له كۆندا قه‌ره‌جه‌كان ناسرابوون بەو توێژەی كۆمه‌ڵگه كه هیچ شوێنێكی نیشته‌جێبوونیان نییه، واته گه‌ڕۆكن و هه‌ر ماوه‌یه‌ك له شوێنێك ده‌ژین، به‌ڵام ئێسته ژیانی قه‌ره‌جه‌كانی كوردستان تا ئاستێك مانایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی وه‌رگرتووه و وه‌ك توێژێکی ئاسایی كۆمه‌ڵگه ده‌ژین و هاوشانی هه‌ر تاكێكی تر داوای مافی نیشته‌جێبوونیان ده‌كه‌ن.
فاخیر حازم قه‌ره‌ج سه‌رۆكی سه‌نته‌ر و ڕێكخراوی ڕۆشنبیریی قه‌ره‌ج، وه‌ك خه‌مخۆری دۆزی قه‌ره‌ج له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا هه‌وڵی ناساندنی ئه‌و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه به هاووڵاتییان ده‌دات و ده‌ڵێ، "ده‌مه‌وێ مانای ڕاسته‌قینه‌ی قه‌ره‌ج به هه‌موو تاكێك بناسێنم و ژیانی خێزانیی قه‌ره‌جه‌كان باشتر بكه‌م".
له كوردستان قه‌ره‌جه‌كان كێن؟
قه‌ره‌ج وه‌ك هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تری كۆمه‌ڵگه له ژماره‌یه‌ك تیره‌ی وه‌ك موكری و هوستا، بنه‌ماڵه‌ی وه‌ك میر و عه‌مر و خێزانی گه‌وره پێك هاتوون، له كوردستان له پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك ده‌ژین و ڕێژه‌یه‌كی زۆری كۆمه‌ڵگه پێك دێنن، خاوه‌نی كولتوور و شێوازی ژیانی تایبه‌ت به خۆیانن و گوزه‌رانێكی ئاسایی به‌ڕێ ده‌كه‌ن.
هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فه‌رمیی هه‌یه ئێوه وه‌ك قه‌ره‌ج بناسێنێت و وه‌ك تاكی عێراقی هه‌ژمارتان بكات؟
له ساڵی 1957 سه‌رژمێرییه‌ك بۆ دانیشتووانی عێراق كراوه، له‌و كاته‌وه به‌پێی شوێنی جیۆگرافیی ناسنامه بۆ قه‌ره‌جه‌كان ده‌رده‌كرا، ئیتر به‌شێكی ناسنامه‌كان ناوی قه‌ره‌جی له‌سه‌ر ده‌نووسرا و هه‌ندێكیشیان نه‌نووسرا. دواتر كاتێك له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان بۆ قه‌ره‌ج ده‌رده‌كرد، وه‌ك هاووڵاتییه‌كی ئاسایی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌ده‌كرا، واته ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیویستایه ڕه‌گه‌زنامه ده‌ربكات، ته‌نیا پێویستی به ڕه‌گه‌زنامه‌ی كه‌سێكی تری خێزانه‌كه‌ی ده‌بوو. به‌ڵام قه‌ره‌جه‌كان ده‌بوو موختار، پۆلیس، ناسنامه و ئه‌م شتانه ئاماده بكه‌ن، دواتر ڕه‌گه‌زنامه‌یان له هه‌ولێر پێ ده‌دان نه‌ك له به‌غدا.
له ماوه‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بڕیاری دا كارتی نیشتمانیتان پێ بدات، وه‌رتانگرتووه؟
نه‌خێر تا ئێسته‌یش به‌شێك له قه‌ره‌جه‌كان چوون كارتی نیشتمانی وه‌ربگرن، به‌ڵام پێیان ده‌ڵێن ئێوه ڕهگهزنامهكانتان له هه‌ولێر وه‌رگرتووه، ده‌بێ له به‌غدا وه‌ریبگرن، ئینجا كارتی نیشتمانیتان پێ ده‌درێت. واته ئه‌و ڕه‌گه‌زنامه‌یه‌ی ئێمه به كه‌ڵكی ئه‌وه نایه‌ت پاسپۆرتیشی پێ وه‌ربگرین نه‌ك هه‌ر كارتی نیشتمانی.
كه‌واته بۆچی ڕهگهزنامهتان له به‌غدا ده‌رنه‌ده‌كرد؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره له چه‌ندان خولی په‌رله‌ماندا قسه‌م له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران كردووه، به‌ڵام پێم ڕاگه‌یه‌نراوه كه ئێمه‌ی قه‌ره‌ج بۆمان نه‌بوو ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقیمان هه‌بێت، چونكه ئێره به وڵاتی ئێمه هه‌ژمار ناكرێ و ئه‌گه‌ری هه‌یه له هه‌ر كاتێكدا بڕۆین و وڵات به‌جێ بێڵین.
ئه‌ی چۆن ده‌تانه‌وێ مافه‌كانتان به‌ده‌ست بێنن؟
ده‌مانه‌وێ نوێنه‌رێكمان له په‌رله‌مان هه‌بێ، چونكه ژماره‌مان له 15 بۆ 20 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه، ئه‌مه‌یش مانای وایه ئه‌گه‌ر به‌شداری خولێكی په‌رله‌مان بكه‌ین، به ئاسانی ده‌توانین تا دوو كورسی به‌ده‌ست بێنین، له‌و ڕێیه‌شه‌وه ئاسانتر داوای مافه‌كانمان بكه‌ین و داواكارییه‌كانمان به لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار بگه‌یه‌نین.
داوای چی ده‌كه‌ن؟
ده‌مانه‌وێ وه‌ك تاكێكی كورد سه‌یر بكرێین، ئێمه ڕێژه‌مان ڕه‌نگه له توركمان، كریستیان یان هه‌ر توێژێکی تر زۆرتر بێت، به‌ڵام مافمان پێ نه‌دراوه بڕۆینه په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت تا ئێسته من یان هیچ نوێنه‌رێكی ئێمه نه‌یتوانیوه سه‌رۆكی حكوومه‌ت ببینێت و باسی كێشه‌كانی خۆمانی بۆ بكه‌ین، به‌ڵام نوێنه‌ری هه‌موو چینێكی تری كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌ت و به‌رپرسانی باڵا كۆ ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و جیاكارییه‌یه كه داوا ده‌كه‌ین نه‌مێنێت.
به‌ڵام له‌ناو خه‌ڵك ناوتان باش نییه، ئایا تا چه‌ند له‌و پێناسه‌یه ڕازین كه بۆتان ده‌كرێ؟
لێره ناوێكی زۆر نامۆ و نه‌شیاو به قه‌ره‌جه‌كان دراوه، به سواڵكه‌ر، مرۆڤی پیس و پۆخڵ، بێ سه‌روشوێن و هه‌ندێك له ئاواره‌ش پێیان ده‌گوترێت قه‌ره‌ج، ئه‌مه وای كردووه زۆربه‌مان نه‌توانین به ئاسایی لای خه‌ڵك باسی بكه‌ین كه قهرهجین، چونكه یه‌كسه‌ر یه‌كێك له‌و شتانه دێته به‌رچاویان، ته‌نانه‌ت كاتێك سه‌ره‌تا سه‌نته‌ری ڕۆشنبیریی قهرهجمان دامه‌زراند، چه‌ندان كێشه‌مان بۆ دروست بوو، چونكه ناوی قهرهجمان لێ ناوه.
كه‌واته ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام و ترافیكه‌كان ده‌وه‌ستن و سواڵ ده‌كه‌ن، قه‌ره‌ج نین؟
ناتوانم بڵێم قه‌ره‌جی تێدا نییه، به‌ڵام ڕێژه‌یه‌كی كه‌می قه‌ره‌جه، ئه‌وان کەسانی تری كۆمه‌ڵگه‌ن و به ناوی قه‌ره‌جه‌وه ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن، ناوی قه‌ره‌ج له‌ناو خه‌ڵك ناشیرین ده‌كه‌ن.
پلانتان چییه بۆ ناساندنی دیوی راستی قه‌ره‌جه‌كان وه‌ك خۆت باسی ده‌كه‌ی؟
كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌م چه‌ندان سیمینار له كۆلێژ و په‌یمانگه‌كان بۆ ناساندنی قه‌ره‌ج له كوردستان ساز بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتوو و خوێنده‌وارانی كوردستان له شێوازی ژیان و قۆناغه‌كانی پێگه‌یشتنمان تێبگه‌ن و ناوێكی نوێ به قه‌ره‌ج بده‌ن و به ڕاستیی بیانناسن.
ئێسته قه‌ره‌جه‌كان چۆنن و ئاستی ڕۆشنبیرییان چۆنه؟
قه‌ره‌ج كه‌سانی ڕۆشنبیر و خوێنده‌واری زۆریان تێدایه، به‌هۆی زیادبوونی قوتابخانه‌كان ئێسته ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌وار له ناوماندا زۆر كه‌میی كردووه، ساڵانه ده‌چنه زانكۆ به‌رزه‌كانی كوردستان و له‌وێش سه‌ركه‌وتنی باش به‌ده‌ست دێنن، ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ی به‌شێكی زۆری هاووڵاتییانی ناوچه‌كه، قه‌ره‌جه‌كان ئازادیی ته‌واو و مافیان به ژنان داوه و له پێش كوڕه‌كانیان كچان بۆ خوێندن ده‌نێرن.
كار و پیشه‌تان چییه؟
له كۆنه‌وه قه‌ره‌جه‌كان به لێهاتوویی له كاری ده‌ستی، سوودبینین له چه‌رمی ئاژه‌ڵ، دارتاشی و دروستكردنی پێداویستییه‌كانی ناوماڵ ناویان ده‌ركردووه. دڵنیام به ده‌گمه‌ن ماڵ هه‌یه به‌رهه‌می قه‌ره‌جه‌كانی به‌كار نه‌هێنابێت و سوودی له لانك، كورسی، مێزی كاری ده‌ستی قه‌ره‌جه‌كان وه‌رنه‌گرتبێت. تا ئێسته ئه‌و جۆره كارانه و ده‌یان كاری تر بۆ بژێوی خۆیان ده‌كه‌ن و ژیانێكی ئاسایی به‌ڕێ ده‌كه‌ن.
*پێویست نوێنه‌رێكمان له په‌رله‌مان هه‌بێت و داواكارییه‌كانمان به حكوومه‌ت بگه‌یه‌نێت.
*قه‌ره‌جه‌كان خوێنده‌وار و ڕۆشنبیرن، به‌ڵام له كوردستان وه‌ك سواڵكه‌ر ناسێنراون.
*كچه‌كانمان له پێش كوڕ ده‌نێرین بۆ خوێندن و ئازادمان كردوون.