یەكێتی زانایان: هەندێك بەرنامەی ئاینی لەگەڵ كۆمەڵگە یەك ناگرێتەوە

یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستان ڕاگەیاندراوێك بڵاو دەكاتەوە و داوا لە مامۆستایانی ئاینی دەكات هەندێك بابەت هەیە دەبنە مایەی دروستكردنی ئاڵۆزی و دڵەڕاوكێ‌ و لەگەڵ كۆمەڵگە یەك ناگرێتەوە، بۆیە خۆیان بەدوور بگرن.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئایار، لە ڕاگەیەندراوێكی یەكێتی زانایانی كوردستان هاتووە، ئەوەی تێبینی دەكەین هەندێ جار بابەت و بەرنامەكان ئامانجی خزمەتكردن ناپێكن و بگرە دەبنە مایەی دروستكردنی ئاڵۆزی و دڵەڕاوكێ و ورووژاندنی هەندێ شت كە لەگەڵ سروشتی كۆمەڵگە و چوارچێوە كۆمەڵایەتییەكان یەك ناگرێتەوە، ئەمەش نیگەرانی بەدوای خۆیدا دێنێت و هاووڵاتییانیش ناگەنە هیچ درەنجامێكی روون و یەكلاكەرەوە.

زیاتر ڕوون كراوەتەوە، تكا دەكەین لە دەزگا و كەناڵەكانی راگەیاندن بەتایبەت بەرنامەكانی ئاینی بەئاراستەی واقیعی كۆمەڵگەی كوردی و بەرەچاوكردنی هەستی دینداری و پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی خزمەت بكەن، شتێك نەورووژێنن لەجیاتی خزمەت، ببێتە هۆی نیگەرانی و كاردانەوەی نەرێنی و ناتەندروست.

باس لەوەش كراوە، ئێمەی كورد هیچ كاتێك گرفت و كێشە و ئاریشەی ئاینیمان نەبووە، كێشەی ئێمە لەگەڵ بیری توندڕەوی بووە، بۆیە ناكرێ ئاین كە مایەی ئارامی كۆمەڵگەیە بكرێتە ئامانج و نیگەرانی دروست بكات.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێویستە مامۆستایانی ئاینی لەكاتی بەشداریكردنی بەرنامەكان رەچاوی لایەنی پیشەیی و پێگەیان بكەن و بەپێی پێوەرە گشتی و پێوەستەكانی كاری مەلایەتی لە گەیاندنی پەیام و رێنوێنیی و ئەحكامی ئیسلام بەو ئاراستە زانستییە هەنگاو بنێن كە گەورە زانایانمان چوارچێوەیان بۆ دارشتووە. پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لە فەتوادان و ئیجتیهادی میزاجی و مكوڕبوون لەسەر بۆچونێك كە بۆچوونی جیای زانایانی زۆر لەسەرە، چونكە هەر هەڵەیەك وەك گوتراوە بەزۆر دەكەوێت لەسەر هەموو لایەك.

ئەو ڕوونكردنەوەی یەكێتی زانایانی ئاینی لە كاتێكدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چەند مەلایەكی ئاینی فتوای جیاوازیان دا لەسەر چەند بابەتێك، ئەوەیش لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان دەنگدانەوەی لێ كەوتەوە.



وشە - رامیار جەواد


AM:09:39:14/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 202 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