له‌وانه‌یه پرسیاری ئه‌وه‌مان لا گه‌ڵاڵه بووبێت یه‌كه‌م ژنی كورد كه له بواری وێنه‌گرتنی ته‌له‌ڤزیۆنیدا كاری كردبێت، كێ بووبێت؟ هه‌ڵات یاسین مسته‌فا /51 ساڵ/ كه له گوندی ره‌شاڤه‌ی سه‌ربه شارۆكه‌ی ئامێدی له دایك بووه، رای ده‌گه‌یه‌نێت كه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره خۆی ده‌گرێته‌وه و ئه‌و "ناسناوی یه‌كه‌م ژنی وێنه‌گری ته‌له‌ڤزیۆنی له دهۆك هه‌یه".
هه‌ڵات ئێسته دایكی چوار منداڵه و له ئه‌ڵمانیا ده‌ژیی. ئه‌و هاوسه‌ری نووسه‌ری ناوداری شاری دهۆك "كه‌ریم بیانی"یه و ئه‌زموونی خۆی له "وشه" ده‌خاته ڕوو.
كه‌ی ده‌ستت به كاری وێنه‌گری ته‌له‌ڤزیون كردووه و تا ساڵی چه‌ند به‌رده‌وام بوویت؟
دوای راپه‌ڕین خوێندنی خۆم له كۆلیژی زانست/ به‌شی فیزیا له زانكۆی موسته‌نسه‌رییه له به‌غدا ته‌واو كرد، دواتر هه‌ندێك شت به ناڕاسته‌وخۆیی كاری تێ‌كردم و تێكه‌ڵ به كاری راگه‌یاندن بووم، بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1992 وه‌ك وێنه‌گر له ستودیۆی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردستان وه‌رگیرام، دواتر حه‌زم كرد وه‌ك وێنه‌گری ته‌له‌ڤزیونی له ده‌ره‌وه كار بكه‌م و تا ساڵی 1995 به‌رده‌وام بووم.
تۆ ده‌رچووی به‌شی زانستی فیزیای, له به‌رچی كاری وێنه‌گریت هه‌ڵبژارد؟
خوشك و براكانم له ساڵی 1992 وه‌ك بێژه‌ر له ته‌له‌ڤزیۆنی دایك له دهۆك كه ئه‌وكاته ناوی "ته‌له‌ڤزیۆنی كوردستان" بوو كاریان ده‌كرد، ئه‌مه بۆ من پاڵنه‌ر بوو تا تێكه‌ڵی كاری راگه‌یاندن بم و بوارێكی نزیك به‌و كاره هه‌ڵبژێرم.
جگه له وێنه‌گری له چ بوارێكی تردا كارت كردووه؟
هه‌ر له قۆناغی ئاماده‌یی كۆمه‌ڵێك حه‌ز و خولیام هه‌بوو، حه‌زم كرد ئه‌و خه‌ونانه له ناخی خۆم ده‌ربێنم، به خوشحاڵییه‌وه له خێزانێكی رۆشنبیردا له دایك بووم كه بتوانم په‌ره به حه‌زه‌كانی خۆم بده‌م، به جۆرێك رێگری به‌رانبه‌رم نه‌بێت له كاتێكدا كچ له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كورده‌واری عه‌شایه‌ریدا زۆر بنده‌ست و چه‌وساوه بوون. باوكم هه‌موو كات هانی كچه‌كانی خۆی داوه ببن به ئه‌زموون بۆ كچانی تری ناوچه‌ی ئێمه و ئازادییان هه‌بێت، ئه‌وه‌بوو یه‌كه‌م جار له ساڵی 1987 چوومه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و له شانۆی "ده‌نگێ دایكێ" له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له تیپی شۆڕه‌شڤان له سلێمانی به‌شداریمان له نمایشی ئه‌و شانۆیه‌دا كرد، واته نه‌ك ته‌نیا من یه‌كه‌م كچی كوردم كه كاری وێنه‌گریم كردووه، به‌ڵكو یه‌كه‌م كچم له ناوچه‌ی خۆم چوومه‌ته سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ.
دوای روێشتنت بۆ هانده‌ران به چییه‌وه خه‌ریك بوویت؟
له كۆتایی ساڵی 1996 به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا روێشتین, ئه‌و كاته له كاری رۆشنبیری و هونه‌ری دوور نه‌كه‌وتبووم, كاتێك جڤاتی رۆشنبیری ره‌هه‌ند له ئه‌ڵمانیا دامه‌زرا، منیش یه‌كێك بووم له ئه‌ندامانی كه ژماره‌یه‌كی زۆر له كاری هونه‌ری و رۆشنبیری پێشكه‌ش ده‌كران له هه‌نده‌ران و به‌تایبه‌تی له ئه‌ڵمانیا، چیرۆكێكم له بواری منداڵان به ناوی "چیرۆكێن دۆتمیرا" چاپ كرد و ئێسته‌یش سێ په‌رتووكم ئاماده‌ن بۆ چاپ، به‌ڵام پێویستم به هاوكارییه بۆ چاپكردنیان.
تۆ كه یه‌كه‌م ژن بوویت له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك وێنه‌گری ته‌له‌ڤزیۆنی كارت كردووه، ئاسته‌نگه‌كانت چی بوون ئه‌وكات؟
گومانی تێدا نییه وه‌ك ژنێك ئه‌وكاته و ئێسته‌یش كۆسپی زۆرم بینیوه له‌باره‌ی بۆچوونی خه‌ڵك به‌رانبه‌ر به كاره‌كه‌م، به‌داخه‌وه هه‌ندێك جار ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵم كاریان ده‌كرد خۆیشیان به چاوی كه‌م ته‌ماشایان ده‌كرد، به‌ڵام ئێسته‌یش دیدی خه‌ڵكی ئێمه به‌رانبه‌ر به ئازادی ژن و كاركردنی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو نه‌گۆڕاوه, هه‌موو كات ده‌ڵێم ژنێكی به به‌خت بووم چونكه باوكێكی چاونه‌ترسم هه‌بوو گوێی به قسه‌ی خه‌ڵكی نه‌ده‌دا، دوای هاوسه‌رگیریشم هاوسه‌ره‌كه‌م به‌و شێوه‌یه پاڵپشت و په‌نام بوو.
كه‌واته بۆچی ده‌ستت له كاری وێنه‌گری هه‌ڵگرت و رووت له هه‌نده‌ران كرد؟
له ناو ژینگه‌یه‌كی داخراو له‌ژێر پاڵه‌په‌ستوی داونه‌ریت، زۆرجار هه‌ندێك كه‌س به‌بێ ده‌نگی یاخی ده‌بن و ئه‌و كار و ره‌وشته‌ی بڕوایان پێیه‌تی پێڕه‌وی ده‌كه‌ن، منیش توانیم ئه‌وه بكه‌م، به‌ڵام كاتێك پاڵه‌په‌ستۆكان زۆر بوون و رێزگرتن و پشتگیری بۆ كاری مرۆڤ نه‌بوو، ده‌بێت به‌ره‌و رێیه‌كی تر بڕۆیت، به‌داخه‌وه ئه‌و رێیه‌ش به جێهشتنی كوردستان بوو.
ئه‌گه‌ر جارێكی تر هه‌ل بڕه‌خسێته‌وه ئاماده‌ی ده‌ست بده‌یته‌وه كامێرا و وێنه‌گری بكه‌ی؟
هه‌ر كاتێك رێز و پشتگیری بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته هه‌بوو، نه‌ك ته‌نیا من به‌ڵكو ژماره‌یه‌كی زۆر له كچ و ژنی كوردستان ئاماده‌ن له بواری جۆراوجۆردا كار بكه‌ن و دڵنیام سه‌ركه‌وتنیش به‌ده‌ست دێنن، به‌ڵام رێخۆشكردن بۆ خه‌ون و ئاواتی ژن هه‌ر به قسه ماوه، كرداری نییه .
وشه/ دهۆك- دێژین سدقی