ماوه‌یه‌كه وه‌رگێڕه‌كانى كورد به وه‌ڕگێڕانی عه‌ره‌بییه‌وه سه‌رقاڵن و كاره‌كانیان ته‌نیا له وه‌رگێڕانى شاكاره جیهانییه‌كاندا قه‌تیس ناكه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌و رۆمانانه‌ى له‌لایه‌ن نووسه‌رى عێراقییه‌وه نووسراون. ئازاد هاشم یه‌كێكه له‌و وه‌رگێڕانه‌ی له ماوه‌ى رابردوودا دوو ڕۆمانى وه‌رگێڕاوه، ئه‌وانیش رۆمانى "بیره‌وه‌رییه‌كانى سه‌گێكى عێراقى" و "كه‌رێك له‌سه‌ر چیادا".
ئازاد هاشم له‌م دیمانه كورته‌دا له‌گه‌ڵ "وشه" باس له ئه‌زموونى رۆمانى عێراقى و به‌شێك له كاره‌كانى ده‌كات.
ئازاد هاشم به‌ر له‌وه‌ی باس له وه‌رگێڕانه‌كانى بكات، ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه شه‌یداى خوێندنه‌وه‌ى رۆمانه و ئه‌مه كاریگه‌رى له‌سه‌ر وه‌رگێڕانه‌كانى هه‌بووه و وایكردووه زیاتر ده‌ست بۆ وه‌رگێڕانى رۆمان ببات. خۆی گوتى "خوێنه‌رێكی سه‌رسه‌ختی ڕۆمانم، ڕۆمانی هه‌موو گه‌لانم كه‌م تا زۆر خوێندووه‌ته‌وه، هه‌ر له نووسه‌رانی ئه‌مه‌ریكای لاتین تا ئه‌فه‌ریقا و عه‌ره‌بی به گشتی، تێبینیم كرد موعانات و ئاهوناڵه‌ی میله‌تان هاوبه‌شه، به‌تایبه‌تی دنیای دیكتاتۆریی به هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانیه‌وه".
دواتر باس له رۆمانه عێراقییه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، "سه‌یرم كرد نووسه‌ران و ڕۆماننووسانی عێراقی ئه‌و ماوه درێژه‌ی كه ژێر ده‌سته‌ی دیكتاتۆریی به‌عس بوون، به‌ڕاستی داهێنه‌ری چاكیان لێ په‌یدا بووه، به‌تایبه‌تی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی جه‌نگی عێراق ـ ئێرانیان دیوه و گرتووخانه و ئه‌شكه‌نجه و سێداره و له سه‌رده‌مه‌كه‌یاندا له لوتكه‌دا بوو، ئه‌وه وای كردووه چۆن قه‌ڵه‌م به كاغه‌زدا بێنن، داهێنانی لێ ده‌رده‌چێ و ئه‌وه‌نده بابه‌ت زۆره كه له سایه‌ی دیكتاتۆرییه‌تدا ڕووی داوه، ڕه‌نگه تا 20 ساڵی تریش هه‌ر بنووسن ته‌واو نه‌بێت، چ كۆمیدی چ تراجیدی، بۆیه زیاتر شاره‌زاییم بووه ئه‌ده‌بی عێراقی و نووسه‌رانی عێراقی".
"بیروه‌رییه‌كانى سه‌گێكى عێراقى" یه‌كێكه له‌و رۆمانانه‌ى له ساڵانى رابردوودا خوێنه‌رى باشى هه‌بوو، ئه‌و رۆمانه له‌لایه‌ن نووسه‌رى عێراقى عه‌بدولهادى سه‌عدوون نووسراوه، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌م رۆمانه دوو جار كراوه‌ته كوردى، جارێك له‌لایه‌ن وه‌رگێڕى گه‌نج فاڕووق جه‌میل و دووه‌میش له‌لایه‌ن ئازاد هاشم. به‌ڵام ئه‌مه‌ی دووه‌م دووپاتی ده‌كاته‌وه "من به‌ر له فارووق رۆمانه‌كه‌م وه‌رگێڕاوه". دواتریش زانیارى ئه‌وه‌ى به"وشه"دا سێ جار كراوه‌ته كوردى.
