مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له ڕێگی توێژینه‌وه‌یه‌كه‌وه كار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌ك له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان ده‌كات، بهمنزیكانهیش پێشكه‌شی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. نێچیرڤان حوسێن كه‌لاری سكرتێری رێكخراوه‌كه له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا پرسی دامه‌زراندنی ده‌رچووانی زانكۆ و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تری پێوه‌ندیدار روون ده‌كاته‌وه.
پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان گه‌یشته كوێ؟
گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان ئێسته پرسێكی زۆر گه‌رمه و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، ئه‌ویش له دوای نه‌مانی شه‌ڕی داعش و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، هه‌ستمان كرد ئیتر ده‌بێ خه‌مێك له‌و بابه‌ته بخۆین، بۆیه سه‌ره‌تا به‌شی توێژینه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان هه‌ستا به ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌یه‌ك، ئه‌ویش به چه‌ند قۆناغێك بوو، به ئه‌نجامدانی ڕاپرسییه‌ك بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا تا چه‌ند پێویسته له دوای نه‌مانی ته‌نگژه‌ی دارایی و هه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان، ده‌رماڵه‌ی قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانیش بگه‌ڕێته‌وه، ده‌ستمان پێ كرد.
توێژینه‌وه‌كه‌تان ئێسته له چ قۆناغێكدایه؟
توێژینه‌وه‌كه‌مان ئێسته له قۆناغی كۆتادایه و به پێویستمان زانی سه‌كۆی گه‌یاندنی داخوازییه‌كانمان بگوازینه‌وه بۆ ناو ڕاگه‌یاندنه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێیه‌وه فشاری زیاتر و كۆده‌نگی زیاتری له‌سه‌ر دروست بكرێ، به‌ڵكو بتوانین بگه‌ین به ئه‌نجامێك، به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه، به‌شێك له حزبه سیاسییه‌كان و ڕێكخراوه‌كان له‌م كاته‌دا ئه‌م پرسه‌یان وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌كار هێنا بۆ مه‌رامی سیاسی خۆیان.
تا ئێسته هیچ هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ر هه‌یه له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان؟
بێگومان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه و پرسی تر سه‌ردانی وه‌زیری داراییمان كردووه، ئه‌و به‌ڵێنی دا ئه‌گه‌ر وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه رژد بێت، ڕه‌نگه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئابووری هه‌رێمی كوردستان به ته‌نگ داواكارییه‌كانمانه‌وه بێـن و بڕیارێكی باش له‌وباره‌یه‌وه بده‌ن.
بۆچی تا ئێسته پڕۆژهكهتان پێشكه‌ش نه‌كردووه؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێ كاری زیاتری له‌سه‌ر بكه‌ین و پڕۆژه‌یه‌كی ته‌واو و بێ كه‌موكوڕی بێت، هه‌روه‌ها وه‌رزی ئه‌مساڵی خوێندنیش ماوه‌یه‌كی كه‌می ماوه، له هه‌مانكاتدا حكوومه‌تی هه‌رێم ئێسته له قۆناغی گواستنه‌وه‌دایه و ڕه‌نگه به چه‌ند كارێكی گرنگتره‌وه سه‌رقاڵ بێت، بۆیه تا ئێسته پڕۆژه‌كه‌مان پێشكه‌ش نه‌كردووه.
كه‌واته بۆ ساڵی ئاینده هیچ دڵنیاییه‌ك ده‌ده‌ن به قوتابیان له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كانیان؟
وه‌ك یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان به‌رده‌وامین له هه‌وڵه‌كانمان، بۆ ئه‌مساڵ ناتوانین دڵنیایی بده‌ین به قوتابیان، چونكه ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌ستمان داوه‌تێ پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجی درێژخایه‌نه، به‌ڵام له پڕۆژه‌كه‌دا هاتووه بۆ ئه‌م دوو مانگه‌ی كه ماوه هه‌ر هیچ نه‌بێت هاوكاری قوتابیانی به‌شه ناوخۆییه‌كان بكرێت، به‌تایبه‌تی له مانگی ڕه‌مه‌زاندا، ئه‌وی تریش له دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو، هه‌وڵه‌كان و فشاره‌كانمان چڕتر ده‌كه‌ینه‌وه و دڵنیاییش ده‌ده‌ینه قوتابیان كه ئه‌م بابه‌ته له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێ.
به‌پێی توێژینه‌وه‌كه‌تان داواتان كردووه گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان به هه‌مان سیستمی پێشوو بێت یان چۆن؟
ئێمه له توێژینه‌وه‌كانمان ویستی قوتابیمان له به‌رانبه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی ده‌رماڵه وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ها پێشنیاری شێوازی تر به بڕی جیاوازتر و میكانیزمی جیاوازترمان كردووه، واته داوامان كردووه هه‌ر قوتابییه‌ك به بڕی زۆر زیاتر ده‌رماڵه‌ی پێ بدرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕای كه‌سانی شاره‌زایشمان وه‌رگرتووه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ویست و داخوازییه‌كانی قوتابیان تا چه‌ند له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم گونجاوه، هه‌روه‌ها له توێژینه‌وه‌كه‌دا جگه له گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان، ئاماژه به فێركردنی قوتابیان دراوه له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌كردن له بازاڕی كاردا.
ئه‌ی ده‌رماڵه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردووی قوتابیان كه فه‌وتا به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه و زانكۆیان ته‌واو كردووه، داواتان نه‌كردووه بیگه‌ڕێننه‌وه بۆیان؟
بێگومان له داواكارییهكانماندا هاتووه ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه گونجاو بوو، حكوومه‌ت قه‌ره‌بووی ئه‌و قوتابیانه بكاته‌وه كه له ماوه‌ی ته‌نگژه‌ی داراییدا ده‌رماڵه‌یان پێ نه‌درا، جا به پێدانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كه بێت یان شێوازێكی تری قه‌ره‌بووكردنه‌وه، هه‌رچه‌نده پرسی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان جیاوازه له‌گه‌ڵ پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، واته ده‌رماڵه وه‌ك هاوكارییه‌ك بوو كه پێشتر به قوتابیان ده‌درا، نه‌ك پابه‌ندییه‌ك هه‌بێت له‌سه‌ر حكوومه‌ت كه بیدات، چونكه بابه‌ته‌كه پاڵپشتی خوێندنه نه‌ك هیچیتر.
ژماره‌یه‌كی زۆر له ده‌رچووانی زانكۆ دانه‌مه‌زراون، ئایا یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان هیچ پلانێكی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر حكوومه‌ت دروست بكات و ده‌رچووان دابمه‌زرێنن؟
له‌باره‌ی دامه‌زراندن، پێم وایه سه‌ره‌تا پێویسته یاسای خانه‌نشینی له په‌رله‌مانی كوردستانی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێ، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت بتوانێ ساڵانه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی یاسایی خانه‌نشینی، خه‌ڵكی تازه بخاته شوێنیانه‌وه. خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه ئێمه فشارمان دروست كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێ یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه له‌م قۆناغه‌دا دابمه‌زرێن. خاڵی سێیه‌م پێویسته كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی یاسایه‌كی تایبه‌ت هه‌بێت به‌و كه‌سانه‌ی له كه‌رتی تایبه‌تدا كار ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوویان مسۆگه‌ر بێت و له هه‌مانكاتیشدا فشار له‌سه‌ر كه‌رتی گشتی كه‌م ببێته‌وه، به‌م شێوه‌یه ده‌توانین هاوسه‌نگییه‌ك ڕابگرین.
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال