ئێران ڕەگەزنامە دەداتە ئەو منداڵانەی تەنیا دایكیان ئێرانییە

:: PM:04:50:12/05/2019 ‌
پەرلەمانی ئێران رەزامەندی نیشاندا لەسەر پێدانی رەگەزنامە بەو منداڵانەی كە دایكیان ئێرانییە، ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێ، بە چ مافێك رەگەزنامە نەدرێت بەو منداڵانەی دایكیان ئێرانییە و بدرێت بەوانەی كە باوكیان ئێرانییە، بۆیە دەبێت وەك یەك بن.

ئەمڕۆ یەكشەم 12ی ئایار، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ یاسای پێدانی رەگەزنامە بەو منداڵانەی دایكیان ئێرانیە و باوكیان بیانییە پەسند كرد.
دانیشتنەكەی پەرلەمان پڕ بوو لە مشتومڕی دژ بەیەك، بەڵام لە كۆتایدا بە دەنگی 188 ئەندام پەرلەمان بەرانبەر بە 20 دەنگی ناڕازی، یاسایەكە پەسند كرا.

مەحموود رەحیمی جیهان ئایادی یەكێك لە ئەندامانی پەرلەمان لەسەر پارێزگای خراسان رەزووی دەڵێ، پەرلەمان لە ساڵی 1934 ئەو مافەی بە باوكان داوە و رەگەزنامەی داوە بەو منداڵانەی كە باوكیان ئێرانییە و دایكیان بیانییە. زیاتر گوتی "پرسیار ئەوەیە بۆ نەدرێت بەو منداڵانەی كە دایكیان ئێرانییە و باوكیان بیانییە؟ بۆیە ئاساییە دەبێت بدرێت بەوانیش".

 فەرهاد تاجری پەرلەمانتاری پارێزگای كرمانشا كە دژی پێدانی رەگەزنامە بوو دەڵێ، ئەو یاسایە دەرفەت دەداتە كەسانێك كە رەنگە هەڕەشە بن بەسەر ئاسایشی وڵات.

 جێی باسە پرسی پێدانی رەگەزنامە بە منداڵانی ئەو ژنانەی دایكیان هاوسەرگیری لەگەڵ كەسانی بیانی كردووە، دەمێكی زۆرە لە ئێران مشتومڕی لەسەرە و ئێستە هەزاران منداڵ بێ رەگەزنامەن بەتایبەت ئەوانەی لە هاوسەرگیری نێوان پیاوانی ئەفغانی و ژنانی ئێرانی لە دایك بوون.

یاسایەكە دوای دەرچوونی لە پەرلەمان، چاوەڕوان دەكرێت ئەنجوومەنی نووسینەوەی دەستوور پەسندی بكات تا بە فەرمی جێبەجێ بكرێت.


وشە - فه‌رمان سادق