د. سه‌لام زوبێدی شاره‌زای سیاسی و ستراتیجی عێراق و سه‌رۆكی ده‌زگه‌ی مهسا، له‌م دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا رای ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ر كاتێك گه‌ڕاینه‌وه بۆ په‌ره‌سه‌ندنی تایفی، تیرۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه عێراق. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، "له هاتنی عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه دۆخێكی زۆر ئه‌رێنی له نێوان هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ هاتووه‌ته ئاراوه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ردانه مێژووییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا".
*راپۆرته‌كان باس له بوونی مه‌ترسی جیاجیا له‌سه‌ر حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌م هاوینه‌دا، راستییه‌كه چییه له دیدی ئێوه‌وه؟
تا ئێسته ئێمه نه‌گه‌یشتووینه‌ته پێگه‌یشتوویی سیاسی تا ئاستێك بتوانین قه‌ناعه‌تێكی ته‌واو به شه‌قامی عێراقی بێنین كه ئه‌و حكوومه‌ته‌ی ئێسته به‌ڕاستی حكوومه‌تی رزگاركاری ئه‌وانه و به‌ڵێنی چاكسازی و گۆڕانكاری داوه. به‌ڵێ چه‌ند هه‌نگاوێكی رژد له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌بوو بۆ چاكسازی له چه‌ندان دۆسیه كه گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق به‌ده‌ستیانه‌وه ده‌یناڵاند، له‌وانه بابه‌تی خزمه‌تگوزارییه‌كان كه راسته‌وخۆ پێوه‌سته به هاووڵاتییان.
پێم وایه هه‌نگاوه‌كانی عه‌بدولمه‌هدی زۆر شه‌رمنانه بوو كه سه‌ره‌ڕای گۆڕانكاری گه‌وره له پرۆسه‌ی سیاسی، به‌ڵام كاره‌كانی له‌سه‌ر زه‌وی له‌و ئاسته نه‌بوو، بینیمان كۆنكریته‌كانی له شه‌قامه‌كانی به‌غدا لادا، كه‌چی به‌داخه‌وه هه‌نگاوه‌كانی تری ته‌نیا بۆ راگه‌یاندن بوو، ته‌نانه‌ت سوودێكی ئه‌وتۆمان له سه‌ردانه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه و كرانه‌وه و جموجووڵه دیپلۆماسییه‌كانی نه‌بینی.
تا ئێسته هاووڵاتییانی عێراق ده‌ناڵێنن، به‌تایبه‌تی كه به‌ره‌و وه‌رزی هاوین ده‌چین و دۆخی كاره‌با زۆر خراپه و هیچ چاره‌سه‌ری بۆ نه‌كراوه، جیا له كه‌رته‌كانی تری خزمه‌تگوزاری وه‌ك ته‌ندروستی و ژێرخانه وێرانه‌كه‌ی سه‌رانسه‌ری پارێزگاكانی عێراق كه ئه‌وانیش به‌ده‌ست نه‌هامه‌تییه‌وه ده‌ناڵێنن، جگه له هه‌رێمی كوردستان كه توانیویه‌تی بازدانێكی جۆری له خزمه‌تگوزاریدا ئه‌نجام بدات، بۆیه داوا له عادل عه‌بدولمه‌هدی و حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌كه‌ین زیاتر كرداریان هه‌بێت و به‌رنامه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات، چونكه به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌كی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌و ئه‌گه‌ر به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كات.
*ئایا ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێكی تر له شوێنی عادل عه‌بدولمه‌هدی بێت و به‌هۆی ئه‌و به‌شبه‌شێنه تایفییه‌ی له عێراق هه‌یه، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟
ئێسته عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌رپرسیارێتی دیاریكردنی شێوه‌ی سیستمی سیاسی ده‌گرێته ئه‌ستۆ، چونكه ئه‌و قبووڵی وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی كرد كه وه‌ك خۆی گوتی ئه‌ركێكی زۆر سه‌خت بوو، به‌ڵام ئه‌و به مه‌رجی دیاریكراو وه‌ریگرت، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر گونجاو و خاوه‌ن باكگراوه‌ندێكی باشی سیاسییه و درككردنی ته‌واوی به پرۆسه‌ی سیاسی له 2003ه‌وه تا ئێسته هه‌یه، بۆیه ئه‌و زیاتر له هه‌ر كه‌سێكی تر شاره‌زایه له سیستمی سیاسیی عێراق.
پێم وایه ئه‌و به‌هاوشێوه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی تری پێشوو كه‌وتووه‌ته تۆڕی هێزه سیاسییه‌كانه‌وه كه رێ به‌هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێك ناده‌ن بێ ره‌چاوكردنی ناوی، رێی پێ ناده‌ن به‌رنامه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات به‌ره‌و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی، هۆی سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه كه ده‌ستوور له دۆخێكی ته‌مومژاوی نووسراوه و پڕه له كێڵگه‌ی مین. ده‌ستوور بوار بۆ هێز و پارته سیاسییه باڵاده‌سته‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت ببنه پۆلیسی پاسه‌وان به‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه، بۆیه عه‌بدولمه‌هدی به‌ستراوه‌ته‌وه و كۆت كراوه له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه سیاسییانه‌وه و هه‌ر ئه‌وانن دۆخی سیاسی به‌ڕێوه ده‌به‌ن و بڕیار ده‌ده‌ن.
له سایه‌ی نه‌گۆڕینی ده‌ستوور و یاساكان، هه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانێك بێت له شوێنی عه‌بدولمه‌هدی شكست دێنێت له جێبه‌جێكردنی خواستی خه‌ڵك، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سێكی قبووڵكراو و هاوسه‌نگه و ئه‌و شێوازه‌ی هه‌یه‌تی توانی تا ئێسته حكوومه‌ته‌كه‌ی له كه‌وتن بپارێزێت، به‌ڵام به‌هۆی مانه‌وه‌ی خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه پێم وایه عه‌بدولمه‌هدی ده‌بێته قوربانییه‌كی تری هێزه سیاسییه‌كان و شكستی سیاسی له هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌هۆی باڵاده‌ستی پارته سیاسییه‌كان به‌سه‌ر دۆخ و بڕیار له عێراق.
*له نێوان گوشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران و ململانێی جه‌مسه‌ره جیاوازه‌كان له ناوچه‌كه، هه‌ڵوێستی عێراق چی ده‌بێت؟
هه‌ڵوێستی عێراق له‌لایه‌ن عادل عهبدلمههدییهوه هاته به‌رجه‌سته‌كردن كه له یه‌كێك له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كانیدا گوتی، ئێمه به‌شێك نابین له‌و سزایانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران و ناشبینه لایه‌نێك بۆ شكاندنی سزاكان، ئه‌و لێدوانه‌شی هاوسه‌نگ بوو و جۆرێك له دووسه‌ری تێدا بوو، به‌ڵام وه‌ڵامێكی دیپلۆماسییانه بوو كه ناكرێت ئێران وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ له ده‌ست بده‌ین كه یارمه‌تی عێراقی داوه له جه‌نگی دژ به داعش و چه‌ند خاڵی هاوبه‌شمان هه‌یه، جیا له قه‌باره‌ی ئالوگۆڕی بازرگانی و ئابووری له نێوان هه‌ردوو وڵات.
بۆیه ئه‌و دۆخه عێراقی خسته گۆشه‌یه‌كی شلۆق به‌وه‌ی ناتوانێ به ئه‌مه‌ریكا بڵێت نا و ناشتوانێت به ئێران بڵێت ده‌بینه به‌شێك له سزاكان كه ئه‌وكات عێراق ده‌بێته گۆڕه‌پانێك بۆ ململانێی جه‌مسه‌ره نه‌یاره‌كان له ئه‌مه‌ریكا و ئێران، پێم وایه له‌و قۆناغه‌دا عێراق خۆی له‌وه ده‌پارێزێت ببێته ناوچه‌یه‌كی ململانێ، هاوكات خۆی و گه‌له‌كه‌ی ده‌پارێزێت له سزاكانی ئه‌مه‌ریكا یان دروستبوونه‌وه‌ی داعشێكی تر، به‌تایبه‌تی كه تازه له جه‌نگێكی سه‌خت هاتووه‌ته ده‌ره‌وه.
عێراق باش ده‌زانێ ئه‌مه‌ریكا رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه له سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌مه‌ریكا خۆی ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر عێراق له باوه‌شی ئێران بمێنێته‌وه، زۆر شت ده‌گۆڕێت، بۆیه پاڵی به سعوودیه و وڵاتانی كه‌نداوه‌وه نا بۆ قووڵایی عێراق و ده‌یه‌وێت له ئێرانی دوور بخاته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌شێكه له جه‌نگی ئابووری و ئه‌و جه‌نگه نه‌رمه‌ی له به‌رانبه‌ر ئێران ده‌یكات.
