مەسروور بارزانی پێوەندییەكانی كوردستانی لەگەڵ‌ باڵوێزی كۆماری بێلارووسیا لە عێراق تاوتوێ كرد

:: PM:04:18:15/05/2019 ‌
مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەندرێی ساڤینیك باڵوێزی كۆماری بێلارووسیا لە عێراق كرد.

بەپێی راگەیەنراوێكی نووسینگەی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەو دیدارێكدا، وێڕای تاوتوێكردنی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و هەوڵەكانی  پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەرەپێدانی پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری بێلارووسیا خرایەبەرباس.

لەو دیدارەدا مەسروور بارزانی، ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدان بە پێوەندی دووقۆڵی لەگەڵ كۆماری بێلاروسیا نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا كە لە هەرێمی كوردستان دەرفەتی باش و گونجاو بۆ كۆمپانیاكانی بیانی لە گشت سێكتەرەكان هەیە.

لەبەرانبەردا باڵوێزی كۆماری بێلارووسیا باسی لە توانای وڵاتەكەی لەڕووی پیشەسازی و ئابووری كرد و خۆشحاڵی خۆی بە پتەوكردنی پێوەندی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا، كە ئەوان لەلای خۆیانەوە خوازیارن لە زۆر بواردا، لەوانەش بوارەكانی بازرگانی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و كشتوكال لە نێوان كۆماری بێلارووسیا و هەرێمی كوردستان پەرەپێبدەن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم