سیروان رۆژبەیانی: پێكەوەژیان دەگەڕێنینەوە بۆ مووسڵ

:: PM:03:03:15/05/2019 ‌
دوای دەستنیشانكردنی وەك جێگری پارێزگاری مووسڵ، ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان و گەڕانەوەی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان دەبێتە بەشێك لە كارنامەی سیروان رۆژبەیانی. ئەو دڵنیایی دەدات لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و دەڵێ، بە پشتیوانی هەموولایەك كار دەكەین بۆ دابینكردنی ئاو، كارەبا، تەندروستی و رێگەوبان.

سیروان رۆژبەیانی جێگری یەكەمی پارێزگاری مووسڵ بەڵێن بە هاووڵاتییان و لایەنە پێوەندیدارەكان دەدات، بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوەندی پارێزگا و شار و شارۆكە و گوندەكان، دەڵێ لەمەشدا كەمتەرخەمی ناكەین و لەوەش تێدەگەین كە بەهۆی داگیركردنی شارەكە لەلایەن داعش زیانی زۆری گیانی و ماڵی بەر خەڵك و شارەكە كەوتووە.

سیروان رۆژبەیانی بەڕێوەبەری پێشتری شارەدێی شەمامك كە رۆژی 13ی ئەم مانگە لە هەڵبژاردن بۆ پارێزگار و دوو جێگرەكەی لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك جێگری یەكەم هاتە هەڵبژاردن، لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بۆ "وشە" ناردووە، وێڕای سوپاسی بۆ ئەندامانی ئەنجوومەن و لایەنە سیاسییەكان لە دەستنیشانكردنی، دەڵێ ئەوە میدالیای شەرەفە و لە ئاستی ئەو متمانەیە دەبین بە خزمەتكردنی خەڵكی شارەكە، دڵنیاییش دەدات لەگەڵ مەنسوور مەرعید پارێزگاری شارەكە وەك یەك تیم كار بكەن بۆ سەروەركردنی یاسا و ئاوەدانكردنەوەی شارەكە.

سیروان رۆژبەیانی گوتی "یەكێك لە ئامانجەكانی داعش تێكدانی پێوەندی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی مووسڵ بوو، بۆیە لە روانگەی هەستكردن بە ئەركی سەرشانمان پارێزگاری لە بەها جوانەكانی پێكەوەژیانی شارەكە دەكەین، بە هەموو پێكهاتەكانی عەرەب، كورد، توركمان، مەسیحی، ئێزیدی، شەبەك، كاكەیی و سابیئەی مەندایی".

زیاتر گوتی "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییانی خۆشەویستمان كە بە پشتیوانی هەموولایەك، كار دەكەین بۆ پێشخستنی پارێزگای موسڵ لە هەموو روویەكەوە، بەتایبەتی پەلەكردن لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو، كارەبا، تەندروستی و رێگەوبان بۆ ئەم مەبەستەش جیاوازی لە نێوان هیچ پێكهاتە و ناوچەیەكدا ناكەین و ئەركی گرنگمان، ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان و دووبارە گەڕاندنەوەی ئاوارەكانە، بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

پێوەند بە ئێزیدییەكان كە بەهۆی دوورخستنەوەی قایمقامی شارەكە و پشتگوێخستنی لەلایەن نەوفەل عاكوب پارێزگاری دوورخراوە، تا ئێستەش دەیان هەزاریان لە كەمپەكانی سنووری دهۆك لە ئاوارەییدا دەژین. سیروان رۆژبەیانی دەڵێ، هەوڵەكان بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئێزیدییەكان بۆ ناوچەكانیان دەست پێ دەكەین و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیشیان دەدەین.


وشە - فه‌رمان سادق