ترەمپ و جەنگی نەوەی پێنجەم دژ بە ئێران

:: PM:06:10:09/05/2019 ‌

عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران زۆر لە راستییەكەی دوور نەكەوتەوە ئەوكاتەی دۆخی ئێستەی نێوان وڵاتەكەی و ئەمەریكای بە دۆخی جەنگ نەوەك گەمارۆ وەسف كرد، چونكە ئەوەی روو دەدات بەراستی جەنگە و هەموو جۆرەكانی چەك و ئامرازی رەق و نەرمی تیادات بەكار دێت، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە جەنگێكە لەسەر شێوازێكی جیاواز كە چەندان رواڵەتی سەردەمی بەسەردا دیارە، هەروەها چەند رواڵەتێكی هەیە كە دەتوانرێت وەك مۆركێكی دەگمەنی ترەمپ دابنرێت.   

لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا ئێران رووبەڕووی تێكەڵێكی زۆر ئاڵۆزی تەكتیكی جەنگی بێ توندوتیژی دەبێتەوە كە ئەوەش جۆر و شێزێكی نوێی جەنگە و هەندێك پێیان باشە بە جەنگی نەوەی پێنجەم ناوی بنێن (GW5) وەك ئاماژەیەك بۆ تێپەركردنی قۆناغی جەنگی نەوەی چوارەم (GW4)، ئەو ناوەی توێژەرانی ئەمەریكا لە جەنگی وڵاتەكەیان لەدژی رێكخراوە تیرۆریستییەكان بەپێی تێگەیشتنی ئەمەریكی ناویان نا و تیایدا دوو لایەنی جەنگ بریتی بوون لە سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەبەرانبەر رێكخراوەكانی بێ دەوڵەت، ئەوكاتەی دوژمن بریتی بوو شانە و تۆڕی سنووردار و بڵاو لە ناوچە جیاوازەكانی دنیای راستەقینە و گریمانكراو و كەمجار هەبوو بە شێوەی پێكهاتەی سەربازی ناسراو دەركەوتبوونایە.

رەنگە دیارترین ئامرازەكانی جەنگی بێ توندوتیژی كە تا ئێستەش دێتە بەكارهێنان لە ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران و دەتوانرێت دیمەنەكانی بەئاشكرا ببینرێت، بریتییە لە ئامرازەكانی سۆسیۆ-ئابووری و سیاسی و راگەیاندن و هێرشی ئەلیكترۆنی سنووردار.

ئیدارەی ئەمەریكا مەرجەكانی خۆی وەك كارسازێك خستە سەر مێز و روونی كردەوە كە ئەوەی لە ئێران داواكراوە 12 مەرج جێبەجێ بكات كە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی لە چوارچێوەی لیستێكی جوان و رێك و تاوتوێكراو بەوردی رای گەیاند، بۆیە لە جەنگە ئاسایی و كۆنەكاندا دوای كۆتاهاتنی جەنگ مەرجەكان بەسەر لایەنی دۆڕاودا دەهاتنە سەپاندن، بەڵام لە جەنگەكانی ترەمپ سەرەتا مەرجەكانی خۆرادەستكردن پێشكەش دەكات و ئەوەش ئاماژە بۆ بڕوابەخۆبوونێكی تەواو دەكات بە توانای سەركەوتن و یەكلاكردنەوەی جەنگەكان.

بۆیە دوای سەپاندنی مەرجەكانی بەسەر ئێران دەستی بە دانانی گوشاری توند كرد كە سزای ئابووری بێ وێنە و زۆر توند و مێژوویی گرتەوە، دواتر ئاراستەكردنی گوشارەكان بەرەو سەنتەری هێزی سەرەكی رژێمی ئێران كە بریتییە لە هاوپەیمانی دامەزراوەی فەرمانڕەوا، واتە  "ماڵی رابەر" و دامەزراوەی سوپای پاسداران. بەڵام ئەوەی شاراوەیە رەنگە زیاتر بێت و ئەوەی دێت مەترسیدارترە، چونكە چەندان هێرشی ئەلیكترۆنی فرەوان ئامادەیە بۆ جێبەجێكردن بۆ قۆناغی داهاتوو كە بۆی هەیە ژیانی گشتی لە ئێران پەك بخات، رەنگە بشبێتە هۆی وەستاندن و شێوانی جۆەكانی خزمەتگوزاری وەك گەیاندن و ئاو و كارەبا و لێدانی سیستەمی زانیارییەكان و تۆڕە تەناهییەكان و هەستیاری وڵات.  

تا ئێستە ئەوەی لە جەنگی ترەمپ لەدژی ئێران بینیمانە تەنیا گوشارێكی توندی ئابووری و سیاسی و راگەیاندنە، ئاماژەش هەیە بۆ بۆ جوڵاندنی ململانێی ناوخۆیی ئەتنی و پێكهاتەیی و هاندانی توڕەیی چین و تویچژیە كۆمەڵایەتی و رەگەزی و قووڵكردنەوەی ململانێی نەوەكان و پاڵپشتیكردن لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەكی، كورتییەكەی پێدەچێت هەموو تواناكان بۆ جەنگێكی دەروونی و ئابووری خرابنە گەڕ لەو هەڵمەتەدا.

بۆیە پێشبینی دەكەین بەمنزیكانە چەندان شێوەی جەنگی ئەلیكترۆنی پێشكەوتووتر و كاریگەرتر لە تەنیا كردنە ئامانجی هەردوو پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەكی ئێران ببینین، بەرەو كردنە ئامانجی ژێرخانی ئەلیكترۆنی و زانیارییەكانی ئێران. بۆیە تا ئێستە ئامانجەكە بریتییە لە جێبەجێكردنی وردی دەستەواژەی "ئەو پەڕی گوشاری بێ توندوتیژی"، و پاڵنانی بەرانبەر بەرەو گەیشتن بە مانای تەواوی دەستەواژەی "دەوڵەتی شكستخواردوو" یان "پەككەوتوو" لە ئەنجامدانی هەر كاردانەوەیەكی تۆڵەسەندنەوە یان خۆكوژی.

لەو ناوەدا و لەو رێگەدا ئیدارەی ئەمەریكا سوورە لەسەر مسۆگەری دابینكردنی هەموو هۆكاری وڵامدانەوەی پێویست بۆ رێگرتن لە روودانی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ یان رووچوونە ناوییەوە، چونكە تا ئێستە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ پێویست نییە، ئەگەرچی یارییەكە زۆر لە هێڵی جەنگەوە نزیكە. بۆیەش ئەمەریكا بەم دواییە چەندان پارچە چەكی ستراتیجی دەریایی "فڕۆكە هەڵگری ئیراهام لینكۆڵن" و چەندان كەشتی جەنگی دەریایی بە 7500 سەربازەوە، جیا لە چوار بۆمهاوێژی جۆری (بی 52)ی رەوانەی كەنداو كرد وەك پەیامێكی ئاشكرا بۆ ئێران بەوەی قووڵایی ئەو وڵاتە لەناو لیستی ئامانجە سەربازییەكانە ئەگەر ململانێی نێوانیان بەرەو جەنگی سەربازی هەنگاو بنێت. 

جەنگی ئاسایی و نائاسایی لە هەردوو نەوەی دووەم و سێیەم، لەسەر بنەمای پاڵنان بوو بە هێزی سەربازی رەق یەكەمجار و چوونە ناو رووبەڕووبوونەوەكە ئینجا پاڵپشتیكردنی بە ئامرازی نەرم و سزای ئابووری و جەنگی دەروونییەوە، بەڵام جەنگ لەسەر شێوازی ترەمپ ئەوەی پێچەوانە كردووتەوە كە ئامرازەكانی ناتوندوتیژی خستووەتە پێشەوە و كاتی زیاتری بۆ تەرخان دەكات بۆ كاریگەری زیاتر، ئینجا بە ئامرازی رەق پاڵپشتی دەكات ئەوكاتەی ململانێكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ پەرە بستێنێت، یان بۆ وڵامدانەوە و ناچاركردنی نەیار بە قبووڵكردنی بنەمای یارییەكە كە بریتییە لەوەی "وڵامدانەوەی ئامراز ناتوندوتیژەكان دەبێت لە چوارچێوەی ناتوندوتیژی بێت"، كە لە كۆتاییەكەی بۆ بەرژەوەندی لایەنی بەهێزتر دەشكێتەوە.   

بۆیە ئەگەر ئەمەریكا بتوانێت بنەمای یارییەكە بەو شێوەی ئێستە بێڵێتەوە، بێگومان تاران لەو ململانێیە دەدۆڕێنێت، بۆیە رەنگە هەوڵی تێكەڵكردنی كارتەكان ببات لە رێگەی راكێشانی ئەمەریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی  سنووردار رەنگە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی نرخی نەوت و دروستكردنی كێشەی ناوخۆیی بۆ سەرۆك ترەمپ و ئیدارەكەی، بەڵام هێشتا ئەوانە بە كاری سەركێشی لەقەڵەم دەدرێن و سەرانی ئێران لە دەرەوە و ناوخۆش بەوە رێنوێنی دەكرێن كە ئەوكاتەی نەیارەكەت كەسێكی وەك ترەمپە، پێویستە زۆر بیر بكەیتەوە پێش ئەوەی هەر هەنگاوێك بۆ داهاتوو باوێیت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل