پێشمەرگە ئۆپڕاسیۆنێكی دژی داعش ڕاگەیاند

:: AM:11:43:23/05/2019 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و تا ئێستە زیانەكانی ئەو شەڕە نەزانراوە و بەرپرسێكی حەشدی شەعبی دەڵێت داعش هێرشی كردووە و پێشمەرگە ئۆپڕاسیۆنی دژی ڕاگەیاندووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی ئایار، عەلی هاشم حوسێنی گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە سنووری خورماتوو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و تاوەكو ئێستە سێ‌ داعش كوژراون و هێزێكی فڕنسی و فڕۆكەی هاوپەیمانان پاڵپشتیان دەكەن.

گوتەبێژی حەشدی شەعبی گوتی، شەڕەكە بەردەوامی هەبوو تا سەعات 10ـی بەیانی، ئێستە بۆردمانی چڕی هەردوو گوندی پەلكانە و شۆراو دەكەن و زیانەكان تر نەزانراوە.

باسی لەوەش كرد، ئەو هێرشانەی داعش بەردەوامی هەیە و لە دوو هەفتەی ڕابردووش هێرشیان كردە سەر حەشدی شەعبی لەو سنوورە، چونكە چەكدارانی داعش لە ناوەڕاستی هەموو مانگێكی رەمەزان ئەم جۆرە هێرشانە دەكەنە سەر هێزەكانی سنوورەكە، پێیان وایە ئەگەر لەو مانگەدا بكوژرێن راستەوخۆ دەچنە بەهەشت.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆكی ئۆپڕاسیۆنەكانی هێزی پێشمەرگە كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

ناوچەی شۆراو پەلكانە بەدووری 10 كیلۆمەتر دەكەونە ڕۆژهەڵاتی خورماتوو، لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر ئەوە یەكەمین هێرشی داعشە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد