هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت و گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ‌ كرا

:: PM:03:06:15/05/2019 ‌
مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن وێڵكس باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد. 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا كە مارتن وار كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و هەنگاوەكانی  پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشڤەچوونی پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ‌ كرا.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەو دیدارەدا كێشە و تەنگژەكانی كەركووك و شنگال و هاوئاهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دژی تیرۆریستانی داعش گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

 مەسروور بارزانی تیشكی خستە سەر گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەولێر و هیوای خواست لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو گفتوگۆیانە بە ئەنجام بگەن، بە پێویستی زانی لەوبارەوە بەریتانیا رۆڵی ئەرێنی خۆی بەشێوەیەك بگێڕێت كە لە بەرژەوەندی چارەسەرییەكان بێت. 

لای خۆیەوە باڵوێزی بەریتانیا خۆشحاڵی بەرانبەر پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و درێژەدان بە گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەربڕی و پشتگیری وڵاتەكەشی بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكان و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەكان نیشان دا، هیوای سەركەوتنی بۆ مەسروور بارزانی خواست لە سەرۆكایەتیكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم