بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە تاقیكردنەوەی سەرەتایین بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بۆ هێزەكانی ناوخۆ دابین بكەین.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئایار، سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لەگەڵ كۆمپانیای تویوتای عێراق لێكتێگەیشتنێكمان كردووە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بۆ هێزەكانی ناوخۆ دابین بكەن.
بەڕێوەبەری گشتی دیوان گوتی، ئەو ئۆتۆمبێلانە ئێستە لە تاقیكردنەوە دەبن بۆ ماوەی 60 ڕۆژ و سێ ئۆتۆمبێلی پۆلیسین و ئەگەر گونجاو بێت، ئەوا لە داهاتوو ئۆتۆمبێلەكانی پۆلیس بە كارەبایی دابین دەكرێت.
زیاتر ڕوونی دەكاتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلە تا خێرایی 60 بە كارەبایی كار دەكات و لە پاش ئەو خێراییە دەبێت بە بەنزین، هەروەها لە ئەگەری قبووڵكردنی، ئەوا بۆ هێزەكانی پۆلیس و هاتوچۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دابین دەكرێن.
باسی لەوەش كرد، بوونی ئۆتۆمبێلی لەو شێوەیە پێویستە كە دۆستی ژینگەیە و هیچ پاشماوەیەكی سووتەمەنی و گازی خنكێنەر بڵاو ناكاتەوە.