پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە قەڵادزێ حەوت ساڵە بە نیوەچڵی جێهێڵراوە

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "قەڵادزێ سیتی" لەو شارۆكەیەی بەناوی كراوە و دەكەوێتە ئیدارەی راپەڕین، لە ساڵی 2012ـەوە دەست بە جێبەجێكردنی كرا، بەڵام لە دوای دروستكردنی هەیكەلی خانووەكان، پڕۆژەكە وەستا. ئێستە حەوت ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و كەس نییە تەواوی بكات.

رووبەری زەویی پڕۆژەكە 70 دۆنمە و دەكەوێتە نێوان هەردوو شەقامی 100 مەتری و 60ی چواردەوری شار, تێچووی تەواوی پڕۆژەكە بەهەموو ئەو بەشانەی لە دیزایندا بۆی كراوە، 19 ملیار دینار بووە. بەڵام تەواو نەكرا. هەرچەندە پرۆژەكە وەبەرهێنانە و لەسەر زەوی بەلاشی حكوومەت و گیرفانی هاووڵاتییان دروست دەكرا.

ئارام محەمەد سەرۆكی شارەوانی قەڵادزێ، بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی لەم بارودۆخەدا هاووڵاتییان بواری داراییان باش نییە و ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەن بە كۆمپانیای جێبەجێكار، كارەكانی پڕۆژەكە وەستاون، ئەمەش هۆی سەرەكییە لە دواكەوتنی پڕۆژەكە.

بەگوتەی ئەم بەرپرسە، دروستكردنی ئەم پڕۆژەیە لە كاتێكدا بوو كە شەڕی داعش و تەنگژەی دارایی دەستی پێ كرد, بەشێوەیەك لەو كاتەدا هاووڵاتی نەیدەتوانی پارە بخاتە ئەم  جۆرە پڕۆژانەوە یان بیر لە گۆڕینی شێوازی ژیانیان بكەنەوە، یان ئەوانەی خانوویان هەیە بیر لە دروستكردنی خانووی باشتر بكەنەوە و ئەمانەش پڕۆژەكەیان پەكخست.

سەرۆكی شارەوانی قەڵادزێ روونی كردەوە، بۆ بڕیاردان بۆ دروستكردنی پڕۆژەیەكی لەم جۆرە لە ناوچە سنوورییەكان، پێویستە رەچاوی باری دارایی هاووڵاتی بكرێت و بەدڵنیاییەوە جیاوازە لە شارە گەورەكانی كوردستان. 

بەڵام دڵنیایی دەدات كە ئەگەر بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە و پڕۆژەكە كاری تێدا نەكرێت، ئەو گرێبەستانە هەڵدەوەشێنرێنەوە و زەوییەكان لە كۆمپانیای وەبەرهێنەر وەردەگیرێتەوە، جگە لەو خانووانەی تەواو كراون و هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.

ئەو پارچە زەوییەی پڕۆژەی "قەڵادزێ سیتی" لەسەر بنیات نراوە، موڵكی خەڵك بووە و حكوومەت قەرەبووی خاوەن زەوییەكەیشی كردووەتەوە. هەروەها تاپۆی ئەم زەوییە لەسەر شارەوانیی قەڵادزێ بووە و دواتر لەسەر ناوی ئەو كەسە تۆمار كراوە كە خاوەنی ئەم كۆمپانیا وەبەرهێنەرەیە.

بەڵام دلاوەر قوباد جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەم پڕۆژانە دەزگەی تایبەت بەخۆیان هەیە و سەربە بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانن, بەڵام  ئێستە بەهۆی نەبوونی بودجەوە بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژانە وەستاون.

ئەو بەپێویستی دەزانێ لە ئەگەری درێژەكێشانی ئەم دۆخە، هاووڵاتییان سكاڵا تۆمار بكەن و ئەوانیش سكاڵای هاووڵاتییان دەگەیەنن بە وەبەرهێنانی گشتیی سلێمانی و بە رێی یاسایی كێشەكان چارەسەر دەكەن، بەڵام تا ئێستە هیچ سكاڵایەك  تۆمار نەكراوە.  

جێی باسە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 77 پڕۆژەی وەبەرهێنان هەن، لە كۆی ئەو ژمارەیە نزیكەی 33 پڕۆژە وەستاون و 44 پڕۆژە لە جێبەجێكردندان.

بەدواداچوونی/ شادان بەكر



وشە - وشه‌


PM:08:09:13/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 175 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