كادرێكی كۆمەڵ: كۆمەڵ حزبێكە هێشتە كێشەی حەڵاڵ و حەرامی نەورۆزی هەیە

:: AM:11:40:15/05/2019 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەست لەكاركێشانەوەی لە حزبەكەی ڕاگەیاند و دەڵێت، حزبێك تا ئێستە لەسەر پرسی حەڵاڵ و حەرامبوونی ئاگری نەورۆزی کێشەی هەیە، تێیدا بەردەوام نابم.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئایار، عەباس محەمەد  ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، من نامەوێت بەشێك بم لە بێدەنگی لەو ناهەقییەوە لەناو كۆمەڵ هەیە بەردەوام بم.

ئەندامەكەی ئەنجوومەن گوتی، حزبێك هێشتە كێشە حەڵاڵ و حەرامی نەورۆزی هەبێت هێشتا خۆی بە كۆمەڵێك شتی بچووك بەستبێتەوە چاوەڕانی چی لێ دەكرێت كە حزبێكی ئیسلامی بێت و خەباتی شار و شاخی هەبێت  %7ـی دەنگ بێنێت.

زیاتر ڕوونی كردەوە، ئەو بێباكییەی لەناو كۆمەڵ هەیە هۆكارێكی تری دەست لەكاركێشانەوەمە، چونكە بەهۆی بیانووی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان كەسانێك لەناو كۆمەڵ بە شاهانە دەژین و كەسانێك بە ژیانێكی سەخت.

باسی لەوەش كرد، بێباكی سەركردەكانی كۆمەڵ لە بەرانبەر دەست لەكاركێشانەوەی سێ‌ سەركردە و 70 كادر وایكردووە ئێمەش نەچینە ژێر ئەو بێمنەتییەی ئەو حزبە بۆیە دەستمان لەكار كێشایەوە.

لەماوەی ڕابردووش چەندان كەسی تر لەناو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەستیان لەكار كێشایەوە و تا ئێستە هیچ ڕوونكردنەوەیەك لەلایەن بەرپرسانی ئەو حزبە نەدراوە.



وشە - رامیار جەواد