راپۆرتێك: لە كەمپەكانی مووسڵ ژن و منداڵانی داعش لەشفرۆشی و سواڵ دەكەن

:: PM:06:39:21/05/2019 ‌

راپۆرتێكی بڵاوكراوە لە گۆڤارێكی لبنانی دەڵێت، چەند كەمپێكی خێزانەكانی داعش لە باشووری شاری مووسڵ هەن كە قەدەخەیە بێ رێپێدانی تەناهی كەس بچێتە ناویانەوە، چەندان حاڵەتی بەكارهێنان و دەستردێژی سێكسی لەلایەن حەشدی شەعبی یان چەكدارانی هۆزەكان بۆ پاراستنیان یان دابینكردنی بژێوی بۆیان هەیە.

لە راپۆرتێكی گۆڤاری "ئەلموجەلە"ی لبنانی، رۆژنامەوان ئەحمەد محەمەد دەڵێت، ئەگەرچی مووسڵ ئازاد كراوەتەوە، بەڵام تا ئێستەش بە هەستی تۆڵەسەندنەوە و یەكترشكاندن و هەژاری و لادانی مەترسیدار داگیركراوە و داعش میراتێكی قوڕسی لەپاشخۆی جێهێشتووە كە حكوومەتی مووسڵ توانای زاڵبوون بەسەریدا نییە. 

راپۆرتەكە روونی دەكاتەوە، لە كەمپەكانی حاج عەلی و گەیارە و حەمام عەلیل لە باشووری مووسڵ كە قەدەغەیە كەس بێ رێپێدانی تەناهی بچێتە ناویانەوە، بەتایبەتی ئەوەی حەمام عەلیل كە تایبەتە بە خێزانەكانی داعش، ئەوان هیچ شوێنیتریان نییە بۆی بچن و كەسوكاریشیان وەریان ناگرێتەوە، بۆیە ئەو ژنانەی داعش رووبەڕووی بەكارهێنان و دەستدرێژی سێكسی بەناچاری یان بۆ بەدەستهێنانی بژێوی و ئاسانكاری بۆیان لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی و هۆزە سوننەكان لەبەرانبەر پاراستنیان لە پۆلیس و راوەدوونانی تەناهی و تۆڵەسەندنەوە لێیان دەبنەوە، جیا لەوەی بەشێكیان بۆ دوورخستنەوەی گومانی داعشبوون یان دابینكردنی بژێوی و پارە كاری لەشفرۆشی دەكەن لەبەرانبەر بڕێكی كەمی پارە دەگاتە شەش هەزار دیناری عێراقی یان بڕێكی كەمی خۆراك. 

ئەو رۆژنامەوانە چاوی بە ژمارەیەك ژنی داعشەكان كەوتووە لەوانەی هاوسەریان یان كەسوكاریان چەكداری داعش بوونە كە چۆن ئەوان بەكار دەهێنرێن یان بەناچاری لەبەرانبەر پاراستنیان لە راوەدوونانی تەناهی و دابینكردنی بژێوی و خۆراكی رۆژانە كاری لەشفرۆشی دەكەن تا دەگاتە بەكارهێنانی منداڵەكانیان بۆ كاری سواڵكردن، ئەوەش لەناو بێدەنگی بەرپرسانی مووسڵ.

راپۆرتەكە دەڵێت، رێژەی سواڵكردن لە زیادییە و هەردوو حكوومەتی ناوەندی و پارێزگاكەش گرنگی بە داهاتووی ئەو منداڵانە نادەن كە داهاتوویەكی تاریك و نادیار چاوەڕوانی ئەوان دەكات، هاوكات چەند باند و مافیا هەن ئەوان ناچاری سواڵكردن دەكەن و بە ئۆتۆمبێل بۆ ناو شاری مووسڵیان دەگوازنەوە بەمەبەستی سواڵكردن و شەوەكەش دەیانگەڕێننەوە كەمپەكان و پارەكانیان لێ وەردەگرن.

محەمەد لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت، باندەكان بەوە نەوەستاون و نووسراو بەڵگەنامەی فەرمی داعشەكانیان ساختە كردووە كە بەو شێوەیە لە بەغدا و كەركووك و چەند ناوچەیەكی عێراق و تەنانەت لە دەرەوەی عێراق وەك توركیا ژیان بەسەر دەبەن، ئەوەش لەبەرانبەر بڕێكی زۆری پارە و لە رێگەی دەست تێكەڵكردن لەگەڵ ئەفسەر و كارمەندانی فەرمانگەی باری شارستانی مووسڵ.

"بەچكەشێرانی داعش"، بەشێكن لە رێكخستنەكانی داعش كە لە 2015 و 2016 دەست كرا بە رێكخستنیان و بریتین لە منداڵان لە تەمەنی شەش بۆ 16 ساڵی، ئەوان دوای بەكارهێنانیان لەلایەن داعشەوە بۆ كاری تیرۆریستی و جۆشدانیان بە بیری توندڕۆیی، ئێستە ئەوانەی ماون لە كەمپەكان بۆ كاری سواڵكردن لەشەقامەكانی مووسڵ لەلایەن باندەكانەوە بەكار دەهێنرێن، بەڵام مەترسی ئەوان هەر بەردەوامە و ژمارەیان هەزاران كەس دەبێت.  

جیا لەوانە ژنانی داعش لەوانەی راستەوخۆ كاریان بۆ رێكخراوەكە كردووە یان ناراستەوخۆ هاوسەر و كەسوكاری چەكدارانی داعشن، ئەوانەی ماونەتەوە یان گیراون لەگەڵ منداڵەكانیان لە چەند كەمپێكی تایبەت جیاكراونەتەوە بۆ پاراستنیان لە تۆڵەسەندنەوە لەلایەك و بۆ پاراستنی كۆمەڵگەش لە بیرە تیرۆریستی و توندڕۆكانیان لەلایەكی ترەوە. هاوكات راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە هیچ ئامارێكی فەرمی بۆ ژمارەی خێزانەكانی داعش لەو كەمپانە نییە و ئەوان دەتوانن شوێنیان بگۆڕن.

لای خۆیەوە خالید عەبدولكەریم بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران لقی نەینەوا دەڵێت، ئەوەی باس دەكرێت لە سواڵكردن و دەستدرێژی سێكسی حاڵەتی تاكتاكە، ئێمە 14 كەمپمان هەیە و ژمارەی خێزانەكان تیایاندا دەگاتە 39 هەزار كە دەكاتە 200 هەزار كەس، مامەڵەیەكی مرۆییان لەگەڵ دەكرێت و كەمپی جیاكراوەشمان نییە. 

لەبارەی سواڵكردنی منداڵانی داعش و بەكارهێنانی سێكسی ژنانی داعش دەڵێت، زانیاری دووپاتكراوەمان لا نییە لەوبارەوە، راستە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان باسی ئەو كارە دەكەن، بەڵام هیچمان نەبینیوە، لەوكاتەی 3-4%ی ژنانی ئەو كەمپانە بەخواستی خۆیان كاری لەشفرۆشی دەكەن و منداڵەكانیان بۆ سواڵكردن بەكاردەهێنن.

ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران روونی كردەوە، ئەو بابەتەی سوودەوەرگرتنی سێكسی ژنانی داعش لە كەمپەكان لەلایەن راگەیاندنەكانەوە گەورەكراوە و پرسی پێدانی خۆراك لەبەرانبەر سێكس لەلایەن كارمەندانی رێكخراوە خێرخوازییەكانیش كارێكی تاكییە و لەبیری نەكەین كە كەمپەكان لە چەند كۆمەڵگەیەك پێكهاتووە كە كێشەی جیاجیایان هەیە لە هەراسانكردن و لەشفرۆشی و كێشەی تریش.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل