خۆراكی مەترسیدار هێنراوەتە سلێمانی

:: AM:11:41:14/05/2019 ‌
بەرپرسانی چاودێری بازرگانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكەن جۆرە پەنیرێكی بۆ خوادن هێنراوەتە سلێمانی مەترسیدارە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئایار، محەمەد شێخ وەهاب لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێویستە هاوولاتیان ئاگەداربن چەند خۆراك و شمەكێك هاتۆتە بازاڕەكانەوە كە بەكارهێنانیان مەترسیدارە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەن گوتی، هێنانی ئەو كاڵایانە بەبێ‌ گوێدانە یاسا و ڕێنوێنییەكانی‌ وەزارەتی‌ تەندروستی‌ و پلاندانان و كۆنترۆڵی‌ جۆری‌ هێنراون و تەقلیدن، بۆیە هاووڵاتیان ئاگەدار دەكەینەوە خۆیان بەدور بگرن لە كڕین و خواردنیان، چونكە مەترسیدارن.

باسی لەوەشكرد، لەچەندین مۆڵ و ماركێتی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بابەتی‌ مەترسیدار هەیە كە بەهاووڵاتییان دەفرۆشرێن و بەدەرە لە ڕێنوێنییەكان، بۆیە هیوادارین داواكاری گشتیی لەبەر بەرژەوەندی‌ و تەندروستی‌ هاووڵاتییان بێتە سەرخەت و ئەو مەترسییە گەورەیە بنبڕ بكات.

هاوكات سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری‌ چاودێری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ ئاشكرایكرد، هەموو كاڵایەك كاتی دەرچوون و بەسەرچوونی‌ پێویستە بەشێوەیەكی‌ بەرچاو لەسەری نوسرابێت و ناشبێت بەهیچ شێوەیەك ئەو وادەیە بە لەزگە نووسرابێت.

زیاتر ڕوونی كردەوە، هەر بابەتێكی‌ خۆراكی‌ و شمەكێك ئەگەر بەلەزگە وادەی‌ بەسەرچوونی‌ لەسەر نووسرابوو، ئەوا خۆیان لە كڕینی‌ بەدور بگرن و لیژنەكانی‌ قایمقامیەتی‌ لێ‌ ئاگەدار بكەنەوە.



وشە - رامیار جەواد