*ئێسته ناو ماڵی كورد به‌ره‌و خۆڕێكخستنه‌وه‌یه و به‌غداش ئاماده‌یی خۆی پێشان داوه بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم، داهاتووی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا چۆن ده‌بینن؟
له‌وه‌ته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له عێراق ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته ده‌ست، كه‌شێكی له‌بار و زۆر ئه‌رێنی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵ هاتووه‌ته ئاراوه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ردانه مێژووییه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی بۆ به‌غدا، كه تێیدا چه‌ندان رێككه‌وتن و چاره‌سه‌ری چه‌ندان كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو كرا و ئه‌و گرژیانهیشی نه‌هێشت كه به به‌رده‌وام له نێوان هه‌ردوولا دروست ده‌بوو.
پێم وایه پێوه‌ندییه ئه‌رێنییه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌گه‌ڵ هه‌رێم زۆر له به‌سته‌ڵه‌كی ناكۆكییه‌كانی توانده‌وه و خاڵه‌كانی خسته سه‌ر پیته‌كان، راسته تا ئێسته‌یش پێوه‌ندییه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته پێگه‌یشتنی ته‌واو كه چه‌ند كێشه‌یه‌ك به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام بژاره‌ی دیپلۆماسی و لێكگه‌یشتن و خستنه‌ڕووی كێشه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ باشترین چاره‌سه‌رییه بۆ هه‌ردوولا له‌بری په‌ره‌سه‌ندن و ئاڵۆزبوون كه خزمه‌تی هیچیان ناكات و تووشی كێشه‌یان ده‌كات، بۆیه پێم وایه تا ئێسته نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئاستی خوازراوی 100% بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان كه به‌شێكیان پێویستیان به لێكگه‌یشتنی زیاتر هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌مووان له‌ژێر سایه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵ‌دا بن.
تا ئێسته كێشه له‌باره‌ی هه‌ناردنی نه‌وت و داهاته‌كان و بودجه هه‌یه، به‌ڵام پێم وایه له داهاتوویه‌كی نزیك هه‌موو ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر ده‌بن، چونكه سیاسه‌تی ئابوورییانه و گفتوگۆیانه‌ی عه‌بدولمه‌هدی، ده‌توانێ به‌سته‌ڵه‌كه‌كان بتوێنێته‌وه و ده‌كرێ بۆ قۆناغی داهاتوو پێوه‌ندییه‌كی سه‌قامگیرتری ناوه‌ند و هه‌رێم ببینین تا بتوانین ده‌وڵه‌تێك و هه‌رێمێكی هاوسه‌نگ بنیات بنێین.
*دوا تۆماری ڤیدیۆیی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی مانای چی بوو، ئاخۆ ئێمه له به‌رده‌م قۆناغێكی تری مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعشین؟
ده‌ركه‌وتنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له تۆماره ڤیدیۆییه‌كه، په‌یامێكی ئه‌مه‌ریكا بوو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌ڵستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌كه‌ن له ناوچه‌كه‌دا، بۆیه پێم وایه تۆماره‌كه دروستكراوی ئه‌مه‌ریكایه وه‌ك پێشتر ڤیدیۆیه‌كی هاوشێوه‌ی عیزه‌ت ئیبراهیم بڵاو كرایه‌وه كه ئه‌وانه هه‌ر ماون له‌سه‌ر زه‌وی، بۆیه چه‌ند لایه‌نێك ئه‌و ڤیدیۆیانه تۆمار ده‌كه‌ن و له‌كاتی دیاریكراو په‌خشیان ده‌كه‌ن.
له‌لایه‌كی تر راسته مه‌ترسی تیرۆر تا ئێسته هه‌ر ماوه و نه‌توانراوه له ناوچه‌كانی سووریای سه‌ر سنووری عێراق كۆتایان پێ بهێنرێت، هه‌روه‌ها پاشماوه‌ی رێكخراوی داعش له‌سه‌ر خاكی عێراق ماوه و لێره و له‌وێ كرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، پێویسته پلانێكی نوێ هه‌بێت بۆ له‌ناوبردنیان و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه بكرێت بۆ رێگرتن له دزه‌كردنیان بۆ ناو خاكی عێراق.
پێویسته لێكگه‌یشتنی سیاسی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه هه‌بێت بۆ دوورخستنه‌وه‌ی تیرۆر له عێراق، چونكه پێم وایه تیرۆر له رووی هۆكار و ئامراز و دروستبوونیه‌وه به‌ر له‌وه‌ی ته‌ناهی بێت، سیاسییه، بۆیه ئه‌و كرانه‌وه‌ی عێراق به‌رووی وڵاتانی دراوسێ یارمه‌تی عێراقی دا بۆ رزگاربوون له تیرۆر و هه‌ر كاتێك گه‌ڕاینه‌وه بۆ په‌ره‌سه‌ندن و ئاڵۆزی و تایفیه‌ت له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌دا، ئه‌وكات تیرۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه عێراق.