ئازاد هاشم زیاتر گوتى، "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌گێكی عێراقی" نووسه‌ره‌كه‌ی تاراوگه‌نشینه و ئاواره‌ی ده‌ستی دیكتاتۆریی و ناكۆكی مه‌زه‌وییه و له مه‌دریدی ئیسپانیا ده‌ژی، ئه‌وه یه‌كه‌م ڕۆمانی نووسه‌ره وه‌ك ڕۆمان، ئه‌گه‌رنا ئه‌و زیاتر له‌وێ خه‌ریكی وه‌رگێڕانه به‌تایبه‌تی شیعر و له‌گه‌ڵ موحسین ئه‌لره‌ملی گۆڤارێكی شیعری ده‌رده‌كه‌ن.
به‌گوته‌ی هاشم "ئه‌و ڕۆمانه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار له 2012 چاپ كردووه، له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا ده‌نگی دایه‌وه و بۆ زۆر زمانی زیندووی جیهانی هاته وه‌رگێڕان، بۆ نموونه كرایه ئیسپانی و فارسی و ئه‌ڵمانی و منیش دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ده‌ستنووسم له نووسه‌ر وه‌رگرت، كردمه كوردی و له ده‌زگه‌ی فێربوون بڵاو بووه‌وه، پاشان فارووق جه‌میل پێوه‌ندی پێوه كردم و گوتی منیش وه‌رگێڕانم بۆ كردووه و چاپی كرد. دواتر چاپێكی تریش له‌لایه‌ن موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی بڵاو كرایه‌وه. به‌ڵام بۆ مێژوو ده‌یڵێم ئه‌وه‌ی من زووتر و به ڕه‌زامه‌ندی نووسه‌ریش چاپ كرا".
"كه‌واته ڕۆمانی بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌گێكی عێراقی نه‌ك دوو وه‌ڕگێڕان، به‌ڵكو سێ وه‌ڕگێڕانی بۆ كوردی بۆ كراوه، ئه‌وه‌ش شتێكی ئاساییه به‌لای منه‌وه، ته‌نانه‌ت زیندوویی و چێژبه‌خشینی ڕۆمانه‌كه و بابه‌ته‌كه‌ی ده‌رده‌خات" ئازاد وای گوت.
ئه‌م وه‌رگێڕه جگه له‌م رۆمانه، كاری له‌سه‌ر ئه‌زموونێكى تر‌ى رۆمانى عێراقى كردووه، ئه‌ویش ئه‌زموونى رۆماننووس عه‌بدوله‌ستار ناسر بوو، كه ئازاد ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر رۆمانێكى ئه‌م نووسه‌ره‌ى بڵاو كرده‌وه و ئێسته‌یش خه‌ریكى رۆمانێكى تر‌ى هه‌مان نووسه‌ره.
روونی كرده‌وه رۆمانی "كه‌رێك له‌سه‌ر چیادا" نووسینی ڕۆماننووسی به‌توانای عێراقی خوالێخۆشبوو عه‌بدولستار ناسر كه له ژیانی ژێر سایه‌ی دیكتاتۆری ده‌دوێ، ئه‌و ئێش و ئازار و سته‌م و نادادییه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه له سایه‌ی ئه‌و نه‌زان و پیاوكوژ و چه‌قۆكێشانه‌ی بۆ ماوه‌ی 35 ساڵ له عێراق ده‌سه‌ڵاتدار بوون، رووی دا.
عه‌بدولستار ناسر له ده‌ست دیكتاتۆر، دوای زیندانی و نانبڕین، ناچار بوو عێراق جێبهێڵێت و بچێ له ئوردن بژی، خاوه‌نی ڕۆمان و لێكۆڵێنه‌وه و چیرۆكی زۆره، تا ئێسته جگه له‌م ڕۆمانه‌ی كه ئازاد به ره‌زامه‌ندی نووسه‌ری به‌ناوبانگ هه‌دیه حوسێن خێزانی خوالێخۆشبوو وه‌ریگێڕاوه، ڕۆمانێكی تریشی به‌ناوی "شه‌ماعیه" له‌لایه‌ن سه‌باح ئیسماعیل كراوه‌ته كوردی.
ئازاد ددانی به‌وه‌شدا نا كه خه‌ریكی ڕۆمانێكی تری هه‌مان نووسه‌ره به‌ناوی "ئه‌بو ئه‌لریش" زۆری نه‌ماوه ته‌واوی بكات.
رۆژ له دواى رۆژ ژماره‌ى رۆمانه وه‌رگێڕدراوه‌كان له كتێبخانه‌ى كوردى زیاتر ده‌بن، ته‌نانه‌ت واى لێ هاتووه پێش زۆربه‌ى بواره‌كانى تر ده‌كه‌وێ، ئه‌مه‌یش بۆچوونى جیاوازى دروست كردووه و هه‌ندێك به دیارده‌یه‌كى نه‌رێنى ده‌زانن و هه‌یشه به پێچه‌وانه‌وه به ئه‌رێنى ده‌زانن.
ئازاد هاشم له دیمانه‌كه‌ى "وشه"دا ده‌رى ده‌خات كه ئه‌و دیارده‌كه به ئه‌رێنى ده‌زانێ، بۆیه ده‌ڵێ، "به‌ڵێ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا وه‌رگێڕان به‌تایبه‌تی له بواری ڕۆمان و یاداشتنامه جووڵه‌ی چاكی تێكه‌وتووه، ئه‌وه‌ش لای من كارێكی چاكه و وا ده‌كات زیاتر شاره‌زای ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیری گه‌لان بین، به‌ڵام خۆزگه ڕێك بخرایه و ده‌زگه‌یه‌كی وه‌رگێڕانی ناوه‌ندیی سه‌رپه‌رشتی بكردایه، چونكه ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه‌ی پێیه‌وه دیاره كۆنترۆڵ ده‌كرا و مافی وه‌رگێڕیش نه‌ده‌فه‌وتا و وه‌رگێڕانیش وه‌ك وڵاتان ڕێكوپێكتر بكرایه".
ئازاد هاشم نووسه‌ر و وه‌رگێڕ له كۆتایى قسه‌كانى باسى له‌وه كرد، ئه‌و دوو كتێبه‌ى وه‌ریگێڕاوه هه‌ڵبژاردنیان له‌سه‌ر خواستى خۆى بووه نه‌ك پێشنیارى هیچ كه‌س و ده‌زگه‌یه‌ك. دووپاتى كرده‌وه له ماوه‌ى داهاتوودا چه‌ند رۆمانى تری وه‌گێڕدراو بڵاو ده‌كاته‌وه و گوتى، "من هه‌موو ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌ی كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م به حه‌ز و ئاره‌زووی خۆمه، به‌رهه‌مێك ئه‌گه‌ر خۆم په‌سندی نه‌كه‌م و حه‌زم لێی نه‌بێ، ناتوانم هه‌قی خۆی بده‌مێ، به‌تایبه‌تی كه ته‌نیا له عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگێڕان ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌م به‌دڵ نه‌بێت بۆم ناكرێ.
"تا ئێسته له‌لایه‌ن هه‌ندێك ده‌زگه‌وه پێشنیاری وه‌رگێڕانی هه‌ندێك بابه‌تم بۆ كراوه، به‌ڵام ڕازی نه‌بووم و ڕه‌تم كردووه‌ته‌وه" ئازاد هاشم وای گوت.