چین لەسەر هواوی دێتە دەنگ و دوو كۆمپانیای ژاپۆنیش دەچنە پاڵ ئەمەریكا

:: PM:03:04:23/05/2019 ‌
لە كاتێكدا دوو كۆمپانیای ئەلیكترۆنی ژاپۆنی چوونە پاڵ گووگڵ و سزاكانی ترەمپ لەسەر كۆمپانیای هواوی، حكوومەتی چین بە فەرمی ناڕەزایەتی دژ بە ئەمەریكا لەسەر هواوی راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی ئایار، فاو فنگ گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی چین رای گەیاند كە وڵاتەكەی بڕیاری یارمەتیدانی كۆمپانیا چینییەكانی داوە دژ بە بڕیاری سزاكانی ئەمەریكا.

ئەوەشی خستەڕوو كە بە فەرمی ناڕەزایەتییان بە ئەمەریكا داوە لەسەر رێگرییەكانی كڕینی پێویستی ئەلیكترۆنی لە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان، داواش لە ئەمەریكا دەكات رێی عەقڵانی بگرێتەبەر و رێوشوێنە مەترسیدارەكانی دژ بە كۆمپانیا چینییەكان راست بكاتەوە.

هەوڵەكانی چین لە كاتێكدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كۆمپانیای هواوی و 68 كۆمپانیای تری چینی خستە لیستی رەش، دەستبەجێ كۆمپانیای گووگڵ پابەندبوونی خۆی بە سزاكانی ئەمەریكا راگەیاند كە كۆمپانیای دابینكەری سیستمی ئەندرۆیدە كە مۆبایلەكانی هواوی هاوشانی مۆبایلەكانی تری دنیا بەو سیستمە كار دەكەن.

دوای گووگڵ، چوار كۆمپانیای ژاپۆنی لە نێویاندا هەردوو كۆمپانیای تۆشیبا و پاناسۆنیك هەموو كارێكی بازرگانییان لەگەڵ هواوی هەڵپەسارد.

جو فلین گوتەبێژی كۆمپانیای پاناسۆنیك دووپاتی لە وەستانی هەموو مامەڵەیەكی بازرگانی لەگەڵ هواوی كردەوە بەهۆی گەمارۆكانی ئەمەریكا بۆ سەر كۆمپانیا چینییەكە.

زیاتر گوتی "مەرجەكانی ئەمەریكا كاریگەری لەسەر بەرهەمەكانی ئێمە دەبێت كە لە ئەمەریكا دروست دەكرێت، چونكە بەشێك لەو پێكهاتانەی كە دواتر دەیفرۆشێت بە هواوی لە ئەمەریكاوە دروست دەكرێن".


وشە - فه‌رمان سادق