گرنگیدان بە تەندروستی
پرۆستات شتێكی پێویستە بۆ پیاوان و بۆ ئەوەش پێویستە زانیاریت لەبارەی كێشەكانی ئەو رژێنەوە هەبێت كە قەبارەكەی بەقەد دەنكە گوێزێكە و كەوتووەتە نێوان میزڵدان و ئەندامی نێرینەوە و كاریشی دەردانی شلەی تۆواوگە كە خۆراك بۆ سپێرمەكان دابین دەكات و دەیانپارێزێت، بۆیە لەكاتی پرۆسەی ئۆرگازمدا پرۆستات ئەو شلە لە رێگەی چووكەوە دەگوازێتە دەرەوە و بەشێوەی تۆواوگ دێتە دەرەوە. لە خوارەوە چوار كێشەی سەرەكی پرۆستاتن:
یەكەم/ هەڵاوسانی ئاسایی پرۆستات، واتە زیادبوونی قەبارەی رژێنەكە كە ناگاتە ئاستی شێرپەنجە. ئەو حاڵەتە لەگەڵ چوونە ناو تەمەن زیاد دەكات و لە نیشانەكانی:
*لاوازی و سستی لە میزكردن.
*هەستكردن بە بەتاڵ نەبوونی میزڵدان دوای میزكردن.
*دەستپێكردنێكی بەزەحمەتی میزكردن.
*پێویستی میزكردنی دووبارەبووەوە و هەستانی شەو بۆ ئەو مەبەستە.
*زیادبوونی مەترسی بە هەوكردنی بۆڕی میز.
*ئەگەری تووشبوون بە بەردی میزڵدان.
*بوونی خوێن لەناو میز و تووشبوون بە چۆڕەمیزكردن.
دووەم/ شێرپەنجەی پرۆستات، لە جۆرەكانی بڵاوی شێرپەنجەیە لە پیاوان لەپاڵ شێرپەنجەی پێست و لەگەڵ بەتەمەنداچوون ئەگەری دروستبوونی زیاتر دەبێت، سەرەتای دروستبوونی هیچ نیشانەیەكی دیاری نییە، بەڵام دواتر ئەو نیشانانەی هەیە.
كێشە لە میزكردن و لاوازی لە توانای فڕێدانی میز و بوونی خوێن لە تۆواوگ و هەستكردن بە نارەحەتی لە ناوچەی حەوز و ئازار لە ئێسقان و لاوازی لە رەقبوونی ئەندامی نێرینە.
سێیەم/ هەوكردنی پرۆستات، تووشی پیاوانی تەمەن بچووكتر دێت خوار 50 ساڵ و لە نیشانەكانی، ئازار و سووتانەوە لەكاتی میزكردن و سەختی لە میزكردن رەنگی تێری میز و میزكردنی چەندبارەی شەوانە و بوونی خوێن لە میز و ئازار لە ناوچەی سك و خوار پشت و گون و ئەندامی نێرینە و ئازار لەكاتی فڕێدانی تۆ و نیبشانەی وەك تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا.
چوارەم، ئاوسان و قەتیسبوونی شلە لەناو پرۆستات كە دەبێتە هۆی چوونی زیاتری خوێن بۆی و لە نیشانەكانی، سووتانەوە لەكاتی میزكردن و هەستكردن بەبەتاڵ نەبوونی میزڵدان و خێرا پەڕین و بوونی خوێن لەناو تۆواوگ و ئازار لەكاتی جووتبوون و لاوازیی رەقبوونی ئەندامی نێرینە.