كاندیدی ئۆپۆزسیۆنی توركیا: شۆڕشێك لەپێناو دیموكراسی بەرپا دەكەم

:: PM:04:52:09/05/2019 ‌

دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبووڵ، ئەكرەم ئیمامئۆغڵۆ كاندیدی براوەی هەڵبژاردنەكە لەسەر ئۆپۆزسیۆن رای گەیاند كە شۆڕشێك لەپێناو دیموكراسی لە توركیا بەرپا دەكات.

پێش سێ رۆژ دەستەی هەڵبژاردنەكانی توركیا ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبووڵی هەڵوەشاندەوە كە لە 31 ئازاری رابردوو بەڕێوە چوو و تیایدا ئەكرەم ئیمامئۆغڵۆ كانیدیدی ئۆپۆزسیۆن بە جیاوازی 14 هەزار دەنگ پێش بناڵی یەڵدریم كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان بەسەرۆكایەتی رەجەب تەسی ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كەوتەوە و بووە سەرۆكی ئارەوانی شارەكە، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ئیستەنبووڵ، بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی نوێ بكرێت.

ئیمامئۆغڵۆ بە "فرانس پرێس"ی راگەیاند كە ئەوەی ئێستە دەیكەین خۆسازدان و جەنگێكە لەپێناو دیموكراسیەت، بۆیە دەبێتە شۆرشێك كە تا كۆتاییەكەین ئەنجامی دەدەین،  زیاتر گوتی، حەوت ئەندامی دەستەی هەڵبژاردن دەبنە مۆرێكی شەرمەزاری لە مێژوودا، بەڵام راستكردنەوەی دۆخەكە ئەركی ئێمەیە و لە جەنگەكە بەردەوام دەبین. 

ئەمڕۆ هەر یەك لە ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا و عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشووی ئەو وڵاتە كە دوو كەسایەتی ناسراوی گۆڕەپانی سیاسیی توركیان، رەخنەیان لە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ گرت و گوتیان كە زیان بە توركیا دەگەیەنێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل