حكوومه‌تی سریلانكا ئاشكرای كرد، كه تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك و ئاپی واتسئاپی له ته‌واوی وڵاته‌كه‌ی قه‌ده‌غه كردووه، دوای ته‌قینه‌وه‌كان و كرده تیرۆریستییه‌كان كه وڵاته‌كه‌یان هه‌ژاند و مه‌ترسی هه‌وڵدان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له مسوڵمانان له‌لایه‌ن گرووپه توندڕۆكانی وڵاته‌كه‌وه.
له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵمه‌تێك بۆ هێرشكردنه سه‌ر مزگه‌وت و ئه‌و دووكان و كۆگا و شوێنانه ده‌ستی پێكردووه كه مسوڵمانان خاوه‌نداری ده‌كه‌ن، له شاره‌دێی شیلاوی كه‌ناراوی ڕۆژئاوای سریلانكایش له ڕۆژانی ڕابردوو خه‌ڵكی له‌به‌رده‌م مزگه‌وت و كۆگا و دووكانه‌كانی مسوڵمانان كۆ بوونه‌وه و به‌ردبارانیان كردن.
میدیاكانی
سریلانكا بڵاویان كرده‌وه، ڕووداوی هاوشێوه به خێرایی و فره‌وانی له چه‌ندان ناوچه‌ی تری نزیك له شیلاو ئه‌نجام دراون و پێشێلكاری به‌رانبه‌ر مسوڵمانان كراوه، ئه‌مه‌یش به ته‌واوی له‌لایه‌ن حكوومه‌ت ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه و وه‌ك هه‌نگاوێكیش بۆ ڕێگری له په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و دیارده‌یه حكوومه‌ت واتس‌ئاپ و فه‌یسبووكی له وڵات ڕاگرت.
له 21ی نیسان/ئه‌پریلی ڕابردوو له سریلانكا چه‌ندان ته‌قینه‌وه و كرده‌ی خۆكوژی و تیرۆریستی ئه‌نجام دران، كه به‌وهۆیه‌وه كوژرانی 321 كه‌س و برینداربوونی 520 كه‌سی تری لێ كه‌وته‌وه، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش‌یش به‌رپرسیاریه‌تی ته‌واوی كرده تیرۆریستییه‌كانی سریلانكای خسته ئه‌ستۆی خۆی.