شاسوار لەلایەن دادگاوە دەستبەسەر كرا

:: PM:02:41:16/05/2019 ‌
دوای دەركردنی فەرمانی گرتن بۆ سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید چووە بەردەم دادگا و دادوەر دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە لە دۆسیەكە و بڕیاری هێشتنەوەی دا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی ئایار، كاوە عەبدولقادر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە نەوەی نوێ‌ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دادگا بڕیاری هێشتنەوەی شاسوار دەركرد و ئێمەش پێیەوە پابەندین.

سەرچاوەیەك لە دادگای سلێمانی كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو مادەیەی شاسوار عەبدولواحید فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، یاسای ژمارە شەشی ساڵی ٢٠٠٨ لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندیكردنە.

پێشتر عومەر ئەحمەد گوتەبێژی دادگا بۆ "وشە" ئەوەی ئاشكرا كردبوو، سكاڵا دژی هەر كەسێك تۆمار بكرێت دادگا پابەندە بە گرتنی، بەڵام دەبێت سەرەتا بەڵگەكان لەسەر ئەو كەسە كۆ بكرێنەوە دواتر فەرمانی گرتنی بۆ دەردەچێت.

مانگی ڕابردوو پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، لەلایەن شاسوار عەبدولواحید و گرووپێكی نزیكیەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی فیلم و وێنەی ڕووتی لێ‌ كراوە و سكاڵای لە دادگا تۆمار كرد. هاوكات لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایە چەند كەسێك لە نەوەی نوێ‌ گیران و ددانپێدانیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بڵاو كرایەوە.
 سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد