بەرەو شوێنێكی نادیار رۆیشتوون، دانیشتووانی گوندەكەش لە ترسان گوندەكەیان چۆڵ كردووە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەم مەحما خەلیل قایمقامی شنگال لە ڕاگەیەنراوێكدا گوتی، لە هەردوو گوندی كوبل و جەری لەبەردەم چاوی سەربازانی سوپای عێراق، تیرۆریستان هێرشیان كردە سەر جووتیارانی ئێزیدی و بیری ئیرتیوازی ئاوی پاكی ئەو گوندانەیان تەقاندەوە و بە تەواوی تێكیان ڕووخاند.