گەردەلوول هەڕەشە لە شەش ملیۆن هاووڵاتیی تكساس و ئۆلاهوما دەكات

:: PM:01:16:21/05/2019 ‌
بەرپرسانی كەشناسی ئەمەریكی دەڵێن، ئەو گەردەلوولەی هەردوو ویلایەتی تكساس و ئۆكلاهومای گرتووەتەوە گەیشتووەتە بەرزترین پلە و پێشتر گەردەلوولی وەها رووی نەداوە. بەرپرسانی كەشوهەوا دەڵێن شەش ملیۆن كەس مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئایار، دەستەی كەشناسی ئەمەریكی رای گەیاند، مەترسی گەردەلوول گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و ساڵانێكە تكساس و ئۆكلاهوما وەها گەردەلوولێكیان بەخۆیانەوە نەدیوە.

دەستەكە روونی دەكاتەوە نێوانی هەردوو ناوچەی ستیلووتەر لە ئۆكلاهوما و سنایدەر لە تكساس بە رووبەری 644 كیلۆمەتر، ئەو ناوچەیەیە كە زۆرترین مەترسی لەسەر هەیە.

بۆب ئورافیك شارەزای كەشناسی لە ناوەندی فیدڕاڵی بۆ پێشبینییەكان دەڵێ، ئەو ناوچەیە جگە لەو گەردەلوولە توندە، ئەوا رووبەڕووی كەشوهەوایەكی زۆر توندتر دەبێتەوە لە بارینی بە لێزمەی باران تا دەگات بە لافاو.

هاوكات گارید جایەر گەورە شارەزای كەشناسی لە ناوەندی فیدڕاڵی گوتی "ئێوارەی دوێنێ دووشەم 12 گەردەلوول لە ناوچەكەی داوە بە تایبەت لە باشووری رۆژئاوای ئۆكلاهوما لە نزیك شارەدێی مانجوم، ئەوەی تریش لە باشووری رۆژئاوای تكساس.

تا ئێستە بەرپرسانی كەشناسی فیدڕاڵی ئەمەریكی ئاماژەیان بەوە نەداوە بەهۆی گەردەلوولەكەوە هیچ بوونەتە قوربانی یان نا.

پاتریك مارش لە ناوەندی فیدڕاڵی بۆ پێشبینییەكان دەڵێ، دوا گەردەلوول كە ئەو ناوچەیەی گرتووەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ2012، گوتی "داوام لە خەڵك ئەوەیە لە ماڵەكانیان خۆیان حەشار بدەن، ئەگەریش گەردەلوولەكە نزیكتر بووەوە ئەوا بچنە ژێر زەمینی ماڵەكانیان".


وشە - فه‌رمان سادق