نهێنییە هەواڵگرییەكەی هۆكاری جووڵەی سەربازی ئەمەریكا ئاشكرابوو

:: PM:01:25:16/05/2019 ‌
بەرپرسانی ئەمەریكی هۆكاری ئەو جموجووڵە سەربازییە و رەوانەكردنی چەندان كەشتی زەبەلاحی جەنگی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەست دەكەن بە هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا. رۆژنامەیەك تەواوی زانیارییە هەواڵگرییەكان ئاشكرا دەكات دەڵێ، سوپای پاسداران مووشەكی بە كەشتی بچووك گواستووەتەوە بۆ كەنداو كە جموجووڵەكان ئاماژەی جەنگ بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئایار، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" بڵاوی كردەوە كە لە رێی سێ بەرپرسی ئەمەریكی زانیاری لە بارەی جۆریەتی ئەو زانیارییە هەواڵگرییە بە دەست گەیشتووە كە كۆشكی سپی ناچار بە رەوانەكردنی هێز كرد بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژنامەكە لە زاری سێ بەرپرسی ئەمەریكی دەڵێ، زانیارییە هەواڵگرییەكان خۆیان لەو وێنانە دەبینییەوە كە ئێرانییەكان سەرقاڵی باركردنی مووشەك بوون بۆ سەر بەلەمی بچووك لە كەنداوی عەرەبی، ئەمەش بە ئاماژەی هێرشی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لێكدرایەوە.
 
بەگوێرەی ئەو وێنانەی كە لە رێی مانگی دەستكرد گیراون و بەرپرسانی ئەمەریكی بە تەواوەتی ترساندووە لەوەی سوپای پاسداران ویستی وەشاندنی گورزێكی مووشەكی هەبووبێت لە یەكە دەریاییەكان سوپای ئەمەریكا لە كەنداو.

زانیاری هەواڵگری تر باس لە هەڕەشەی تر دەكەن دژ بە كەشتییە بازرگانییەكانی كەنداوی عەرەبی، هاوكات باس لە ئەگەری هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەناو عێراق كرا بۆ سەر هێزەكانی سوپای ئەمەریكا.

وێنەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە هەڕەشەكانی ئەمجارەی ئێران هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆیان نەبووە، سێ بەرپرسی ئەمەریكیش كە قسەیان بۆ "نیویۆرك تایمز" كردووە، دووپات لەوە دەكەنەوە.

یەكێك لەو بەرپرسانەی قسەی بۆ رۆژنامەكە كردووە دەڵێ، وێنەكان و زانیارییەكان یەكتریان تەواو دەكرد، جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكایش پێی وایە ئێرانە ئامادەیی تەواو كردووە بۆ هێرشكرنە سەر سوپای ئەمەریكا.

ئەو زانیارییانە لە كاتێكدا بوو پێشتر راپۆرتە هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا هەمیشە باسیان لەوە دەكرد كە ئێران بەردەوامە لە پشتگیری میلیشیاكان لە وڵاتانی عەرەبی، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا هاوكێشەكە پێچەوانە دەبێتەوە و زانیارییە هەواڵگرییەكان باس لە هەڕەشە دەكەن بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، بەمەش هەڵسەنگاندنی پنتاگۆن لە بارەی هەڕەشەكان لە ناوچەكە گۆڕانیان بەسەر هات.

بەرپرسە ئەمەریكییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو زانیارییانە سەركردایەتی ئەمەریكی ناوەڕاست "سەنتكۆم"ی ناچار كرد كە كەشتی ئابراهام لنكۆڵن و فڕۆكەی بی 52 رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات وەك هەوڵێك بۆ رێگرتن لەهەر هێرشێك بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی.
 
بەڵام ئاژانسی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی دەڵێ، جووڵاندنی مووشەكی بالیستی لەلایەن ئێران هۆكاری ئەو جووڵە سەربازییەی ئەمەریكا بووە.


وشە - فه‌رمان سادق