عێراق رووبەڕووی تەنگژەی میلیشیا شیعەكان دەبێتەوە

:: PM:04:56:09/05/2019 ‌

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكایی تیشك دەخاتە سەر میلیشیا شیعەكانی عێراق لەوانەی ئێران بۆ بەرژەوەندی خۆی پاڵپشتیان لێ دەكات و دەڵێت، ئەوانە ئێستە بوونەتە تەنگژە، بەتایبەتی دوای بوونی چەندان راپۆرت كە ئاماژە بۆ بوونی نیاز لای ئێران بۆ بەكارهێنانیان لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكەن.

رۆژنامەكە زیاتر دەڵێت، ئەو میلیشیا چەكداریانە كە پێوەندییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئێران هەیە، لە هەموو پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، بۆیە بەو بوونەیان بوونەتە كێشەیەكی گەورە بۆ عێراق و حكوومەتەكەی.

ئەنتۆنی كوردسمان شرۆڤەكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی لەبارەی ئەو میلیشیایانەوە دەڵێت، ئەوان بریكاری ئێرانن، واتە ئامرازێكن بەدەستی ئێرانەو، كەچی ئەو قسە وا نییە، چونكە چەند گرووپێكی حەشدی شەعبی هەن سوننەن و هەندێكیشیان سەر بە حكوومەتی عێراقن و بەشێكیان پێوەندیان بە فەیلەقی قودسی ئێران و سوپای پاسدارانەوە هەیە، بۆیە ناكرێت بگوترێت كە هەموویان سەر بە ئێرانن.

راستییەكەی ئەو میلیشیایانە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە دانیان پێوە نراوە و ئەو پاڵپشتی داراییان دەكات، ئێستە زیاتر لە 30 گرووپی حەشدی شەعبی هەن كە ژمارەیان دەگاتە 125 هەزار چەكدار و پێوەندی ئەوان بە ئێران جیاوازە، شارەزایان لە بەغدا و واشنتن پێیان وایە كە بەشێكیان پێوەندی قووڵیان بەتارانەوە هەیە و بەشێكیشیان پێوەندیان نییە.

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە جەنگی نەهێشتنی داعش رۆڵیان هەبوو، بەڵام دوای نەمانی سەربازیانەی داعش، ئێستە بوونەتە بارگرانییەكی گەورە بۆ سەر حكوومەتی عێراق كە ناچار بووە بیانخاتە سەر هێزە تەناهییەكانەوە و یاسایەكی تایبەت بۆ بوونیان دەربكات، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستە سەر بە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی عێراق نین و دۆخێكی بوونی یاسایی تایبەتیان بۆ فەراهەم كراوە.  

بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی رۆڵی ئاسایی دەگێڕن و بێ كێشەن و هەمان ئەركی پۆلیس لەو ناوچانە دەبینن كە خزمەتگوزارییە تەناهییەكان وەك پێویست نییە، بەڵام بەشەكەی تریان گەندەڵن و بەهاوشێوەی مافیا كار دەكەن و زۆرێك لەوان بە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤەوە تاوانبار كراون، هاوكات سەرەڕای چەندان راپۆرت لەو بارەوە كە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق رەوانە كراوە، بەڵام كەس بۆی نییە رێگریان لێ بكات.

ئێستە سەرانی سیاسی عێراق ترسیان لەوە هەیە كە بەشێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمەریكاوە بخرێنە لیستی تیرۆرەوە بەهۆی بوونی پێوەندیان بە سوپای پاسدارانەوە، بەتایبەتی بەشێك لە سەركردەكانیان بوونەتە ئەندامی دیار لە حكوومەتی عێراق. كاتێك چوار بۆ پێنج گرووپی حەشدی شەعبی هەن ئەركی سەربازی وا ئەنجام دەدەن لە دەرەوەی ئەركەكانی پێیان راسپێردرراوە، جیا لەوەی بەرپرسن لە دۆسیەكانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن و پارە لە كارساز و بازرگانان دەستێنن لە بەرانبەر پاراستنیان.

زۆرێك لەو گرووپانە نوێنەریان لە پەرلەمانی عێراق هەیە و دەتوانن گوشار دروست بكەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ئێران، رۆژنامە ئەمەریكاییەكە ئاماژە دەكات كە زۆرێك لە گەورە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق بەهۆی بوونی پێوەندی ئەو گرووپانەوە بە ئێران، هەست بە نیگەرانییەكی گەورە دەكەن، بەڵام زۆریان رەتی دەكەنەوە كە بەئاشكرا قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەن، وەزارەتی بەرگری عێراق لای خۆیەوە رەتكردنەوەی خۆی راگەیاند بۆ بەشداریكردنی چەند گرووپێكی حەشدی شەعبی لە جەنگی سووریا، بەڵام وەزارەتەكە گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە ناكرێت رووبەروویان ببێتەوە. بۆیە دوای ماوەیەكی كەم وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بزووتنەوەی نوجەبا كە گرووپێكی حەشدی شەعبییە خستییە ناو لیستی تیرۆر، لەوكاتەی حكوومەتی عێراق رەتی كردەوە كە ناوی هیچ گرووپێكی حەشدی شەعبی بخاتە ناو لیستی تیرۆر، بێ ناوهێنانی بزووتنەوەی نوجەبا.

واسق هاشمی شارەزا و شرۆڤەكاری سیاسی لە گرووپی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی عێراقی دەڵێت، گرووپەكانی حەشدی شەعبی زۆر شتیان پێشكەش كردووە لەپێناو رزگاركردنی عێراق لە چنگی داعش، بەڵام وەك رۆژنامەكە دەڵێت، ئەوان دوای رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش چەندان كاری نایاساییان ئەنجام داوە، بێ ئەوەی هیچ سوودێكیان بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە هەبێت و تەنانەت دەستیان كردووە بە بەقاچاغبردنی نەوتی ئەو ناوچانە.

لە دوای 2003 دوو لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی بەشداریان كردووە لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لەوانە "عەسائیب ئەهلولحەق" كە قەیس خزعەلی سەركردایەتی دەكات و ئەمەریكا بە پلاندانەی هێرشكردنە سەر هێزەكانی لە كەربەلا لە 2007 تۆمەتباری دەكات و بەم دواییەش هەمان گرووپ لەیەن كۆمەڵەكانی پاراستنی مافی مرۆڤەوە بە ئەنجامدانی كاری كوشتن لە دەرەوەی دادگا و یاسا و ئەنجامدانی كاری بازرگانی نایاسایی تۆمەتباریان كرد. بۆیە زۆرێك لە سیاسەتوانانی عێراق لەوانەی دەیانەوێت عێراق بنیات بنێن و بژێوی خەڵك باشتر بكەن، ئەوان هەست بە گوشاری ئێران لە رێگەی ئەو میلیشیایانەوە دەكەن و ئەوەش كێشە و رووبەڕووبوونێكی گەورەیە لەبەردەمیان.  

سێشەمی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەردانێكی كتوپڕی بۆ عێراق ئەنجام دا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا گوتی، پێویستە عێراق بەپەلە كار بۆ ئەوە بكات كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران بخاتە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ مسۆگەركردنی ئاسایشی ئەمەریكاییەكان لە عێراق، بۆیە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی ئاسایشی ئەمەریكاییەكانمان لە عێراق و مەترسییەكانی واشنتن لە زیادبوونی چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكە كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل