بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:49:15/05/2019 ‌
بڕیارە لە چەند سەعاتی داهاتوو جارێكی تر مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆ ببێتەوە و سەرۆكی پەرلەمان لە نێوان ڕێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی یەكلا بكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئایار، میدیای یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی لە چەند سەعاتی داهاتوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا بابەتی‌ كاندیدی یەكێتی‌ بۆ پۆستی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان یەكلا بكرێتەوە، خۆ ئەگەر ئەو پرسەش لە مەكتەبی سیاسی یەكلا نەكرایەوە، ئەوا لە كۆبوونەوەی‌ ئەنجوومەنی‌ سەركردایەتیدا دەخرێتە دەنگدانەوە و یەكێكیان دەبنە سەرۆكی‌ پەرلەمان و كاندیدەكەی تریش دەبێتە سەرۆكی‌ فراكسیۆن.

باس لەوەش كراوە، یەكلاكردنەوەی‌ كاندیدی سەرۆكی‌ پەرلەمان بەر لە متمانەدان بەسەرۆكی‌ هەرێم دەبێت لە پەرلەمان، هەردوو كاندیدەكانی‌ یەكێتیش كە یەكلا دەكرێنەوە دواتر دەخرێنە بەردەمی ئەنجوومەنی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ كە هەریەك لە بێگەرد تاڵەبانی‌ و ڕێواز فایەق بۆ ئەو پۆستە كاندیدن.

دوای ڕێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تا ئێستە یەكێتی نەیتوانیوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلا بكاتەوە كە بەپێی ڕێككەوتن بۆ ئەو حزبە بووە.

دوێنێ‌ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێـتی لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، بەڵام لە كۆبوونەوەكە نەتوانرا هیچ بڕیارێك بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێ و ئەگەر یەكلا نەكرێتـەوە پرسەكە دەبرێت بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە.




وشە - رامیار جەواد