فڕۆكە بۆمبهاوێژەكانی ئەمەریكا گەیشتنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:07:21:09/05/2019 ‌

وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا گەیشتنی چوار فڕۆكەی بۆمبهاوێژی پێشكەوتووی لە جۆری "بی52 ئێچ"ی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند، ئەوەش دوای دەركەوتنی ئاماژەكان بۆ ئەگەری هێرشكردنە سەر هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئێرانەوە.

سەركردایەتی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا وێنەی ئەو فڕۆكانەی بڵاو كردەوە كە سەر بە پۆلی 20 هێزی ئاسمانی ئەمەریكان دوای گەیشتنیان بۆ بنكەی عودەیدی ئاسمانی ئەمەریكایی لە قەتەر. لەوكاتەی دوێنێ وێنەی هەڵفڕینی فڕۆكەكانی لە ویلایەتی لویزیانا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو كردەوە.

هەر بەیانی ئەمڕۆ وێنەی تێپەڕبوونی فڕۆكە هەڵگری ئەمەریكایی "ئەبراهام لینكۆڵن"، بڵاو كراەوەیە كاتێك كەناڵی سوێسی میسری لە نێوان دەریای سپی و دەریای سوور دەبڕێت بەر لە گەیشتنی بە كەنداو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەكی ئێران بۆ سەر ناوچەكە.

وەك "سكای نیوز عەرەبی"، بڵاوی كردەوە فەریق میهاب مەمیش بەرپرسی دەستەی كەناڵی سوێس و سەرۆكی دەستەی گشتی ئابووری ناوچەی كەناڵەكە شایەتحاڵی پەڕینەوەكە بووە كە لە قاهیرە پێشوازی لە لیوا رالف گرۆفەر پاشكۆی بەرگری ئەمەریكا لە قاهیرە كرد و ئەوان بەیەكەوە ئامادەی پەڕینەوە فڕۆكە هەڵگرەكە بوون.

پێشتر جۆزێف دانفۆرد سوپاسالاری ئەمەریكا رای گەیاند كە بڕیاری رەوانەكردنی "ئەبراهام لینكۆڵن"، بۆ كەنداو بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی ئێرانە بۆ سەر ناوچەكە و ئەو هەنگاوەش دوای زانیاری هەواڵگری هات و پەیامێكیشە بۆ ئێران بەوەی تەواو ئاگەداری هەڕەشەكانین بۆ سەر ناوچەكە و ئێمە ئامادەین بۆ وڵامدانەوەی. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل