سەرتاشێك لە سلێمانی سیاسییەكان كۆ دەكاتەوە

:: PM:05:57:21/05/2019 ‌
لە سلێمانی گەنجێك بووەتە سەرتاشی ناوداران و لە سەرتاشخانەكەیدا وێنەی هەموو ئەو كەسە ناسراوانەیش هەڵدەواسێت كە سەردانی دەكەن.

ئەریڤان عاسی گەنجێكی تەمەن 30 ساڵە و خەڵكی بازیانە و ماوەی 16 ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە و كاری سەرتاشی دەكات، لە ڕابردوودا ئەریڤان لە سەرتاشخانەكەیدا كارێكی ئاسایی دەكرد و قژی ئەو كەسانەی چاكدەكرد كە سەردانی دەكردن، بەڵام لەم ساڵەوە بە جیاوازتر كاری سەرتاشی ئەنجامدەدات.

سەرتاشخانەكەی ئەریڤان لە سەرتاشخانەكانی تری سلێمانی جیاوازە، بەهۆی ئەوەی زۆرترینی كەسایەتییە حزبی و حكوومی و هونەرییەكان سەردانی دەكەن و وێنەی یادگاری لەگەڵ دەگرن و لە دوكانەكەیدا هەڵی دەواسێت.

سەبارەت بە بیرۆكەی دیزاین و چۆنیەتی كاری سەرتاشخانەكەی بۆ "وشەگ گوتی: ماوەی 13 ساڵە سەرتاشخانەم هەبووە و بەشێوەیەكی ئاسایی هاووڵاتییان سەردانیان دەكردم، بەڵام لە دوایی دانانی سەرتاشخانەی كافرۆشی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە پێوەندیم دەكرد بە كەسایەتییە ناودارەكان لە كەسانی حزبی و حكوومی و هونەرمەندان لە هەموو شارەكانی كوردستان و تەنانەت كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و هەژاران تاوەكو سەردانی سەرتاشخانەكەم بكەن و بە جوانترین شێوە بیانڕازێنمەوە.

زیاتر گوتی، بۆ یەكەم كار كە بۆیان دەكەم هیچ بڕە پارەیەكیان لێوەرناگرم، تەنانەت پێشیان دەڵێم ئەگەر ئۆتۆمبێلت نیە ئەوە دێم بە دواتدا و دوای ئەوەی كاری چاككردنی قژ و ڕیشم بۆی كرد دەیبەمەوە، وێنەیەكیان لەگەڵ دەگرم و لە دووكانەكەمدا هەڵیدەواسم.

ئەریڤان لەم كارەی دەیەوێت هەم ئەرشیڤێكی باشی هەبێت لەو كەسایەتییە ناسراوانەی كوردستان و هەمیش كەسانی ئاسایی و بەرپرسان و كەسە ناودارەكان بەیەكتر ئاشنا بكات.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد









وشە - سه‌رخێڵ هاشم