داوا دەكرێت فەیسبووك بۆ سێ‌ بەش دابەش بكرێ‌

:: PM:03:56:12/05/2019 ‌
كۆمپانیای فەیسبووك وەڵامی هاوبەش و دامەزرێنەری مارك زاكەربێرگ دەداتەوە لە بارەی دابەشكردنی كۆمپانیایەكە بۆ سێ بەش، دەڵێ باشترە گرنگی بە رێكخستنی ئینتەرنێت بدرێت.

كریس هیوز هاوبەش و دامەزرێنەری فەیسبووك لەگەڵ مارك زاكەربێرگ، لە نامەیەكدا بۆ كۆمپانیای فەیسبووك داوا دەكات كۆمپانیاكە بۆ سێ كۆمپانیا دابەش بكرێت بەهۆی ئەوەی زۆر گەورە بووە.

داواكارییەكەی هیوز لە كاتێكدایە فەیسبووك زیاتر دوو ملیار بەركاهێنەری هەیە، هەروەها ئەپلیكەیشنی واتساپ و ماسنجەر و ئینستاگرامی هەیە، كە هەر یەكێك لەوانە زیاتر لە ملیارێك كەس بەكاری دەهێنێت.

فەیسبووك هەرزوو وەڵامی هیوزی دایەوە و رەتی كردەوە رێ بدات واتساپ و ئینستاگرام بكات بە دوو كۆمپانیای سەربەخۆ دەڵێ، باشترە كار بۆ رێكخستنی ئینتەرنێت بكەین نەك هەوڵی دابەشكردن بدەین.

 رەتكردنەوەی دابەش بوونەكە هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی كە كۆمپانیای فەیسبووك لە 2012 ئیسنتاگرامی كڕی و لە 2014 واتساپی كڕی.

كریس هیوز هاوڕێی پێشتری مارك زاكەربێرگ سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فەیسبووك لەو كاتەی هەردووكیان قوتابی زانكۆ بوون، لە وتارێكی درێژدا كە لە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" بڵاو كراوەتەوە، دەڵێ ئێمە خەڵكانێكی كلاسیكین لە سەپاندنی هەژموونی خۆمان بەسەر ئەوانی تردا و هەمیشە حەز دەكەین هەموو شتێك لە ژێر ركێفی خۆمان بێت، بۆیە هەر ئامۆژگارییەكی باشیش بە سەركردەی كۆمپانیاكان بدەین لێت وەرناگرن. گوتی "هیچ كاتێك مارك وەك ئێستە نەبووە، ئەو لەگەڵ عورفی ئەمەریكی ناگونجێت"، زیاتر گوتی "پێویستە لەوكاتەی كەلێن دەبێت پێوەند بە پرسە تایبەتمەندییەكانی بەكارهێنەران، بەرپرسیاریەتییەكەی دەكەوێتە سەر شانی مارك، بەڵام هەڵەكانی تر دەكەوێتە سەر شانی كۆمپانیا".
 
ئەو هێرشەی هیوز بۆ سەر مارك، لەلایەن نیك كلینگ گوتەبێژی كۆمپانیای فەیسبووك بە توندی وەڵام درایەوە و رای گەیاند، كەس ناتوانێت داوای دابەشكردنی كۆمپانیای فەیسبووك بكات.

گوتی "لێپرسینەوە لە كۆمپانیاكانی تەكنەلۆجیا تەنیا لە رێی وردبینییە لە نوێكردنەوەی بنەماكانی ئینتەرنێت".

جێی باسە داواكردنی دابەشكردنی كۆمپانیای فەیسبووك هاوكاتە لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی لە ماوەی رابردوو درانە پاڵ كۆمپانیاكە لە بەكارهێنانی زانیاری كەسی بەكارهێنەرانی.

هیوز ساڵی 2004 لەگەڵ مارك لە زانكۆی هارفارد قوتابی بووە و هاوبەش و دامەزرێنەری فەیسبووكە، بەڵام ساڵی 2007 كۆمپانیاكەی جێهێشت و رای گەیاند، نیو ملیار دۆلاری لە ماوەی سێ ساڵی كار كردن لە كۆمپانیای فەیسبووك دەست كەوتووە.


وشە - فه‌رمان سادق