مریەم خان.. دیارترین لاوكبێژی چلەكان

:: AM:10:20:22/05/2019 ‌

 هونەرمەندی سترانبێژ و لاوكبێژی بەتوانا "مریەم خان" جیا لەوەی یەكەم ژنی كورد بووە بە دیالێكتی زاری كرمانجی باكور لەسەر قەوان گۆرانیی تۆمار كردووە، هاوكات پاش هاتنەسەر حوكمی كەمال ئەتاتورك و قەدەغەكردنی زمان و هونەر و كولتووری كورد لە توركیا، شانبەشانی كۆمەڵێ‌ سترانبێژی بەتوانا و دڵسۆزی باكوری كوردستان وەك نەسرین شێروان، حوسێن رەشید وانلی، محەمەد عارفی جزیری، حەسەن جزیری، ئەڵماس محەمەد و فەوزیە محەمەد و.. هتد، وێكڕا دەبنە فریادڕەس بۆ رزگاركردنی بەشێكی زۆری ستران و لاوك و بەستەی رەسەنی كوردیی دەڤەرەكانی باكوری كوردستان.

 جگە لە سترانەكانی سەر قەوان، بەدەیان لاوك و بەستەی كوردی لە ئاهەنگی گۆرانی ڕاستەوخۆی لە ئێزگەی ڕادیۆی كوردیی بەغدا چڕیوە و چەپكێك گۆرانیشی بە دووقۆڵی لەگەڵ هونەرمەندە سترانبێژەكانی كورد وەك "محەمەد عارفی جزیری، حەسەن جزیری، ئەڵماس محەمەد" گوتووە.

 مەریەم خان ناوی تەواوی (مەریەم محەمەد ئەحمەد)ە و لە ساڵی 1904 لە گوندی دێرگولی سەر بە ناوچەی جزیری بۆتان لە دایك بووە. سەرەڕای ئەوەی لە ژیانیدا دووچاری گرفت و ناخۆشی زۆر بووەتەوە، بەڵام بەبڕوایەكی زۆر بەهێز بەخۆی توانیویەتی كەسایەتیی خۆی بەرز ڕابگرێت. یەكێك لەو تایبەتمەندییانەی كە مەریەم خانی پێ ناسراوەتەوە، ئەوە بووە هەمیشە سەری بە لەچك بەستووە. دەبێ ئەوەش بڵێین هەر لە كۆنەوە تا ئێستە لە ناو خێڵە كۆچەرییەكانی باكور و خۆرئاوای كوردستان و هەندێ ناوچەی شنگالدا، ئەم شێوازی سەربەستنە باوە. 

دوای ئەوەی كاریگەرییەكانی جەنگی یەكەمی جیهانی، باری ئابووریی و كۆمەڵایەتی خەڵكی ناوچەكە نالەبار دەكات، مریەم خان وەك زۆربەی خەڵكی تر، زێدی خۆی بەجێ دەهێڵێت و بەرە و وڵاتی شام كۆچ دەكات. ماوەیەك لە شاری دیمەشق دەمێنێتەوە و دواتریش لە ساڵی 1924دا دەچێتە باشووری كوردستان و لە زاخۆ جێگیر دەبێت. كاتێك كۆمپانیای تۆماری دەنگ لەسەر قەوان لە شاری بەغدا دادەمەزرێت، مەریەم خان بە هیوای ئەوەی گۆرانییەكانی لەسەر قەوان تۆمار بكات، ڕوو لە بەغدا دەكات و لە ساڵی 1930دا چەند لاوك و بەستەیەكی لەلایەن كۆمپانیای (بەیزافۆن، ئۆدیۆن و ئەبولگەڵب)ەوە لەسەر قەوان بۆ تۆمار دەكرێت.

 
یەكەمین قەوانی مریەم خان لە ساڵی 1930دا بە ناوی "دۆت مامێ" تۆمار دەكات. مریەم خان لای كۆمپانیای هیس ماستەرس ڤۆیس 12 لاوك و بەستەی بە پێنج قەوان و چوار قەوانی كۆمپانیای كۆلومبیا پڕ كردووەتەوە كە دەكاتە نۆ قەوان. لەوانە "گلۆركێ لۆركێ، گولێ وەی نار، هەی بەردە بەردە، لێلێ وەسۆ، گولا شێنی شێنی، یار حەلیمێ، محەمەدۆ ڕۆنی، لێلێ ئێمێ، لێ دایێ، لۆلۆ سوارۆ، ئەی دەلال و زەمبیل فرۆش". بەم كارانەی دەبێتە یەكەم گۆرانیبێژی كورد كە بە دیالێكتی كرمانجی باكور گۆرانی لەسەر قەوان تۆمار بكات. 

مریەم خان 13 بەستەی فۆلكلۆری و شەش لاوكی میلی و شۆڕەسواریی و 15 لاوكی ئەڤینداری تۆمار كردووە. لەوانە "لاوكی هیلی دەلال و لێ‌ دایێ و كوێر ئۆغڵی و لێ‌ لێ‌ واغارۆ فەرمانە و بشارێ‌ چەتۆ قەسرا باخەمێ‌..." جگە لەو لاوك و بەستانەی كە لەسەر قەوان تۆماری كردوون، لە ڕادیۆی بەغدا و لە ئاهەنگەكانیشدا ژمارەیەكی زۆر بەستە و لاوكی تریشی هەیە، هەندێكیان تا ئێستەش لەلایەن گۆرانیبێژانەوە دەگوترێنەوە. بەپێی قسەی "كامیلی كاكەمین” یەكەمین بێژەری ڕادیۆی كوردی بەغدا، مریەم خان لە ساڵی 1942دا تێكەڵی پەخشی كوردی ڕادیۆ بەغدا بووە. پێوەندی زۆرباشی لەگەڵ گۆرانیبێژانی ڕادیۆ بەغدا دەبێت، بەتایبەت لەگەڵ "حەسۆ جزیری، دایكی جەماڵ، ئەڵماس خان، ڕەمەزان جزیری، عەلی مەردان، محەمەد عارف جزیری، حەسەن جزیری".  

هونەرمەند عەلی مەردان لە كتێبی بیرەوەرییەكانی بەناوی "گەڵای پایز" لەبارەی مریەم خانەوە دەڵێ‌، "لە ماڵی ئەڵماس خان یەكترمان ناسی، زۆر یارمەتیم دا بۆ پەرەپێدانی هونەرەكەی و ناساندنی بە ئێزگەی كوردی و تۆماركردنی گۆرانییەكانی. هەتا هەندێ‌ گۆرانیشم بۆ ئامادە كرد و لەسەر قەوان تۆماریش كران. مریەم خان لە هەموو ژنە كوردە گۆرانیبێژەكانی هاوەڵی زیاتر گۆرانیی تۆماركراوی سەرقەوانی هەیە. ژنێكی ناسك و جوان بوو، دەنگخۆش و خەمناك و دڵتەنگ، ئەم ماتی و خەمەی لەوەوە نەبوو كە قژی سەری تەنك و كەم بوو، بەڵكو وەك خۆی دەیگێڕایەوە: كاتی خۆی لە گوندەكەیان دڵخوازی لاوێك بووە بەناوی "محەمەد" و بۆ یەك نەبوونە، چونكە محەمەد دەكوژرێ‌ و ئەویش لە خەفەتا سەری    دەپۆشێ‌ و دواتر سەری خۆی هەڵدەگرێت".

مریەم خان لە ساڵی ١٩٤٩دا تووشی نەخۆشییەكی كوشندە بووە، هەرچەندە خرایە نەخۆشخانەی تایبەتی و هەوڵی چارەسەركردنی نەخۆشییەكەی درا، وەلێ‌ بێ سوود بوو و لە ئەنجامی ئێش و ئازارەكانیدا لە كۆتایی مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٤٩ لە شاری بە‌غدا كۆچی دوایی دەكات.


سەرچاوەكان:

1. كەمال رەئووف محەمەد. رۆژنامەی "هاوكاری " ژمارە / 503/ لە 10/12/1979.
2. كتێبی: مریەم خان- نووسینی: جەلال مەلا حەسەن و جەنگی جەلال مەلا حەسەن. چاپخانەی كشتوكاڵ هەولێر 2006.
3. كتێبی "گەڵای پایز" عەلی مەردان / 2008 هەولێر.

وشە/ كەركووك- ستار جەباری



 



وشە - وشه‌