به گوێره‌ی ئاماره‌كان له هه‌ر سه‌عاتێك دوو كه‌س له جیهان ده‌كوژێ و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌یش 70 كه‌س زیانمه‌ند ده‌بن له ڕۆژێكدا، 800 كه‌س له مانگێكدا گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، ئاماره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌كان له بواری هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و قوربانییه‌كان، هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه له سه‌رتاسه‌ری دنیا 100 ملیۆن مینی چێنراو هه‌یه و 40%ی كه‌وتووه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
له 13 وڵاتی عه‌ره‌بی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دراوه، بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنان و هه‌ڵگرتن و به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نی، كه خه‌ڵك ده‌كاته ئامانج، ئه‌و ڕێككه‌وتنامه‌یه له 1997 له ئۆتاوای كه‌نه‌دا واژوو كراوه.
مینه چێنراوه‌كانی ئه‌و ناوچانه بۆ سه‌رده‌می جه‌نگ و ململانێ ناوخۆییه‌كان و هه‌رێمییه‌كانی ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌شێكی بۆ سه‌رده‌می هاتنی داگیركه‌ران له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه بۆ ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به تایبه‌ت له ناوچه‌كانی باكوری ئه‌فریقا، جیا له‌وه‌یش له‌م دواییه بڵاوبوونه‌وه‌ی گرووپه تیرۆریستییه‌كان له ناوچه‌كه و چاندنی مین له ته‌واوی ناوچه‌كانی عێراق و سووریا جارێكی تر ڕێژه‌ی قوربانیانی مینی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رز كردووه‌ته‌وه.
میسڕ له سه‌رووی وڵاتانی ناوچه‌كه دێ كه زۆرترین مینی چێنراوی تێدایه كه ده‌گاته 23 ملیۆن مین، به‌مشێوه‌یه له به‌رانبه‌ر هه‌ر پێنج كه‌سێك كه دانیشتووی میسڕن مینێكی چێنراو هه‌یه، زۆری ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی مین له میسڕ بۆ جه‌نگی میسڕ و ئیسرائیل له 1967 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به ته‌واوه‌تی بیابانی سینا پڕكرا له مینی چێنراو، به‌شێكیشی بۆ سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له دوای میسڕ له ناوچه‌كه عێراق دێ، كه خاوه‌نی 10 ملیۆن مینی چێنراوه له ناوچه جیا جیاكان، به‌شی زۆری بۆ سه‌رده‌می جه‌نگی عێراق و ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه، جیا له‌وه هه‌ڵمه‌تی سه‌دام بۆ ناوچه كوردییه‌كان و شه‌ڕی داعش، هه‌موو ئه‌وانه بوونه‌ته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی مین له وڵاته‌كه و زۆری ژماره‌ی قوربانیان.
له 18ی شوبات/فێبرایه‌ری ئه‌مساڵ بیر لۆدهامر پسپۆری بواری مین و داچاندنی
مین له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرای كرد، كه شاری مووسڵ پێویستی به 10 ساڵه بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی له مین و ته‌قه‌مه‌نی پاك بكرێته‌وه.
به‌ر له‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش‌یش له سووریا كۆتایی بێت، ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ی له ژێر ده‌ستی بوو، به چڕی مینڕێژكرا، به تایبه‌ت له شاری ڕه‌قه، هه‌رچه‌نده تا ئێسته ئامارێكی ورد له‌باره‌ی سووریا نییه، به‌ڵام ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ژماره‌ی مین له سووریا گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی خه‌یاڵی و ده‌یان ساڵی ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی ناوچه جیا جیاكان له مین پاك بكرێنه‌وه.
له فه‌له‌ستین به‌هۆی شه‌ڕی ده‌یان ساڵه‌ی نێوان عه‌ره‌به‌كانی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل، زۆرێك له ناوچه‌كان پڕ كراون له مین، ته‌نیا له كه‌ناری ڕۆژئاوا ملیۆنێك و 500 هه‌زار مین چێنراوه، له ته‌ك ئه‌مه‌یش دا لبنان به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆ له ساڵی 1990 ناوچه‌یه‌كی فره‌وانی به مین داچێنراوه، كه به گشتی 150 ملیۆن مه‌تری چوارگۆشه مه‌ترسیداره بۆ مرۆڤ، به‌هۆی بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆری مینه‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه سعوودیه، میلشیاكانی حووسی تۆمه‌تبار ده‌كات، به چاندنی زیاتر له 50 هه‌زار مین له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، له یه‌مه‌ن داچاندنی مین ڕووی له به‌رزبوونه‌وه و له ماوه‌ی ساڵی 2016 زیاتر له نۆ هه‌زار كه‌س به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه.
كوێت به‌هۆی شه‌ڕی 1990، كه ڕژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حوسێن هێرشی كرده سه‌ر وڵاته‌كه، ڕێژه‌یه‌كی زۆری مینی لێ چێنراوه و ماوه‌ته‌وه، وه‌زره‌تی ناوخۆی كوێت ئاشكرای كرد، كه تا ئێسته ملیۆنێك و 650 هه‌زار مینی هه‌ڵگرتووه و تێچووی پاككردنه‌وه‌ی كیلۆمه‌ترێكی چوار گۆشه ده‌گاته 31 تا 67 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، به گشتی پێشبینی ده‌كات، كه زیاتر له 300 هه‌زار مینی تر له ناوچه‌كانی ئه‌و وڵاته بوونی مابێ و پێویستی به پاككردنه‌وه بێت.
ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی تری تایبه‌ت به‌و بواره به‌رده‌وامن له هاریكاریكردنی وڵاتانی ناوچه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی به خێرایی ته‌واوی مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له ناوچه جیا جیاكان هه‌ڵبگرنه‌وه و ڕێ له كه‌وتنه‌وه‌ی قوربانی زیاتر له خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بگرن، جیا له‌وه‌یش ڕێكخراوه مرۆییه‌كان له زۆربه‌ی ناوچه‌كان كه مینی زۆری لێیه، نه‌خۆشخانه و به‌شی تایبه‌تیان كردووه‌ته‌وه، بۆ دروستكردنی په‌لی ده‌ستكرد، چونكه به‌شێكی قوربانییه‌كان كاتێك به‌ر مینه‌كان ده‌كه‌ون، كه‌مئه‌ندام ده‌بن و ده‌ست و قاچیان ده‌په‌ڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به ژیان بده‌ن، پێویسته هاوكاری و كۆمه‌كیان بكه‌ن.