بەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەكی
بەهێز، سنووری شارۆكەی پێنجوێنی و دەوروبەری هەژاند و گومانیش هەیە كە ئەوەی ئەمڕۆ
بومەلەرزە نەبوبێت و بەتاقیكردنەوەی موشەكی مانۆڕێكی سەربازی وڵاتی ئێران لەقەڵەم دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی ئایار، لەراگەیاندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و
بوومەلەرزانی هەرێمی كوردستان، كە وێنەیەكی دەستو"شە" كەوتووە، هاتووە سەعات شەش و 29
خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەك بە قوڵایی 10 كیلۆمەتر لەسنووری شارۆكەی پێنجوێن
ڕوویداوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بوومەلەرزەكە بە گوڕی 3.6 پلە
بە پێوەری ڕێختەر ڕووی داوە و خەڵكی ناوچەكە هەستیان پێی كردووە.
ئاكۆ نوری، پسپۆڕی بواری بومەلەرزە و كارەساتە سرووشتییەكان
لە پێنجوێن، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەكرد، ئەوەی ئەم بەیانیە گومانی لا دروست
كردووین كە بومەلەرزە بێت، چونكە پێشتر ئەو بومەلەرزانەی لە پێنجوێنیان داوە، راستەوخۆ
وایەری كارەبا و كێبڵی هەمووی لەراندبوەوە، بەڵام ئەوەی ئەم بەیانیە دەنگێكی نامۆی
لەگەڵدا بوو.
زیاتر روونی دەکاتەوە، دوای بەداواداچوونمان بۆمان
دەركەوتووە كە ماوەی چەند رۆژێكە هێزێكی زۆری كۆماری ئیسلامی ئێران لە نزیك سنوورەكانی
شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان جێگیر كراون و چەند مووشەكێكیان تاقیكردۆتەوە.
شارۆكەی پێنجوێن نزیكەی 96 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە
دوورە و لەساڵانی سەدەی رابردوودا، چەندین جار بومەلەرزە لەناوچەكەی داوە و بۆتە هۆی
كاولكردنی ماڵەكان و زیانی گیانی و ماددی زۆریشی لێكەوتۆتەوە.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی