شنۆ مه‌ولوود دیزاینه‌رێكی كوردی دانیشتووی ئه‌مه‌ریكایه، پڕۆژه‌یه‌كی به‌ناوی "شنۆ فاشیۆن" له شاری هه‌ولێر كردووه‌ته‌وه و له دیمانه‌یه‌كدا بۆ "وشه" باس له‌وه ده‌كات، ده‌یه‌وێ به‌ناوبانگترین جلوبه‌رگی دیزاینه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و دنیا بهێنێته كوردستان و له‌و رێیه‌وه خزمه‌تی ژنانی كوردستان بكات.
پڕۆژه‌ی "شنۆ فاشیۆن"ت كه‌ی كرده‌وه؟
پڕۆژه‌ی "شنۆ فاشیۆن" له دووی مانگی نیسانی 2019 به ئاماده‌بوونی وه‌زیری شاره‌وانی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم نه‌ورۆز مه‌ولوود به فه‌رمی كرایه‌وه، ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌لایه‌ن چه‌ند مۆدێلێكی به‌ناوبانگی بیانی و كوردی به‌شێوه‌ی "فاشیۆن شۆ"، ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه چوو، ئه‌ویش به نمایشكردنی ئه‌و پارچه جلوبه‌رگه به‌ناوبانگانه‌ی كه زۆر تایبه‌تن و به ده‌ستی چه‌ند دیزاینه‌رێكی به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریكی دروست كرابوون.
ئامانج له كردنه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه چییه؟
ئامانجمان له كردنه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه دابینكردنی ئه‌و جلوبه‌رگانه‌یه كه زۆر ئه‌سته‌مه بازرگانه‌كانی كوردستان بتوانن ئه‌و پارچه ناوازه و تایبه‌تانه‌ی كه له وڵاتی ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا و ئوسترالیا دروست ده‌كرێن، بیانهێننه كوردستان، به‌و پێیه‌ی خۆم دانیشتووی ئه‌مه‌ریكام و له‌و ڕێیه‌وه ئاسانكارییه‌كم بۆ دروست بووه كه بتوانم هاتوچۆ بكه‌م و پێشانگه‌كان یه‌ك به‌یه‌ك به‌سه‌ر بكه‌مه‌وه و ئه‌و مۆدێلانه‌ی كه له كوردستان ده‌ست ناكه‌ون، بیانهێنمه كوردستان.
هۆكار چییه له ئه‌مه‌ریكا ده‌ژیت و له كوردستان ده‌ستت به‌و پڕۆژه‌یه كرد؟
ڕاسته من له ئه‌مه‌ریكا ده‌ژیم، به‌ڵام مه‌به‌ستی من له كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه له هه‌ولێر بۆ خزمه‌تكردنی ژنانی كوردستانه، به‌و پێیه‌ی من كوردم و پێم خۆش بوو له كوردستان ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌ست پێ بكه‌م و گه‌شه‌ی پێ بده‌م، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه شاری هه‌ولێرم هه‌ڵبژارد، چونكه جموجووڵی بازرگانی له شاری هه‌ولێر به‌هێزتره به‌راورد به شاره‌كانی تر، هه‌رچه‌نده له به‌رنامه‌مدا هه‌یه له داهاتوو له شاری سلێمانی و دهۆك هاوشێوه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه بكه‌مه‌وه، له دوای دهۆك و سلێمانی بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه په‌ل بهاوێژم بۆ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقیش.
له‌ڕووی دیزاین و ستایله‌وه چ جیاوازییه‌ك له‌گه‌ڵ برانده‌كانی تر به‌دی ده‌كه‌ی؟
بێگومان له‌ڕووی دیزاین و ستایله‌كانه‌وه جیاوازییه‌كی زۆر به‌دی ده‌كه‌م، به‌و پێیه‌ی كه له‌لای خۆمان زیاتر كاڵای توركی به‌رده‌سته، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند بریكارێك له توركیا جلوبه‌رگه‌كانیان به‌سه‌ر بازرگانه‌كانی كوردستان دابه‌ش ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه زۆر له مۆدێله‌كانیان له‌یه‌ك ده‌چن، هه‌روه‌ها ئه‌و ستایلانه‌ی له‌لای من ده‌ست ده‌كه‌ون، هه‌موویان مۆدێلی 2018 و 2019 و مۆدێلی تازه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی كه به‌دیم ده‌كرد له كوردستان زیاتر ئه‌و كاڵایانه‌یان ده‌هێنا كه مۆده‌یان نه‌ده‌ما، واته زۆربه‌یان مۆدێلی 2015 و 2016 بوون و هیچ شتێكی تازه به‌دی نه‌ده‌كرا، ئه‌وه‌ی من كردم، تازه‌گه‌رییه‌ك بوو كه تازه‌ترین مۆدێلی جلوبه‌رگ بهێنمه كوردستان.
به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنت هیچ ڕێككه‌وتنێكت له‌گه‌ڵ دیزاینه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كردووه؟
بێگومان، له‌گه‌ڵ سێ له دیزاینه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕێككه‌وتووم به‌ناوه‌كانی "پۆرتیا سچارلێت، ئاندریا لیۆ، جۆناسان كه‌ینی" ئه‌م سێ دیزاینه‌ره به‌ناوبانگه زۆر له عه‌زیه‌كانیان كه دروستی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌یه كه "هۆڵیوود" زۆر به‌ناوبانگن، له‌وانه "كیم كارداشیان" و خوشكه‌كانی، زۆربه‌ی له عه‌زیه‌كانی ئه‌م سێ دیزاینه‌ره له ئیڤێنته‌كانی "ڕێدكارپێت" و خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار و زۆر ئیڤێنتی تر له‌به‌ر ده‌كه‌ن.
پێشتر وه‌ك دیزاینه‌ری جلوبه‌رگ یان مۆدێل كارت كردووه؟
له‌باره‌ی كاری دیزاینه‌ری نه‌مخوێندووه، به‌ڵام توێژینه‌یه‌كی ته‌واوم له‌سه‌ر كردووه و له ماوه‌ی ژیانم له ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام هه‌وڵم داوه بچمه ئه‌و پێشانگه نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌و "فاشیۆن شۆ"یانه‌ی كه له ئه‌مه‌ریكا و ویلایه‌ته جیاوازه‌كان ده‌كران، به‌رده‌وام ئاماده‌بوونم هه‌بووه و حه‌زم كردووه خۆم ئه‌بده‌یت بكه‌م له‌سه‌ر تازه‌ترین مۆدێله‌كان و دروونی كوالێتی و دروونی بابه‌ته‌كان و شاره‌زایی ته‌واوم به‌و شێوه‌یه په‌یدا كردووه، هه‌وڵیشم داوه بتوانم لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو له‌سه‌ر هه‌موو دیزاینه‌ره‌كان بكه‌م.
له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هیچ پڕۆژه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ت ئه‌نجام داوه؟
نه‌خێر هاوشێوه‌ی ئه‌م پڕۆژانه‌م نه‌بووه، پێش هه‌موو شتێك بیرم له ژنانی كوردستان كردووه‌ته‌وه و خۆشحاڵم به‌وه‌ی له كوردستان ده‌ستم به‌و كاره كردووه، چونكه به‌ڕاستی ژنانی كورد بێبه‌ش بوون به‌هۆی ئه‌وه‌ی قورس بووه كه هاووڵاتییان و بازرگانه‌كان بتوانن گه‌شت بكه‌ن بۆ ئه‌م وڵاتانه و كاڵا و جلوبه‌رگ له‌وێ بهێنن، بۆیه جۆرێك له ئاسانكاریم كردووه.
تا چه‌ند بڕوات به سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌كه‌ت هه‌یه له كوردستان؟
بڕوا و متمانه‌ی زۆرم به‌سه‌رخستنی پڕۆژه‌كه‌م هه‌یه، له ماوه‌یه‌كی كورتی كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه گوێبیستی فیدباكێكی زۆر باش بووم له‌لایه‌ن ژنانی كوردستانه‌وه، له هه‌مان كاتدا زۆر خۆشحاڵ بوون كه ئه‌و جۆره مۆدێلانه‌یان له "شنۆ فاشیۆن" بینیوه و بۆ یه‌كه‌م جاریشه له كوردستان پێشانگه‌ی جلوبه‌رگ له‌م شێوه‌یه بكرێته‌وه، به‌خۆشحاڵییه‌وه من تاكه‌كه‌س بووم ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م هه‌بووه كه پێشتر خه‌ڵك له‌به‌ری مۆدێله‌كانه‌وه ئه‌م جۆره جلوبه‌رگانه‌ی بینیوه.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال