سەرۆك بارزانی لەگەڵ باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كۆ بووەوە

:: PM:01:32:15/05/2019 ‌
سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كۆ بووەوە و گفتوگۆ لەسەر كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ئێزیدییەكان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان و دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری لە ناوچەكانیان كرا.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئایار، بارەگای سەرۆك بارزانی بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلكس باڵوێزی بریتانیا لە عێراق و مارتین وار كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر كرد.

باس لەوەش كراوە، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی كرا، هەروەها بیروڕا لەبارەی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و وێڕای ئاماژەدان بە بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەكە دووپات لەوە كرایەوە كە گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكان نەبێتە هۆی ئەوەی سەرنج لەسەر شەڕی داعش كەم ببێتەوە.

لە هەواڵەكە ئاشكرا كراوە، ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان لە پارێزگای نەینەوا و كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ئێزیدییەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری لە ناوچەكانیان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.



وشە - رامیار جەواد