له سه‌ده‌كانی هه‌ژده و نۆزده‌ی زاینی شاری ئیستانبوڵ بووبووه پایته‌ختی رۆشنبیریی ناوچه‌كه و رۆشنبیرانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر روویان له‌وێ ده‌كرد، شاعیرانی فارس و كورد و عه‌ره‌ب و بلوج و ئه‌فغان و.. هتد روویان له‌وێ ده‌كرد، هه‌ر شاعیرێك سه‌ردانی ئیستامبوڵی بكردایه، له پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كسه‌ر بیری و دیدگه‌ی ده‌گۆڕا و به بیری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه وڵاته‌كه‌ی خۆی. شاعیر (مه‌لای جه‌بای) یه‌كه‌م رۆشنبیری كورد بوو سه‌ردانی ئیستامبوڵ كرد.
ساڵی (1842) هه‌رچه‌نده به‌مه‌به‌ستی سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و زه‌ویوزارانه‌ی كه له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه كرابوون به وه‌قف بۆ ته‌كییه، بنه‌ماڵه‌ی جه‌باری ده‌چن بۆ ئیستامبوڵ. به‌ڵام هه‌ر له‌وێ بۆی روون ده‌بێته‌وه كه عوسمانییه‌كان ئاینی ئیسلامیان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ی تورك به‌كار هێناوه و ته‌ماحكارییه‌كانی ئیمپراتۆرییه‌كه‌یان به‌ناوی ئاینی ئیسلامه‌وه په‌رده‌پۆش كردووه. بۆیه هه‌ر پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی، كه‌وته بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی. سه‌ره‌تا هه‌ڵمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوی كوردی بۆ كچ و كوڕانی كورد به‌رپا كرد و له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كان و بۆنه ئاینییه‌كاندا به‌خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌گوت: ئه‌و ناوه عه‌ره‌بییانه‌ی هه‌تانه، هه‌موو ماناكانیان دژی ئاینی ئیسلامن و ده‌بێ ناوی كوردی به‌مانا جوانه‌كانی ئاینی ئیسلامی له منداڵه‌كانتان بنێن، بۆ نموونه "توانا" واته "قادر" كه یه‌كێكه له‌ناوه‌كانی خوا، ناوی " پشتیوان" واتا به‌پشتیوانی خوا. ئه‌م ناوانه‌شی بۆ كچان دانا وه‌ك (گوڵشه‌ن و ره‌وشه‌ن و بنه‌وش و شاخاتوون و شاناز و گوڵناز....هتد).
مه‌لای جه‌باری به‌م شێوازه توانیویه‌تی قه‌ناعه‌ت به‌خه‌ڵك بكات ئیتر ناوی كوردی له منداڵه‌كانیان بنێن. یه‌ك له كاره مه‌زنه‌كانی تری جه‌باری ئه‌وه‌یه ناوی هه‌موو ئامێره موزیكییه ره‌سه‌نه‌كانی كورد و ناوی گۆرانبێژه‌كانی "كه‌ی خوسره‌وی" ئاخیوه‌ته ناو شیعری "به‌هار"، به‌مه‌ش خزمه‌تێكی مه‌زنی مێژووی فه‌رهه‌نگی گۆرانی و موزیكی كوردی كردووه و له فه‌وتاندن پاراستوویانی. یه‌كه‌م گۆرانیی هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان ئه‌م شیعره‌ی مه‌لا بووه و دواتر له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان عه‌دنان كه‌ریم و هانییه‌وه دیسانه‌وه كراوه به گۆرانی.
