وەزارەتی دارایی داوای لیستی مووچەی مانگی سێ‌ دەكات

:: AM:11:47:20/05/2019 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە گەنجینەكان كردووە لیستی مووچەی مانگی ئاداری ئەمساڵ ئامادە بكەن، ئەگەر پێش جەژن بەغدا بەشە مووچەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئایار، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە "وشە"ـی راگەیاند، وەزارەتی دارایی گەنجینەكانی ئاگەدار كردووەتەوە لیستی مووچەی مانگی ئاداری ئەمساڵ ئامادە بكەن و بینێرن.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەگەر بەغدا پێش جەژنی رەمەزان بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت و چەند وەزارەتێك بەرلە جەژن موچەیان پێدەدرێت.

ڕۆژی پێنجشەم لە هەرێمی كوردستان كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ دێت.

هەرێمی كوردستان بەپێی‌ ڕێككەوتنێكی لەگەڵ عێراق مانگانە بڕی 522 ملیار دینار لە حكوومەتی عێراق وەردەگرێت و لەگەڵ فرۆشتنی نەوتەكەی مووچەی فەرمانبەرانی دەدات.



وشە - رامیار جەواد