كۆنترۆڵی چەند جۆرێكی شێرپەنجە دۆزرایەوە

:: PM:03:29:16/05/2019 ‌
بەگوێرەی توێژینەوەیەك دەركەوتووە پێنج خووی هەڵە رەنگە دووچاری شێرپەنجەمان بكات. توێژینەوەكە لە بەڕازیل ئەنجام دراوە دەركەوتووە 114 هەزار كەس بەهۆیەوە دووچاری شێرپەنجە بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئایار، ئەنجامی توێژینەوەیەكی تەندروستی ئاشكرا كە لێكۆڵەران لە زانكۆی پزیشكی ساوپاوڵۆی بەڕازیلی و كۆلیژی هارفارد بۆ تەندروستی گشتی لە ئەمەریكا ئەنجامیان دابوو، لە دوا ژمارەی گۆڤاری " Cancer Epidemiology "ی زانستی وەرزی بڵاو كراوەتەوە.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی توێژینەوەكە بێت دەركەوتووە كە پێنج خوو یان هۆكار هەن كە رۆژانە بێ گوێ پێدان بەكاری دەهێنین، هەر پێنج هۆكار بەیەكەوە ئەگەری تووشبوونمان بە شێرپەنجە زیاتر دەكات، ئەوانیش جگەرەكیشان، خواردنەوەی كحوول، زیادەی كێش یان قەڵەوی، خواردنی خواردنە خێراكان، كەمی چالاكی جەستەیی.

دەرئەنجامی توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو خووانە پێوەندار بوونە بە تووشبوونی 114 هەزار و 497 كەس لە بەڕازیل بە نەخۆشیی شێرپەنجە، ئەو ژمارەیەش یەكسانە بە 27%ی تەواوی ئەو مرۆڤانەی لە دنیادا شێرپەنجەیان هەیە. هەر لە توێژینەوەكەدا ئەوەش ئاشكرابوو كە ئەو پێنج خووە بەرپرس بووە لە مردنی 63 هەزار كەس كە دەكاتە 34%ی كۆی ئەو نەخۆشانەی لە بەڕازیل بەهۆی شێرپەنجە گیانیان لە دەست داوە.

تیمی توێژینەوەكە دەڵێن، دەكرێت كۆنتڕۆڵی نیوەی شێرپەنجەكانی گەروو، بۆڕی هەناسە، دەم، كۆلۆن و چەند جۆرێكیش تریش بكرێت ئەگەر ئەو كەسە واز لە جگەرە و خواردنەوەی كحوول بهێنێت و هەوڵ بدات كێشی زیاد نەكات و خۆیشی لە خواردنی خێرا بە دوور بگرێت.

دكتۆر لیاندرۆ ریزیندی سەركردەی تیمی توێژینەوەكە گوتی، "شۆك بووین كاتێك لە توێژینەوەكاندا لێرە لە بەڕازیل بۆمان دەركەوت كە ئەو پێنج خووە چەندە كاریگەرییان لەسەر شێرپەنجە جێهێشتووە، دەكرێت ئەو هۆكارە مەترسیدارانە لە ژیانی رۆژانەماندا پشتگوێیان بخەین".

زیاتر گوتی "شێرپەنجە نەخۆشییەكی فرەجۆرە و هۆكارە و یەكێكە لە هۆیە سەرەكییەكانی مردنی خەڵك لە بەڕازیل و رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەكات تا ساڵی 2025 رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لەو وڵاتە بگاتە 50%، ئەمەش لەسەر بنەمای گەشەی دانیشتووان و پیربوونی دانیشتووان".


رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوە كرد كە نەخۆشیی شێرپەنجە یەكێكە لەو نەخۆشییانەی هۆكاری سەرەكی مردنن بە رێژەی 13%ی كۆی ئەوانەی لەسەر گۆی زەوی گیان لە دەست دەدەن.



وشە - فه‌رمان سادق