بۆ زیاتر ئاشنابوون به كاره‌كانی تری مه‌لای جه‌باری، پێم باشه گوزه‌رێك به ژیان و كاره‌كانی تری بكه‌ین. مه‌لا ناوی ته‌واوی فه‌تاح كوڕی سه‌ید مسته‌فای كوڕی سه‌ید ئیسماعیل سه‌ید جانییه و له تیره‌ی سه‌ید جه‌باری گه‌وره‌یه كه له شاری (حه‌ما)ی سووریاوه هاتووه، ئێسته‌ش قه‌ڵاكه‌ی ماوه و پێی ده‌ڵێن قه‌ڵای كوردان. له ساڵی (1806) له ئاوایی (بانگۆل) كه یه‌كێكه له‌و 28 گونده‌ی عه‌شیره‌تی جه‌باری، هاتووه‌ته دنیاوه. فه‌تاحی چكۆڵه تا ته‌مه‌نی 12 ساڵیش هه‌ر به‌رخه‌وان و لای كار و به‌رخ ده‌بێت، پاشان باوكی لای مه‌لا رۆسته‌م مامۆستای مزگه‌وتی گونده‌كه له‌به‌ر خوێندنی ده‌نێ. كه قورئان و هه‌ندێك كتێبۆكه‌ی ئاینی ته‌واو ده‌كات، به‌فه‌قێیه‌تی ده‌چێته شاری كه‌ركووك و سه‌ره‌تا به سوخته‌یی له مزگه‌وتی (نائیب ئۆغڵی) داده‌مه‌زرێ، له‌وێ له‌به‌ر زیره‌كی و دانایی، مامۆستاكانی پێی ده‌ڵێن : ئێسته تۆ له ئێمه زاناتری و له‌وه زیاترمان نییه تا بتده‌ینێ، بۆیه پێمان باشه بچیته شاره‌كانی تر بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری، بۆیه ده‌چێت بۆ سلێمانی و ماوه‌یه‌ك له‌وێ ده‌مێنێته‌وه. پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ركووك و ئه‌وجار بۆ هه‌ولێر و له‌وێوه ده‌چێته شارۆكه‌ی ره‌واندز و پاشان ده‌گاته شاری شنۆ.
جه‌باری تا ئێره كتێبی (عه‌بدوڵا یه‌زدی) له مه‌نتیق ده‌خوێنێ، جیا له‌مانه‌ش شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له ئه‌ده‌بیاتی فارسی هه‌بووه، له چه‌ند شیعرێكیدا چه‌ندان دێڕی شیعریی شاعیرانی فارسی ئاخنیوه‌ته ناو شیعره‌كانیه‌وه. ساڵی 1831 باوكی كۆچی دوایی ده‌كات و ناچار دێته‌وه ئاواییه‌كه‌ی خۆیان و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێته‌وه، ده‌ست له خوێندن هه‌ڵده‌گرێ و خوو ده‌داته جووتیاری و خۆی به كشتوكاڵه‌وه مژوڵ ده‌كا. ساڵی 1846 بۆ دواهاتنی ئه‌و ناكۆكی و دوژمنایه‌تییه‌ی له نێوان جه‌باری و هه‌مه‌وه‌ند درێژه‌ی ده‌بێت، جارێكی تر ده‌چێته‌وه بۆ ئیستامبوڵ، پاشان به ته‌واوه‌تی سه‌رقاڵی جووتیاری و كشتوكاڵ ده‌بێت.
مامۆستا عه‌لادین سه‌جادی ئاوا وه‌سفی مه‌لای جه‌باری ده‌كات، "پیری مه‌یخانه‌ی خه‌یاڵ شناسان، باده ئه‌نوشێ له جه‌رگه‌ی خاسان، رشته‌ی مرواری قسه‌و باسیه، نه‌وای قومریان وێنه‌ی رازیه، بینی هه‌ناسه‌ی شنه‌ی شه‌ماڵه، تێكه‌ڵ به‌بیری به‌رزی خه‌یاڵه، ئاسۆی جه‌باری له نیوه‌ی شه‌ودا، ئه‌نوێنی وێنه‌ی مه‌لا له خه‌ودا. بۆیه ناوبانگی جه‌باری هه‌یه، چونكه شاعیری وه‌ك مه‌لای هه‌یه، بیره ورده‌كه‌ی خۆراكی گیانه، قسه‌ی ره‌وانی ته‌لی كه‌مانه".
مه‌لا له ده‌وری فه‌قێیه‌تیدا ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ شیعر په‌یدا ده‌كات و وشه‌ی مه‌لا بۆ خۆی ده‌كات به نازناوی شیعره‌كانی، شیعره‌كانی رێچكه‌ی سروشت و دڵدارییان گرتووه. مه‌لا پیاوێكی باڵابه‌رزی زراڤی كه‌لله‌زل بووه، رووخساری درێژكۆله و چاو و برۆ ره‌شێكی گه‌نم ره‌نگ و گوپ قوپاو و ریشێكی قه‌ڵه‌می ته‌نك و سمێڵێكی درێژی بووه، هه‌میشه كه‌وا و سه‌ڵته و خوری له‌به‌ر كردووه، جه‌مه‌دانی به‌ستووه، عه‌بای پۆشیوه، زۆر سه‌خی و چاوتێر و نانبده بووه، سه‌ره‌ڕای ده‌ستكورتی و چه‌وساندنه‌وه‌ی به ده‌ست جه‌وری زه‌مانه‌وه، زۆری نه‌خوێندووه، به‌ڵام مرۆڤێكی زۆر زیره‌ك و هۆشیار بووه و هه‌رده‌م خه‌ریكی موتاڵه‌كردن بووه. له ناو عه‌شیره‌تی جه‌باری به چاوی شكۆوه سه‌یر كراوه و مامۆستای مزگه‌وت و شاعیرێكی به‌رز بووه.
مه‌لای جه‌باری پیاوێكی قسه‌خۆش و نوكته‌زان و قۆشمه بووه، ده‌گێڕنه‌وه جارێك مه‌حموود پاشای جاف به نزیكه‌ی 60 سواره‌وه له كوێستانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌رمیان و نزیكی دێیه‌كه‌ی ئه‌مان ده‌بنه‌وه، پیاوێك راده‌سپێرێت بچێته لای مه‌لا و پێ بڵێت "به‌نان و گانه‌وه میوانین" پیاوه‌كه كه ده‌گاته لای مه‌لا و ده‌بینێ سه‌ری سپییه و پیاوێكی به‌ساڵاچووه، زۆر شه‌رمی پێ دێ، به‌ڵام مه‌لا هێنده سه‌ر ده‌خاته سه‌ری تا قسه‌كه‌ی پێ ده‌كا" ڤێجار ئه‌میش به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامه‌كه بۆ جه‌نابی مه‌حموود پاشا جاف ده‌نێرێته‌وه "وه‌ك قه‌ومی لووتن ئه‌هلی جه‌باری" دایمه ئاماده‌ن بۆ میوانداری". مه‌حموود پاشا كه ده‌یخوێنێته‌وه زۆری پێ خۆش ده‌بێ و نه‌وازشێكی زۆری له‌گه‌ڵ ده‌كات.
مه‌لای جه‌باری ساڵی 1876 له ته‌مه‌نی 70 ساڵیدا له ئاوایی (تاوێر به‌رز) كۆچی دوایی ده‌كات و ته‌رمه‌كه‌ی ده‌برێته‌وه بۆ ئاوایی بانگول و له‌وێ به خاكی ده‌سپێرن. شاعیر شیعری به كوردی و عه‌ره‌بی و توركی و فارسی هۆنیوه‌ته‌وه و زیاتر به‌شێوازی هه‌ورامی شیعری نووسیوه.
سه‌رچاوه:
1.دیوانی مه‌لای جه‌باری /كۆكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه و له‌سه‌ر نووسینی / عه‌بدولجه‌بار محه‌مه‌د جه‌باری. كه‌ركووك 1968.
2.مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی / عه‌لادین سه‌جادی/ 1970 به‌غدا.
*دوای مه‌لای جه‌باری هه‌ریه‌ك له شاعیران "حاجی قادری كۆیی و شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی و ئه‌سیری" سه‌ردانی ئیستامبوڵیان كرد.
وشه/ ستار جه‌باری