دادگا بڕیارێكی لە بەرژەوەندی پەرلەمانتارێكی پارتی دەركرد

:: PM:03:19:21/05/2019 ‌
لە كاتێكدا سوێندی یاسایی خوارد وەك ئەندامی پەرلەمان، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی هێزە سیاسییەكانی مووسڵ رێگە نەدرا خالیدە خەلیل رەشۆ وەك پەرلەمانتارێك بەردەوام بێت. خالیدە دوای دوور خستنەوەی تانەی لە بڕیارەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دا و لە دادگای كارگێڕی سكاڵای تۆمار كرد، دوای ساڵێك زیاتر دادگا مافی پەرلەمانتاری بۆ گەڕاندەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئایار، دادگای كارگێڕی بە بڕیارێك مافی پەرلەمانتاری بۆ خالیدە خەلیل رەشۆ گەڕاندوە، خالیدە كاندیدی ژمارە چوار لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ كە كادیر و چالاكێكی كوردی ئێزیدییە لەو شارە، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی خۆی لەسەر پشكی كۆتایی ژنان سەركەوت، بەڵام وەك خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، هەندێك لایەنی سیاسی ناو مووسڵ رێگەیان نەداوە خالیدە لەسەر كۆتای ئێزدییەكان ببێتە ئەندامی پەرلەمان ئەگەرچی سوێندی یاسایشی خوارد بوو، بۆیە خالیدە دوور خرایەوە و كەسێكی تر لە پشكی پارتی لە مووسڵ بە ناوی سەفوان بەشیر چووە جێگەی خالیدە.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی زیاتر روونی كردەوە كە خالیدە لە دادگای كارگێڕی سكاڵای لەسەر كۆمسیۆن تۆمار كرد، پاش ساڵێك لە دانیشتنی دادگا، ئەمڕۆ دادگا لە بەرژەوەندی خالیدە بریاری دا كە ببێتەوە ئەندامی پەرلەمان لەسەر پشكی كۆتایی ژنان.

خەسرۆ گۆران گوتی "ئەمڕۆ دادگا بڕیاری لە بەرژەوەندی خالیدە دا، ئیتر خالیدە لە جێگەی پەرلەمانتارێكی لیستی پارتی بە ناوی سەفوان بەشیر دەچێتەوە پەرلەمان لە پرسی كۆتای ژنان".

جێی باسە پرسی كۆتایی ژنان لە پەرلەمانی عێراق یەكێكە لەو دۆسیانەی لە ماوەی رابردوو مشتومڕی زۆری لێكەوتەوە بەهۆیەوەی غەدرێكی گەورەیان لێكراوە و چەندان كورسی كۆتای ژنان، پیاوان لەسەری دادەنیشن، لەوانە سەلیم جبووری سەرۆكی پێشتری پەرلەمان.


وشە - فه‌رمان سادق