شەڕی پۆست لەناو یەكێتی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ پلاندانان

:: PM:03:24:23/05/2019 ‌
هێشتا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پۆستەكانی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان یەكلا نەكردووەتەوە، ئەو حزبە ژمارەیەك پۆستی پێ دراوە و ئێستەیش كاندیدەكانیان كێبەركێ‌ لەسەر پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە و پلاندانان دەكەن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە لە نێوان چەند ئەندامێكی سەركردایەتی كێبەركێیەكی سەخت هەیە، هاوكات لەسەر پۆستی وەزارەتی پلاندانیش هەروەها.

بۆ پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل و مستەفا چاوڕەش لە كێبەركێیەكی سەختدان ئەوەیش هۆكار بووە بۆ ئەوەی چانسی جەبار یاوەر كەم ببێتەوە. هاوكات لەگەڵ ئەوەی پۆستی وەزارەتی پلاندانان بۆ دەرباز كۆسرەت یەكلا بووبووەوە، بەڵام ئێستە كەسێكی تر بەناوی كاروان مەحموود سەنگاوی خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە.

مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سوورە لەسەر كاندیدبوونی بۆ پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناكشێتەوە.

لەلایەكی ترەوە ئاشتی سابیر ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێشتا ناوی كاندیدەكان یەكلا نەكراوەتەوە، ئەوە پێویستی بە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتی یەكێتی هەیە.

ڕوونیشی كردەوە كێبەركێ‌ بۆ وەرگرتنی پۆست پێوەندی بە سیڤییەكانەوە هەیە و ئەوەیش كارێكی ئاساییە.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم