گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، تا تاقیكردنەوەكان تەواو دەبێت ڕۆژانە سێ سەعات هێڵی ئینتەرنێت دەبڕێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 22ـی ئایار، سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ پۆلە كۆتاکان تەواو بووە و ڕۆژی یەكشەم تاقیكردنەوەكان دەست پێ دەكات.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی، لەگەڵ وەزارەتی كارەبا هاوئاهەنگی كراوە بۆ دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هۆڵی تاقیكردنەوەكان و وەزارەتی ناوخۆ لایەنی تەناهی لە ئەستۆ دەگرێت و لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێوەندیمان هەیە بۆ ڕاگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی تاقیكردنەوە.
زیاتڕ ڕوونی دەكاتەوە، ڕۆژانی تاقیكردنەوە سێ سەعات هێڵی ئینتەرنێت دەوەستێت واتا لە سەعات هەشتی بەیانی تا سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆ.
بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 112 هەزار قوتابی بەشداری تاقیكردنەوەی پۆلەكۆتاكان دەكەن لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان و ڕۆژی دووشەم تاقیكردنەوەی ناكۆتاكانیش كۆتایی هات.