سیروان رۆژبه‌یانی جێگری پارێزگاری مووسڵ كه رۆژی دووشه‌می رابردوو هاته هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و پۆسته، رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌زموونی كارگێڕی هۆی ده‌ستنیشانكردنى بووه بۆ جێگری پارێزگاری مووسڵ ئه‌گه‌رچی له‌ناو پارتیش كاندیدی تر هه‌بوون. ئه‌و كه له‌سه‌ر پشكی پارتى له به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی شه‌مامكه‌وه كرا به جێگری پارێزگار، دووپاتی ده‌كاته‌وه "ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان له گه‌نده‌ڵی هه‌یه، له پۆسته‌كانیان دوور ده‌خرێنه‌وه".
پێوه‌ند به ناوچه كوردستانییه‌كانیش سیروان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه كار ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیداره‌ى شه‌رعیی شنگال و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه بۆ پێش هاتنی داعش، هه‌وڵی گه‌یاندنى خزمه‌تگوزاری بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان ده‌ده‌ن.
چۆن بوو لیستى پارتى له ئه‌نجوومه‌ن جگه له ئێوه، سێ كاندیدی تری هه‌بوو، بۆ ئه‌مه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌ن یه‌كلا نه‌كرایه‌وه؟
خۆی ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه، جگه له‌وه‌ى له‌ناو لیستى پارتیمان سێ كاندیدی تریش هه‌بوون، خه‌ڵكی تریش هه‌بوون خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته كاندید كردبوو. له‌ناو لیستى پارتیمان ده‌نگدان بۆ كاندیده‌كان نه‌كرا تا یه‌ك كه‌س كاندید بكرێت، بۆیه پرسه‌كه برایه ئه‌نجوومه‌ن تا له‌وێ یه‌كلا بكرێته‌وه. سوپاسی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن ده‌كه‌ین كه ئه‌و متمانه‌یان به ئێمه دا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ئاستى ئه‌و متمانه بین.
له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك له كۆی 28 ئه‌ندامی ئاماده‌بوو 26یان ده‌نگیان به ئێوه دا، كه‌واته ده‌بێت پشتگیری پارتیت هه‌بووبێت؟
ماوه‌ى 11 ساڵ ئه‌زموونی كارگێڕیمان هه‌یه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی شه‌مامك، له دایكبووی شێخانم كه سه‌ربه مووسڵه، مه‌رجه‌كانی پێویست له مندا هه‌بوو. پێم وایه ئه‌زموونی كارگێڕی زیاتر هۆكار بوو له‌وه‌ى ده‌نگ بهێنم و ده‌ستنیشان بكرێم، ئه‌گه‌رچی ركابه‌ریم هه‌بوو.
چی ئاگاداری ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان لیستى پارتى و لیسته‌كانی تری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وای كه ئێوه به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه بوون به جێگری پارێزگار؟
هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كم له‌سه‌ر ئه‌وه نییه و ئه‌و پرسه ئه‌نجوومه‌ن پێی هه‌ڵساوه، له‌ناو ورده‌كاری روونكردنه‌وه‌كه نیم.
له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌ن له كۆی 39 ئه‌ندام، 28 ئه‌ندام ئاماده بوون، ئه‌وه چۆن بوو، ده‌كرێت روونی بكه‌یته‌وه؟
پرۆسه‌كه یاسایی بوو، رێژه‌ى یاسایی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بوون. ئه‌وانه‌یشى به‌شدارییان نه‌كرد هێنده‌ى بزانم پشتگیری‌یان له كه‌سێكی تر ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته پارێزگار، بۆیه ئاماده نه‌بوونیان پێوه‌ندی به پۆستى جێگری پارێزگار نه‌بوو كه یه‌كلا كراوه‌ته‌وه بۆ لیستى پارتی دیمو‌كراتى كوردستان. ئه‌وان ده‌یانزانی ده‌نگی پێویست به‌رانبه‌ر به مه‌نسوور مه‌رعید ناهێنن، بۆیه به‌شدارییان نه‌كرد و هه‌وڵیان دا دانیشتنه‌كه دوا بخرێت.
ئێوه ئه‌زموونی كارگێڕیتان هه‌بووه و پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی شه‌مامك بوون، كه‌واته ده‌زانن ناوچه كوردستانییه‌كان پێویستیان به‌چی هه‌یه، به‌نیازن چی بكه‌ن بۆ ئه‌و ناوچانه كه پێشتر له‌لایه‌ن پارێزگاره‌كانی ئه‌و شاره‌وه به جۆرێك له جۆره‌كان پشتگوێ خرابوون؟
ئه‌وله‌ویه‌تى كاره‌كانمان خزمه‌تكردنه به هه‌موو مووسڵ و ناوچه كوردستانییه‌كانیش به‌تایبه‌ت. هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئاواره‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان و سه‌قامگیری له مووسڵ دابین بكه‌ین و خزمه‌تگوزاری بۆ خه‌ڵك دابین بكه‌ین، چونكه مووسڵ شارێكی وێرانه و ئه‌ركێكی قورس له به‌رده‌مماندایه.
پێوه‌ند به ناوچه كوردستانییه‌كانیش، ئه‌ركی ئێمه‌یه ده‌نگی كورد بگه‌یه‌نین به تایبه‌ت له مه‌خموور تا شنگال، سه‌ردانی مه‌یدانی ده‌كه‌ین و راپۆرت له‌سه‌ر پێویستییه‌كانیان ده‌نووسینه‌وه و ده‌یخه‌ینه كارنامه‌ی كاره‌كان و پڕۆژه‌كان.
ده‌زانن دۆخی شنگال چۆنه، له دیدی پارتى كه‌سێك كراوه‌ته قایمقام كه شه‌رعیه‌تى نییه؟
بێگومان ئه‌و كه‌سه‌ى كراوه‌ته قایمقامی شنگال هیچ شه‌رعییه‌تێكی نییه، به زۆر قایمقامی شه‌رعی شنگال دوور خراوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌مه یه‌كێك ده‌بێت له كاره هه‌ره گرنگه‌كانی ئێمه، كار ده‌كه‌ین بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیداره‌ى شه‌رعی شنگال و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه بۆ پێش هاتنی داعش، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا ده‌بێت گرنگی تایبه‌ت به شنگال و مه‌خموور و شێخان و زومار بدرێت، چونكه ئه‌وانیش ئاواره بوون و زیانیان به‌ركه‌وتووه.
یه‌كێك له داواكارییه سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌ڵكی مووسڵ ده‌ركردنى حه‌شدی شه‌عبییه له‌و شاره، ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن باره‌گاكانیان له سه‌نته‌ری شار دوور بخرێنه‌وه، ئه‌وه چۆن ده‌كرێت؟
سه‌پاندنى سه‌قامگیری مووسڵ له پێش هه‌موو كارێكمان ده‌بێت. له‌گه‌ڵ پارێزگار و لیژنه‌ى ته‌ناهی و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه ده‌ده‌ین كه پێویسته چی بكرێت، بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ین هه‌ر لایه‌نێك یان هێزێك ببێته هۆی ناسه‌قامگیریی مووسڵ و بێزاریی خه‌ڵكه‌كه‌ی، رێكاری یاسایی له دژیان ده‌گرینه‌به‌ر و قبووڵی ناكه‌ین.
هێنده‌ى ئاگادار بیت وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری پێشتری شاره‌دێی شه‌مامك، مووسڵ به‌ده‌ست چییه‌وه گیرۆده‌یه؟
ئێمه ده‌زانین مووسڵ شارێكی وێرانه‌یه، له رووی خزمه‌تگوزاری و خوێندن و ته‌ندروستى و رێگه‌وبان هیچی بۆ نه‌كراوه و شارێكی به‌ته‌واوه‌تی وێرانه‌یه، بۆیه ئه‌و پرسانه ده‌بێته ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئێمه.
ده‌زانن مووسڵ لێوانلێوه له گه‌نده‌ڵی، لادانی نه‌وفه‌ل یه‌كێك له هۆكاره‌كانی گه‌نده‌ڵی بوو، به دیوه‌كه‌ی تر هه‌موو فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و شاره گه‌نده‌ڵی وه‌ك مۆرانه لێی داوه. ده‌بێ چۆن رووبه‌ڕووی ببنه‌وه؟
وه‌ك پارتى له مووسڵ له‌گه‌ڵ برایانی تری عه‌ره‌ب ده‌بێ رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببینه‌وه. پرسی نه‌وفه‌ل دراوه‌ته یاسا و دادگا یه‌كلای ده‌كاته‌وه، به‌ڵام دڵنیابه رێگر ده‌بین له به‌هه‌ده‌ردانی داهاته‌كانی مووسڵ و ده‌بێ هه‌مووی له خزمه‌تی خه‌ڵكی شاره‌كه‌دا خه‌رج بكرێت. چونكه دڵنیاین بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌وه‌ى هه‌یه بۆ مووسڵ دابین ده‌كرێت، بۆیه كار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه وێرانه‌كان ده‌كه‌ین و ناكرێت ئه‌و خه‌ڵكه چیتر له‌و ناخۆشی و ره‌زاڵه‌ته بهێڵینه‌وه و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین خزمه‌ت به خه‌ڵكی ناوچه‌كه بكه‌ین.
پێوه‌ند به فه‌رمانگه‌كانی مووسڵیش، دڵنیابه ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان له گه‌نده‌ڵی هه‌یه له پۆسته‌كانیان دوور ده‌خرێنه‌وه، دوای وردبینی له دۆسیه‌كانیان و به‌دواداچوونیان بۆ ده‌كرێت.
هۆی چی‌بوو یه‌كێتی و پارتى له یه‌ك به‌ره‌دا نه‌بوون له كاتێكدا له كوردستان به‌یه‌كه‌وه حكوومه‌ت پێكده‌هێنن؟
هه‌ردوولا ئازادن، گرنگ ئه‌وه‌یه بتوانین خزمه‌تێك بكه‌ین.