ژمارەیەك ڕێكخراوی جەماوەری و حزبی لە شاری كەركووك ئاشكرای دەكەن لەلایەن پارێزگاری كەركووك هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای شارەكە دەدرێت، بۆیە خۆپێشاندان دژی ئەو هەوڵە ئەنجام دەدەین، چونكە ژیانی ئاشتی و كۆمەڵایەتی لەژێر مەترسیدایە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی ئایار، ڕێكخراوە جەماوەریی و حزبییەكانی شاری كەركووك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایان كرد، ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی "گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای كەركووك" و ناوچەكانی تری جێناكۆك بە ئەرك دەزانین.
لە پەیامێكی ئەو ڕێكخراوانە هاتووە، رێكخراوەكانی سەر بە حزبە كوردستانییەكان داوا دەكەین حكوومەتی عێراقی بەزووترین كات بێتە سەرخەت و پەرلەمانیش هەڵوێستی رژدیان هەبێت بۆ ئەو هەوڵەی لە كەركووك هەیە.
زیاتر ڕوونیان كردەوە، پێویستە نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئەركی خۆیان هەستن بۆ چارەسەری بارودۆخی نالەباری ئێستەی سنوورەكە، چونكە ئەگەر كێشەكان بە هەڵپەسێراوی بمێننەوە دەبێتە مایەی تێكچوونی ئاشتی كۆمەڵایەتی.
دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دۆخی كەركووك ڕۆژانە بەرەو خراپی دەچێت و لەلایەن پارێزگاری سەپێندراوی ئەو شارەش ڕۆژانە بڕیاری بۆ تێكدانی خانووی كوردەكان و هێنانی عەرەب بۆ گوندی كوردەكان دەردەچێت ئەوەیش وایكردووە دەنگی ناڕەزایەتی بەرز ببێتەوە.