بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بەشی یاسایی، ئەمڕۆ بڕیارێكی دەركردووە بۆ ساڵی نوێی خوێندن بۆ جلوبەرگی قوتابیان كە گۆڕانكاری تێدا كراوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەشی كاروباری یاسایی لە نووسراوێكی بۆ پەروەردەكان هاتووە بۆ خوێندنی ساڵی 2019 و 2020 شێوازی جلوبەرگی قوتابخانەكان لە باخچەكان تا ئامادەیی دیاری كراوە.
لە نووسراوەكە لیستی جلوبەرگی ساڵی داهاتووی بۆ باخچەی منداڵان بۆ كچان كراسی پەمەیی و لەگەڵ تەنوورە یان پانتۆڵی ڕەساسی دەبێت و بۆ كوڕان كراسی شین لەگەڵ پانتۆڵی ڕەساسی دەبێت.
لە نووسراوەكە بۆ جلوبەرگی قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی زانستی و وێژەیی و پیشەیی بۆ كچان لە پۆلی 10 و 11 و 12 تەنوورە یان پانتۆڵی ڕەش لەگەڵ كراسی سپی دەبێت و بۆ كوڕانیش پانتۆڵی ڕەش و لەگەڵ كراسی سپی دەبێت.
لە نووسراوەكە بۆ جلوبەرگی قۆناغی بنەڕەتی كە پۆلی حەوت و هەشت و نۆیە، بۆ كچان تەنوورە یان پانتۆڵی نیلی لەگەڵ كراسی سپی دەبێت و بۆ كوڕان پانتۆڵی نیلی و كراسی سپی دەبێت.
هەرچی قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتییە بۆ كچان تەنوورە یان پانتۆڵی ڕەساسی لەگەڵ كراسی سپی بۆ كوڕان پانتۆڵی ڕەساسی لەگەڵ كراسی سپی دیاری كراوە.
ئەو نووسراوە لە كاتێكدایە لە ساڵانی ڕابردوو قوتابیانی ئامادەیی كراسی شین و پانتۆڵی نیلییان لەبەر دەكرد.