بەرپرسێكی شیعە: حەشدی شەعبی هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا رەت دەكەنەوە

:: PM:06:40:09/05/2019 ‌

نەسیم عەبدوڵا ئەندامی هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و زۆرینەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت، دووپاتی كردەوە كە هێزە سیاسی و گرووپەكانی حەشدی شەعبی هەر جموجۆڵێك بۆ كردنە ئامانجی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق رەت دەكەنەوە.

تا دێت هەڕەشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و لایەنگرانی لە عێراق توندتر دەبێت بەتایبەتی لە ماوەی ئەم هەفتەیە كە پنتاگۆن بڕیاری رەوانەكردنی فڕۆكەهەڵگری "ئەبراهام لینكۆڵن" و چوار فڕۆكەی بۆمبهاوێژی جۆری "بی 52"ی بۆ كەنداو دا و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەردانی عێراقی كرد، بەوەش ئەمەریكا دوو پەیامی توندی ئاراستەی ئێران و عێراق و حەشدی شەعبی كرد بەوەی هەر هێرشێك بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە بەتوندی و بەسەختی وڵام دەدرێتەوە. جیا لە ئەگەری بەتیرۆرناساندی گرووپەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران.  

عەبدوڵا ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، بەرپرسانی ئەمەریكا وریایی دەدەن لە بوونی نیازی حەشدی شەعبی بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بەڵام ئەو كارانە حەشدی شەعبی ناگرێتەوە كە دامەزراوەیەكی فەرمی سەر بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە لەگەڵ باڵە سیاسییەكەی باوەڕیان بەو سەركردایەتییە هەیە.  

زیاتر گوتی، رەنگە چەند گرووپێك هێرش بكەنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئێمە رەتی دەكەینەوە و حكوومەتی عێراق رێگە بەوە نادات و هێزە سیاسییەكانیش بیر لە دەرچوون لە خواستەكانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ناكەنەوە و پاڵپشتی بۆچوونەكانی دەكەن. 

بەم دواییە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەردانی عێراقی كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا گوتی، پێویستە عێراق بەپەلە كار بۆ ئەوە بكات كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران بخاتە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ مسۆگەركردنی ئاسایشی ئەمەریكاییەكان لە عێراق، بۆیە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی ئاسایشی ئەمەریكاییەكان و مەترسییەكانی واشنتن لە زیادبوونی چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكە كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل